وەبەرهێنان لە کەرتی پیشەسازیی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە

لە چوارچێوەی دەستپێشخەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمەچەشنکردنی داهات و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، کەرتی پیشەسازی و بازرگانی هەرێمی کوردستان دەچێتە ناو قۆناغێکی نوێ.

لە ساڵی 2024 کەرتی بازرگانی و پیشەسازی زیاتر لە نێوەی مۆڵەتی نوێی وەبەرهێنانیان دەستەبەر کردووە. لە کابینەی نۆیەمدا، 406 پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوە، کۆی سەرمایەی پڕۆژەکان گەیشتووەتە 16 ملیار دۆلار.

بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، لە ساڵی 2024دا 40 پڕۆژەی وەبەرهێنانی نوێ لە سەرجەم کەرتە جیاوازەکاندا مۆڵەتیان پێدراوە. لەو ژمارەیە 15 مۆڵەت بە کەرتی پیشەسازی دراوە سەرمایەی پڕۆژەکان زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلارە. کەرتی بازرگانی هەشت مۆڵەتی وەرگرتووە بە وەبەرهێنانی زیاتر لە 55 ملیۆن دۆلار، لەکاتێکدا کەرتی گەشتیاری حەوت پڕۆژەی نوێی بەخۆیەوە بینیوە. سەرەڕای ئەوەش، کەرتەکانی پەروەردە، کشتوکاڵ، تەندروستی هەریەکەیان دوو مۆڵەتە نوێی وەرگرتووە، لە کەرتی وەرزشدا یەک مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە.


بەرگەشت ئاکرەیی روونیکردەوە، لە کابینەی نۆیەمدا 406 پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوە، کۆی سەرمایەی پڕۆژەکان 16 ملیار دۆلار بووە. کەرتی پیشەسازی بە 115 مۆڵەت زۆرترین وەبەرهێنانی تێداکراوە و کۆی سەرمایەی پڕۆژەکان سێ ملیار دۆلاری پێکهێناوە، ئەمەش لە بەرامبەر گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری.


ئاکرەیی ئاماژەی بەوەشکرد، جیا لە کەرتی پیشەسازی، کەرتی بازرگانیش گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و 101 مۆڵەتی وەرگرتووە کە سەرمایەی پڕۆژەکانی یەک ملیار دۆلارە. کەرتی گەشتیاری بە 54 مۆڵەت و وەبەرهێنانی سەرمایەی نزیکەی 750 ملیۆن دۆلار لە پلەی سێیەمدایە. هاوکات کەرتی نیشتەجێبوون کە پێدانی مۆڵەتی نوێ راگیراوە، 39 مۆڵەتی وەرگرتووە کە سەرمایەی گشتییان نزیکەی چوار ملیار دۆلار بووە.
پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان بە گوێرەی پارێزگاکان.


هەولێر
174 پڕۆژە
سلێمانی
90 پڕۆژە
دهۆک
80 پڕۆژە
ئیدارەی گەرمیان 
23 پڕۆژە
زاخۆ، راپەرین، ناوچەکانی دیکە
39 پڕۆژە


ڕۆژی 19ـی شوباتی 2024 دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ڕاگرتنی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنانی نوێ بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەرکرا، بە ئامانج رێکخـستـنەوەی کەرتی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی سـوودمەندبوونی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت و کرێنشینان. لە هەمان کاتدا، لە هەنگاونان بەرەو ئاراستەکردنی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، و گەشتیاریدا، هاوتەریب لەگەڵ ستراتیژی هەمەچەشنکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان.