ئاسایشی هەولێر ئەو ئافرەتە دەستگیر دەكات كە ئازاری كچە تەمەن 4 ساڵانەكەی دابوو

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە دەستگیركردنی ئافرەتێكی بەڕەگەز عەرەبی راگەیاند كە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی ڤیدیۆی ئازاردانی كچە تەمەن 4 ساڵانەكەی بڵاوببووەوە.

ئاسایشی هەولێر رایگەیاند: دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی منداڵێکی بچووک لەلایەن ئافرەتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، لە لایەن تیمەکانمانەوە بەدواداچوون ئەنجامدرا.

راشیگەیاند: لە بەدواداچوونەكاندا دەرکەوت ئەو ئافرەتە بە ڕەگەز عەرەبی عێراقییە و ناوی (ز، و، م) خەڵکی شاری بەغدایە، بەمەبەستی کارکردن لە شاری هەولێر نیشتەجێیە.

هەروەها رایگەیاند: بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، ئافرەتەكەمان دەستگیر کرد.

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا كە لە لێکۆڵینەوەكاندا دەرکەوت ئەو منداڵەی لەلایەن ئافرەتەكەوە ئەشکەنجە دەدرێت کچێكی تەمەن (4) ساڵانە و منداڵی خۆیەتی و ماوەیەک دەبێت لە هاوسەرەکەی جیابۆتەوە.