ماوەی چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێکی ناڕاست و ناڕەوا دژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەشێک لە پەرلەمانتار و میدیاکان دەستی پێ کردووە و دەیانەوێت هۆکاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخەنە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو ڕێگایەوە چەندین زانیاریی ناڕاست لەسەر لیستی مووچە بڵاو دەکەنەوە، کە گوایە هۆکاری نەناردنی مووچە زیادبوونی تەمویلی مووچە و ژمارەی فەرمانبەرو مووچەخۆرەو هتد…..
ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بۆ ڕای گشتی دەخەینە ڕوو.
١- سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی ناوی مووچەخۆران لە نێوان هەرێم و بەغداد، دوای بەدواداچوون، دەرکەوتووە ئەو ناوانە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و زۆربەیان فەرمانبەرن بەپێی یاسا و دۆسیەی تەواویان هەیە، بەڵام لە حکومەتی عێراق سوودمەندن لە هاوکاریی چاودێریی کۆمەڵایەتی، واتە لە جیاتی ڕاگرتنی مووچە پێویست بوو وەزارەتی دارایی فیدراڵی هاوکارییەکە لای خۆیان ڕابگرن نەک مووچە، پێویست بوو لە کاتی بوونی سەرپێچیی یاسایی لەلایەن هەردوولاوە، ئیجرائاتی پێویست بکرایە، هەندێک حاڵەتی بوونی مووچە و هاوکاری لە یەک کاتدا بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان ڕێگە پێدراوە، ئەگەر بەدەر لەم حاڵەتە دووبارەبوونەوە هەبێت، ڕاستتر وابوو هاوکارییەکە ڕابگیرێت، نەک مووچە، لەبەر ئەوەی فەرمانبەرەکە لەڕووی یاساییەوە بۆ پێدانی مووچە هیچ گرفتێکی نییە، وە دەبوایە هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ لە ڕێی لیژنەی هاوبەشەوە بەدواداچوون و وردبینییان بۆ دۆسییەکان بکردایە و چۆنیەتیی سزا و بڕەکەیان دیاری بکردایە، کە ڕەنگە هەندێک لەم حاڵەتانە نایاسایی نەبێت، بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم.
٢- سەبارەت بە کێشەی نەبوونی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان، پێشتر ئاگاداری وەزارەتی دارایی فیدراڵمان کردووە کە پرۆسەی بایۆمەتری سەداسەد بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان نەکراوە، بە هەندێک هۆکاری جیاواز، لەوانە بوونی وارسی خانەنشین و بەشێکی تریشیان لە دەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبەن و هتد….. ئەوەش بەو مانایە نایەت ئەوەی کە بایۆمەتری نەبێت مووچەخۆر نییە، لەجیاتی ئیعتیماد لەسەر بایۆمەتری کە حکومەتی هەرێم بە فەرمی گوتویەتی تەواو نەبووە، باشتربوو وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی ئیعتیمادی لەسەر کارتی نیشتیمانی بکردایە کە هەموو هاووڵاتی و مووچەخۆرێک بە سەربازی و مەدەنییەوە هەیەتی لە تەواوی عێراقدا.
٣- بەشێکی تر لەو ناوە دووبارانەی لە لیستی مووچەدا هەیە بە تایبەت لە چەند وەزارەتێکى حکومەتى هەرێم کە یەکێک لە تێبینییەکانی تیمى هاوبەش دواى بە دواداچوون لەگەڵ وەزارەتەکان دەرکەوتووە ناوی چواریان دووبارەیە، بەڵام ناوی دایکیان و تەمەنیان جیاوازە (تشابە الاسماء)، وە هیچ یاساشکێنییەکی تێدا نییە، بەڵام بەبێ گەرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە نیازە مووچەیان ببڕێت، شایەنی باسە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕوونکردنەوەی پێویستی لەسەر ئەم بابەتە بۆ ناردوون.
٤- سەبارەت بە کێشەی مووچەی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەی کەرکوک و فەرمانگەکانى ترى کەرکوک کە میلاکیان لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستانە، ئەوەش کێشەیەکی کۆنە و لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە بەردەوامە تاکوو ئێستا وەکوو کێشەیەکی ماوە لە نێوان هەرێم و بەغداد درێژەی هەیە و پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتی هەیە، واتە ڕێککەوتنی سیاسی.
٥- سەبارەت بە زیادبوونى تەمویلی مووچەى نێوان مانگى (٦و ٧) ی ٢٠٢٤، بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، دەبێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم هاوتای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق بکرێت، بۆ ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێم بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی خانەنشینانی هاوتا کردووە و بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردووە و بڕی (٥٤،٢٠٨،٠٠٠،٠٠٠) پەنجاو چوار ملیار و دووسەد و هەشت ملیۆن دینار زیاد بووە، شایەنی باسە ئەگەر ئەم بڕە پارەیەی سەرەوە لە تەمویلی داواکراو بۆ مووچەی مانگی حەوت لاببەی، تەمویلی داواکراو نزیکەی ٩٥٦،٨٧٦،٠٠٠،٠٠٠ نۆ سەد و پەنجا و شەش ملیار و هەشت سەد و حەفتا و ملیۆن دینار دەمێنێتەوە کە نزیک و هاوشێوەی تەمویلی پێنج مانگی ڕابردووە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی خەرجی کردووە.
لە کۆتاییدا پێویستە هەموو لایەک ئاگادار بن حکومەتی هەرێم لە دوای ساڵی ١٩٩٢ وە دابڕانێکی دوورودرێژی لە بواری سیستەمی کارگێڕی و دارایی و ژمێریاری هەبووە، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی تا دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە شوباتی ئەمساڵ، تایبەت بە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان.
لە دوای ئەو بڕیارەوە، هەردوولا کاردەکەن بۆ ئەوەی ئیجرائاتە ئیداری و دارایی و یاسایی و ژمێریارییەکان یەک بخەن، کە ئەمەش کارێکی ئاڵۆز و پڕ گرفتە.
ئێمە لە ساڵی ڕابردووەوە کاری لەسەر دەکەین و بەردەوامیشین، ئومێدەوارین تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن.
وە داواکارین لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ هاوکار و هەماهەنگ بێت لەگەڵمان بۆ چارەسەرکردنی ڕێژەیەکی کەم لەو کێشە هونەرییانەی تا ئێستا چارەسەر نەکراوە، نەک ئیجرائاتی (تعسف) ی بەرامبەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات.
چونکە پێمان وایە ناکرێت بەبێ وردبینی و بەدواداچوون لەو تێبینییانە مووچەی فەرمانبەران ببڕدرێت تەنها بەبڕیارێکی ئیداری.
بە بیر هەموو لایەکی دەهێنینەوە دوای (٣١) ڕۆژ لە ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی، تا ئەم ساتە وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕیاری خەرجکردنی ( ١،٤٢٦،٠٠٠،٠٠٠ ) تەنها یەک ملیار و چوارسەد و بیست و شەش ملیۆنی دەرکردووە بۆ تەمویلی موچەی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی نەزاهە و دەستەی ژینگە، کە دەکاتە (%00.14) کۆی تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئیتر مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان خۆتان قەزاوەت بکەن کێشەکە ئیداری و دارایی و ژمێریارییە یان ســیاسـی؟
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری/ وەزارەتی دارایی و ئابووری
٢٠٢٤/٨/٢١