ناحییەى باسرمە ….بە ئامادەبوونى وەزیرى پەروەردە و پارێزگارى هەولێر، قوتابخانەیەکى 9 پۆلى بنەڕەتی تێکەڵاو کرایەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.8.22، بە ئامادەبوونى د.ئالان حەمەسەعید، وەزیرى پەروەردە و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ڕزگار ئەنوەر، بەرپرسی لقی24ـی سفینی پارتی و ئۆلین فینۆ، نوێنەری ڕێکخراوی UNHCR، لە ناحییەى باسرمەى سنوورى قەزایی هەریر، لە ڕێورەسمێکدا قوتابخانەى 9 پۆلى (سەرسورە)ـی بنەڕەتی تێکەڵاو کرایەوە، کە (400) منداڵی خانەخوێ و ئاوارە و پەنابەرانی کەمپی سنوورەکە لێی سوود مەند دەبن.

لە ڕێورەسمەکەدا کە هەریەک لە قائیمقامى قەزایی هەریر و بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى هەولێر و بەڕێوەبەرى ناحییەى باسرمە و بەڕێوەبەری قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و ژمارەیەکى تر لە بەرپرسانی حزبی و حکومی ناوچەکە و مامۆستایان و سەرپەرشتیارانى پەروەردەیى ئامادەى بوون، دوای کردنەوەی قوتابخانه‌كه‌ و بەسەرکردنەوەى ژوور و هۆڵەکانی خوێندنی قوتابیان، پارێزگارى هەولێر، لە وتارێک، پیرۆزبایی لە دانیشتووانى ناوچەکە و بەڕێوەبەر و مامۆستایان قوتابیانی قوتابخانەکە کرد و ئاماژەى بەوەدا کە کردنەوەى ئەم قوتابخانەیە هەنگاوێکى ترى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستانە بە ئاڕاستەى پەرەپێدانى زیاتر بەکەرتى پەروردە و فێرکردن لە هەرێمى کوردستان.

هەروەها سوپاسی وەزیری پەروەردە و وەزارەتی پەروەردە کرد، کە لە پلان و بەرنامەی کاری وەزارەتدا هەمیشە تایبەتمەندی سنووری پارێزگای هەولێر لەبەرچاوگیراوە لە نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی قوتابخانەکان، هەروەها دەستخۆشی لە ناوەندی قەیرانەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر کرد، بۆ هەماهەنگی و هاوکارییان لەگەڵ ڕێکخراویی UNHCR، ئومێدیشى خواست پڕۆسەى خوێندن و پەروەردە لە سەرانسەرى هەرێمى کوردستان بە گشتیى و لە هەولێرى پایتەخت بەتایبەتى سەرکەوتنى زیاتر و دەرەنجام و دەستکەوتى بەرزى زانستى پتر بەدەستبهێنێ.

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، سەبارەت بە زۆر ناردنەوەی ئاوارە و پەنابەران، ئاماژەی بەوەدا، هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامێزی گەورەی بۆ ئاوارە و پەنابەران کردۆتەوە، بە فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەک لەگەڵ گەڕاندنەوەی بەزۆرەملێی ئاوارە و پەنابەران نین، تا ئەو کاتەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

جێگەى باسە، قوتابخانەی 9 پۆلی( سەرسورە)ـی بنەڕەتی تێکەڵاو لە سەر ڕووبەری (2500 مەتر چوارگۆشە) کە لەلایەن شارەوانی دابینکراوە دروستکراوە و پێکهاتووە لە (9) پۆلی خوێندنی قوتابیان، بە گووژمەی ( 500 هەزار دۆلار) لەلایەن رێکخراوی UNHCR بە هەماهەنگى بەڕێوەبەرایەتی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر و بە پاڵپشتی وەزارەتی پەروەردەى حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەڤەرەکە دروستکراوە.