هێمن سەید موراد، بەڕێوبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر:زیاتر لە بیست و پێنج هەزار پشتگیریمان داوەتە جووتیاران

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

قەدەغەی ھاوردەی بەروبوومی وڵاتان لە وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومی کشتوکاڵی ناوخۆیی وای کردووە جووتیاران ساڵ لە دوای ساڵ پەرەی زیاتر بە بەرھەمەکانیان بدەن، ئەمەش لەدوای بڕیارەکانی حکوومەت دێت بە ئامانجی زیاتر پاڵپشتیکردنی بەرھەمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان. جووتیارانیش دڵخۆشن بە ناردنە دەرەوەی بەروبوومەکانیان و سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکەن بۆ ئەو پاڵپشتییەی لە ئەوان دەکات، وەکو خۆیان دەڵێن، ئەوە ھاندەرێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی لە داھاتوودا زیاتر پەڕە بە کەرتی کشتوکاڵ بدەین. ھێمن سەید موراد، بەڕێوبەری گشتیی کشتوکاڵی ھەولێر، ڕاگەیاند، ئەمساڵ زیاتر لە بیست و پێنج ھەزار پشتگیریمان داوەتە جووتیارەکان.

حکوومەتی ھەرێم لە ڕێگەی پلان و پڕۆژەوە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرھەمە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکان بڕیاری قەدەغەی ھاوردە دەدات، ئەو بەرھەمانەی کە پێشووتر نرخیان کەمبوو جووتیاران وەکو ناڕەزایەتی لە شەقامەکان فڕێیان دەدا ئێستا بوون بە پڕکەرەوەی خواستی بازاڕەکان.
بەرھەمی کشتوکاڵی کوردستان زۆر زیادی کردووە و ئێستا بازاڕی ناوخۆ پڕ کراوەتەوە و، ھەناردەی دەرەوەی کوردستانیش دەکرێت، بەتایبەتی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، حکوومەتی ھەرێم زۆر گرنگی بە کردنەوەی کارگەی جۆراوجۆر دەدات بۆ ئەوەی بەرھەمەکانی کشتوکاڵ بە پیشەسازی بکرێت و بخرێتە بازاڕ، حکوومەت بازاڕی دەرەکی بۆ بەرھەمەکانی کشتوکاڵ دەدۆزێتەوە، گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێم بە کەرتی کشتوکاڵ بەردەوامی ھەیە، ئێستا چەندین پڕۆژەی گرنگی کشتوکاڵی لە شار و شارۆچکەکان لە بواری جێبەجێکردندان.
دوای ئەوەی چەندین بەرھەمی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوە کران، بڕیارە ئەمساڵیش بەرھەمی تر ھەناردەی دەرەوە بکرێت، حکوومەتی ھەرێم، ئاسانکاریی تەواوی بۆ ئەو بازرگانانە کردووە، کە دەیانەوێت بەرھەمی خۆماڵیی جووتیاران بنێرنە دەرەوە، ئەمەش دوای پڕکردنەوەی پێویستی ھاووڵاتییان و بەکاربردنی ناوخۆیی، بە ناو و ئاڵای کوردستانەوە ھەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێن.
چەند کارگەیەکی ناوخۆیی بە ھاوکاری و ھەماھەنگیی حکوومەت، بەرھەمی جووتیارانی کوردستان دەخەنە نێو تورەکە و کارتۆنی تایبەتەوە و لە سەریان دەنووسن “لە کوردستان دروست کراوە” دواتر ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوەیان دەکەن و لە بازاڕی وڵاتان دەفرۆشرێن.
دوای ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵێنی ئەوەی بە جووتیارانی داوە کە بەرھەمەکانیان لە ڕێی دۆزینەوەی بازاڕ لە دەرەوە ھەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێت، سەرۆکی حکوومەت بەڵێنەکەی بەجێگەیاند و توانرا بۆ یەکەمجار چەند جۆرێک لە بەرھەمی جووتیاران ڕەوانەی دەرەوە بکات و بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوەش پێمان دەڵێت، کە کشتوکاڵ لە ھەرێم ھەنگاوی گەورەی ناوە بەو پاڵپشتییەی حکوومەت کە بۆ بەرھەمی ناوخۆ دەیکات.
ھەرێمی کوردستان لە زۆربەی ئەو بەرھەمانەی کە بەرھەم دەھێنرێن، دەوڵەمەندە، لە کوردستان جووتیاری زۆر بە ئەزموون ھەیە، ئەو بەرھەمانەی ڕەوانەی دەرەوە کراون، حکوومەت کاری لەسەر کردوون لە ڕێی وەزارەتی کشتوکاڵ وەک ترێ، سێو، ھەنجیر، ھەروەھا لە ڕێی کۆمپانیایەکیش ھەریەکە لە برنجی کوردی، تەحین و سماق ھەناردەی دەرەوە کراون و بەسەر چەند وڵات دابەش کراون.
