پاسەوانانی سنوور کە سەر بە حکوومەتی فیدڕالین دەستلە کۆڵبەران ناپارێزن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

خەڵکێک لە هەر دوو دیوی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کۆڵبەری خەریکن و شتومەک ئاڵوگۆڕ دەکەن و هەر چەندە ئەو کارە زیاتر لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باوە و خەڵکێکی زۆر بژێوییان بەم کارە دابین دەکەن، بەڵام لە دیوی هەرێمی کوردستانیش ژمارەیەک گەنج ڕوویان لەم کارە کردووە کە مەترسیدارە و زۆر جار لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوور دەکرێنە ئامانج.

پێشتر حاڵەتەکانی قوربانی و تەقەکردن لە کۆڵبەران زیاتر لە دیوی ئێران دەبیسترا و ئامارەکانیش بەرچاون و هیچ هەفتەیەک نییە ژمارەیەک کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران نەکوژرێن یان بریندار نەکرێن.
لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی لە ناوچە جیاجیا سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران کوژراون زیاتر لە سی کەسە و زیاتر لە دووسەد کەسیش بریندار بوون.
به‌پێی ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، له‌ ماوه‌ی مانگی حوزه‌یرانی ئەمساڵدا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سێ کۆڵبەر کوژراون و حەوتی تر بریندار کراون. لە مانگی ئایاردا سێزدە کۆڵبەر کوژران یان بریندار کران . لە مانگی نیساندا سی و سێ كۆڵبه‌ر بریندار كرابوون و چوار كۆڵبه‌ر كوژرابوون. له‌ مانگی ئاداری ئه‌مساڵیشدا سەرووی نەوەد كۆڵبه‌ر له‌ سنووره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان کوژران یان بریندار بوون و لە مانگەکانی پێشتریش بە ژمارەی زیاتر کۆڵبەران بوونەتە قوربانی و بەشی زۆریان ڕاستەوخۆ لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران تەقەیان لێ کراوە.
حاڵەتەکانی تەقەکردن لە کۆڵبەران خەریکە لەم دیوەی سنووریش زیاد دەکات و چەندین حاڵەتی لێدان و ئەشکەنجە و بریندارکردن و تەنانەت کوشتن ڕووی داوە کە نوێترینیان ئارام خەلیلی تەمەن بیست و حەوت ساڵی خەڵکی گوندی سەرگەتی سەر بە شارەدێی بیارە بوو کە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممەی ڕابردوو لە سنووری لاوەکیی سیپەی هەورامان بە تەقەی ڕاستەوخۆی پاسەوانی سنووری عێراق کوژرا.
رووداوەکە زۆر هەژێنەر بوو و خەڵکی گوندەکەی تووڕە کرد و وەک کاردانەوە هەوڵی سووتاندنی بارەگای پاسەوانی سنووریان دا.
عەقید بارزان عوسمان گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە هەر ئەو کات بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو ڕووداوە کراوەتەوە و بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە وەرگیراوە کە تەقەیان کردووە.
لە هەندێک میدیا هەواڵی ئەوە بڵاو کراوەتەوە کە بکوژانی ئەو گەنجەی هەورامان دەستگیر کراوە بەڵام پۆلیس و هیچ دامەزراوەیەکی دیکەی فەڕمی ئەم هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە و ئەگەر ئەوانەی تەقەیان کردووە سزا نەدرێن لەوانەیە دەستیان بۆ کوشتنی گەنجانی کاسبکار لە داهاتوودا کراوەتر بێت.
جێی باسە چوار ساڵ لەمەوبەریش كۆڵبەرێک لە گوندی هانەی دن لەناوچەی هەورامان، بەناوی سەیوان قانع بانیشاری، بە تەقەی هێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراق كوژرا و بە ڕێكکەوتنی كۆمەڵایەتی كۆتایی بە دۆسیەکەی هێنرا.
سەرەتای ئەمساڵیش ژمارەیەک كۆڵبەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن پاسەوانی سنووری عێراق گیران و دواتر بە سەرتاشین و ئەشکەنجەدان و لێدان سووکایەتییان پێ کرا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدواوە بوو و هیچ کەسێک بەهۆی ئەم دەستدرێژییە سزا نەدرا.
دۆخی ئابووریی ئێران خراپه‌ و نه‌بوونی ده‌رفه‌تی كار و گرانی وایكردووه‌، خه‌ڵك له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كان بۆ دابینكردنی بژێوییان، هانا بۆ كۆڵبه‌ری ببه‌ن. لەم دیوەی سنوور دۆخەکە باشترە بەڵام کەمبوونەوەی دەرفەتەکانی کار هانی هەندێک لە گەنجانی داوە کە ڕوو لە کۆڵبەری بکەن و لەوە کارەساتبارتر ئەوەیە کە پاسەوانی سنووری هەرێمی کوردستان کە سەر بە حکوومەتی فیدراڵین خەریکە هەمان رێچکەی پاسەوانی ئەودیو سنوور دەگرنە بەر و راستەوخۆ تەقە لە کۆڵبەران و کاسبکاران دەکەن.

ھەواڵی زیاتر