مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال زمانی کوردی: زیاتر لە حەفتا قوتابخانەی زمانی کوردی لە شنگال هەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی قوتابییانی خوێندنی کوردی لە شنگال زیاتر دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە پەروەردەی شنگال زمانی کوردی، داوای کردنەوەی قوتابخانەی نوێ دەکات، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکەش، ئاشکرای دەکات: زیاتر لە حەفتا قوتابخانەی زمانی کوردی لە سنوورەکە ھەن، بۆ ئەمساڵی خوێندنیش ئامادەکاری کراوە و ھەشت قوتابخانەی نوێ کراونەتەوە.

ئێستا حەفتا قوتابخانە لە قەزای شنگال ھەن کە قوتابییان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤- ٢٠٢٥ تێیدا دەخوێنن و ژمارەیان زیاترە لە بیست و نۆ ھەزار قوتابی و لەناو کەمپەکان زیاتر لە ھەژدە ھەزار قوتابی ئێزدی ھەن کە بەھۆی ڕووداوەکانی شنگال تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنە شارەکە.
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرجەم پەرتووکەکانی بۆ چاپکردوون و ھیچ کێشەیەکیان نە لە شنگال و نە لە کەمپەکانی زاخۆ و سێمێل و شێخان لەو بوارەوە نییە و ئێستا سەرقاڵی دابەشکردنی پەرتووکی خوێندنن بەسەر قوتابییاندا.
قوتابخانەکانی شنگال لە ٢٠١٤ و ٢٠١٥ لەلایەن داعش وێرانکران و زۆرینەیان ڕووخێنران، تەواوی مامۆستا و قوتابییەکان ئاوارەبوون، بەڵام لەگەڵ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە لەلایەن ھێزی پێشمەرگە و گەڕانەوەی بەشێک لە خێزانەکان جارێکی تر لە سنووری ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو قوتابییانە دەستیان بە پرۆسەی خوێندن کردەوە.
پەروەردەی شنگال زمانی کوردی ئامادەکاری بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەکات، مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال زمانی کوردی، سەبارەت بە خوێندنی زمانی کوردی و ڕێژەی قوتابییان و ئامادەکاری بۆ ساڵی نوێی خوێندن، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: ھەر شتێک بۆ خوێندنی کوردی پێویست بێت دابینی دەکەین، بۆ ئەو مەبەستە ئەمساڵ ھەشت قوتابخانەی نوێمان کردوونەتەوە کە ھەندێک لەو قوتابخانانە ئامادەیینە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال زمانی کوردی، دەشڵێ: لە شنگال حەفتا قوتابخانەی کوردی ھەن، ئەگەر خەڵک بگەڕێتەوە زیاتر قوتابخانەی کوردی دەکەینەوە بۆ ئەوەی منداڵانی خەڵکی ئێمە لە خوێندن دانەبرێن.

ھەواڵی زیاتر