جووتیاران، دەڵێن، ھیچ ساڵێک وەکو ئەمساڵ بەروبوومی ئێمە باش نەبووە، خۆشبەختانە حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵ چەند ڕێنماییەکی دەرکردووە جگە لەوەی بەردەوام ھاوکاری ئێمە دەکەن، بەروبوومی ئێمە ھەناردەی دەرەوە دەکات، ئەوەش بۆ ئێمەی جووتیاران ھاندەرێکی باشە و وای لە ئێمە کردووە کە زیاتر گرنگی بە کشتوکاڵ کردن بدەین. حاجی وەسمان، جووتیارێکی ئیدارەی سۆرانە، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: بەرھەمەکانمان دەبەینە عەلوەکان و دەفرۆشین، ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر پەرە بە بەرھەمەکان دەدەین، بڕیارەکانی حکوومەت بۆ قەدەغەی ھاوردەی بەروبوومەکان وای کردووە بەرھەمەکانمان بە نرخێکی باش بخەینە بازاڕەکان.
نوری کەریم، جووتیارێکی دیکەیە، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، کاتێک بەروبوومی خۆمان پێ دەگات دەبێت حکوومەت دەروازەکان لەسەر بەرھەمی ھاوردە دابخات، بۆ ئێمەی جووتیاران زۆر باش دەبێت، ئەوە چەندین ساڵە حکوومەت ئەو کارە دەکات لە کاتی پێگەیشتنی بەروبوومی ئێمە ھاوردەکردنی بەروبوومی دەرەوە قەدەغە دەکات، ئەوەش لە بەرژەوەندی ئێمەی جووتیاراندایە، چونکە ھەم بەروبوومی ئێمە کڕیاری دەبێت، ھەمیش پارەیەکی باش دەکات.
شارەزایانی بواری کشتوکاڵ، دەڵێن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی گەورەی لە بواری کشتوکاڵ ناوە، کاتێک بڕیاری بردنە دەرەوەی بەرھەمی ناوخۆی دا بۆ وڵاتانی دەرەوە، ئەمە ئومێدبەخش بوو، جووتیار ھەمیشە لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمەکەی گەورەترین خەمی ئەوەی بوو چۆن ئەو بەرھەمە ساغ بکاتەوە و توشی زیان نەبێت و بتوانێت ڕەنجی ماندووبوونی وەربگرێتەوە، کردنەوەی بازاڕ لە دەرەوە ھەنگاوێکی گەورەبوو، ھەرێمی کوردستان دەتوانێت بەشێکی زۆری بەرھەمەکانی ڕەوانەی دەرەوە بکات.
شارەزایانی بواری کشتوکاڵ، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، حکوومەتی هەرێم ھەموو ڕێگایەکی گرتووەتەبەر بۆ زیاتر گرنگیدان بە گوندنشینان و زیاترکردنی بەرھەمی جووتیاران، ئەگەر کەرتی کشتوکاڵ لە ھەر وڵاتێک پێش بکەوێت، ئەو وڵاتە لەڕووی ئابوورییەوە بە ئاسانی داناکەوێت، بۆیە دەستخۆشی لە سەرۆکی حکوومەت دەکەین کە پشتیوانیی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵە، لەگەڵ ئەوەی کوردستان خاکێکی بەپیتی ھەیە و ئاویشی ھەیە، ھەر ئەوەش وای کردووە کە ڕۆژبەرۆژ خەڵکی گوند و ئاواییەکان لە شارەکان بگەڕێنەوە و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن و کاری ئاژەڵداری و جووتیاری بکەن.
ساڵانە لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی سەوزە و میوە ڕوو لە بەرزبوونەوەیە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ساڵ بە ساڵ ژمارەی جووتیاران زیاد دەبێت، لە ئێستادا بەشێک لە جووتیاران خەریکی دانانی باخی سێو، ھەنار و فستەقن، بەو پێیەی کەشوھەوای کوردستان بۆ زۆرێک لەو بەروبوومانە شیاوە. ھێمن سەید موراد، بەڕێوبەری گشتیی کشتوکاڵی ھەولێر، دەڵێت: زیاتر لە بیست و پێنج ھەزار پشتگیریمان داوەتە جووتیارەکان واتە زیاتر لە بیست و پێنج ھەزار بارھەڵگر و بازرگان ڕوویان لە ھەولێر کردووە و بەرھەمی جووتیاران دەکڕنەوە.
بەڕێوبەری گشتیی کشتوکاڵی ھەولێر، دەشڵێ: ساڵانی ڕابردوو کێشەی جووتیاران ئەوە بوو، بە ناچاری بەروبوومەکانیان ھەرزانفرۆش دەکرد و زیانیان دەکرد، بەڵام حکوومەتی ھەرێم لەم چەند ساڵەی دوای بە باشترین شێوە پاڵپشتی جووتیارانی ناوخۆ و بەرھەمەکانیان دەکات، بۆیە حکوومەتی ھەرێم لەم ڕووەوە زۆر پاڵپشت و ھاوکارە و دەیەوێت ئەم بوارە لە ھەموو لایەک پێش بکەوێت.

ھەواڵی زیاتر