سەرۆک بارزانی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێنایە دەنگ بۆ هەڵبژاردنێکی دادپەروەر و شەفاف و نەوعی

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە و ھەوڵ دەدات ئەو خشتەی کە دیاریکردووە وەکو خۆی جێبەجێ بکات، دوای پەسەندکردنی ناوی کاندیدان بانگەشەی ھەڵبژاردن دەست پێدەکات. مەروان محەممەد، بەرێوەبەری لقی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند، ھەر کەس و لایەن و کاندیدێکیش پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت، جگە لە سزای پێبژاردن سزای زیندانیکردن و بڕیاری دوورخستنەوەی بەسەردا دەدرێت، بەخشینەوەی چەکیش لە پێشێلکارییە گەورەکانە.

هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە
لەسەر داخوازییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک بارزانی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جەخت لە گرنگیی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە دەکاتەوە. ستیڤن بیتنەر، ‌کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا لە ھەولێر، بە جیا، لەگەڵ ھەر یەک لە سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت و بەرپرسانی دیکەی حزب و لایەنەکان کۆبوویەوە، ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، پۆستێکی لەبارەی کۆبوونەوەکانی ستیڤن بیتنەر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان، بڵاو کردەوە و جەخت لە گرنگیی کردنی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەراوەرانە کردووەتەوە، باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: ئێمە پابەندین بە کارکردن لەگەڵ ھاوبەشەکانمان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق لە ڕێگەی پرۆسەی دیموکراسییەوە.

حکوومەتی ھەرێم پێداویستییەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دابین دەکات
د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە مەروان محەممەد ساڵح، بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەڵبژاردنەکانی پارێزگای ھەولێر کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن و پێداویستییەکانی بۆ ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و بێ کەموکوڕی کرا.
بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەڵبژاردنەکانی پارێزگای ھەولێر تیشکی خستە سەر ژمارەیەک پێداویستی گرنک و ھەنووکەیی لەوانەش، دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێر، پۆلیسی بەردەوام و ھێلی ئەنتەرنێت بۆ بنکەکانی تۆمارکردنی دەنگدەران.
ھاوکات لەگەڵ دابینکردنی ژمارەیەکی زیاتری ئۆتۆمبێلی ئاگرگوژێنەوە بۆ کۆگاکانیان و چارەکردنی گرفتی کۆگاکان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و دابینکردنی چەند ئۆتۆمبێلێک بۆ ئۆفیسەکەیان بۆ باشتر ڕاییکردنی کارەکان، لە لای خۆیەوە سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر ھەموو پێداویستییەکان نیشان دا.

ھەر کەس و لایەنێک پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت، سزا دەدرێت
کاتی دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن نزیکبووەتەوە و چەند لایەنێکیش دابەشکردنی دەمانچەیان بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکارھێناوە و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانیش جەخت دەکاتەوە، ھەر کەس و لایەنێک پابەندی ڕێنماییەکانی بانگەشە نەبێت، سزا دەدرێت. مەڕوان محەممەد، بەرێوەبەری لقی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند: دوای پەسەند کردنی ناوی کاندیدان، بانگەشەی ھەڵبژاردن دەست پێدەکات، ھەر کەس و لایەن و کاندیدێکیش پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت، جگە لە سزای پێبژاردن سزای زیندانیکردن و بڕیاری دوورخستنەوەی بەسەردا دەدرێت، بەخشینەوەی چەک لە پێشێلکارییە گەورەکانە، وابڕیارە لەگەڵ پەسەندکردنی ناوی کاندیدان لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، دەست بە بانگەشەی ھەڵبژاردن بکرێت تاوەکو ٤٨ کاتژمێر پێش دەنگدانی گشتی بەردەوام دەبێت. بارزان قەساب، بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر، ڕایگەیاند، ھەر کەس و لایەنێک لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا، چەک ببەخشێتەوە ئەوا یاسای چەکی لەسەر جێبەجێ دەکرێت و ئاماژەی بەوەشکرد: ھیوادارین لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا، ھیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوو نەدات و وەک خۆی بەڕێوەبچێت، داوا لە حزب و کەسایەتییەکان دەکەین، بە چەکەوە بانگەشە نەکەن، چونکە ڕێگەپێدراو نییە.

ژمارەی دەنگدەران بۆ ھەڵبژاردن
کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەران بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و ھەشت سەد و نەوەد و نۆ ھەزار و ھەشت سەد و حەفتا و ھەشت کەسە، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و شەش سەد و ھەشتا و سێ ھەزار و شەش سەد و ھەژدە دەنگدەری گشتین و دوو سەد و پازدە ھەزار و نۆ سەد و شەست دەنگدەری تایبەتن.

١٩٠ ژمارەی لیستی پارتی دەبێت لە هەڵبژاردنەکە
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاشکرای کرد: نزیکەی ھەزار و سەد و نەوەد کەس خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کاندید کردووە، دوو ھاوپەیمانیی، سێزدە حزبی سیاسیی، ھەشتا و پێنج کاندیدی سەربەخۆ و سی و نۆ کاندیدی کورسیی کۆتا کە کۆی گشتیی دەکاتە سەد و سی و نۆ لیست، لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراون.
کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق تیروپشکی دووەمی بۆ پێدانی ژمارەی ھەڵبژاردن بۆ لیستی پارت، ھاوپەیمانی و کاندیدانی سەربەخۆی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد، ژمارەی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ١٩٠ـە.

ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان
کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، سەد کورسین، نەوەد و پێنجـیان گشتین و پێنجیشیان بۆ کۆتا تەرخان کراون، دابەشکارییەکەش بەم شێوەیە، ھەولێر ٣٢ کورسی، سلێمانی ٣٦ کورسی، دھۆک ٢٤ کورسی و ھەڵەبجە سێ کورسی، دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتا، ھەولێر دوو کورسی، سلێمانی دوو کورسی، دھۆک یەک کورسی.
بۆ ھەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی کوردستان، ھەزار و دوو سەد و شەست و شەش ناوەند و شەش ھەزار و سێ سەد و ھەژدە بنکەی دەنگدان ئامادە کراون، بۆ ھەڵبژاردنی تایبەت، کە ھێزە ئەمنییەکان دەگرێتەوە، سەد و شەست و پێنج ناوەند و حەوت سەد و چل و نۆ بنکەی دەنگدان لە سنووری ھەر چوار پارێزگای ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە ئامادە کراون.

٢٤ کاتژمێر دوای دەنگدان ئەنجامەکان ڕادەگەینرێت
عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتیشی: بڕگەیەکی دیکەی خشتەی کارەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جێبەجێ کرا کە “ھاوشێوەکردنە” واتا دەنگدانی ئەزموونی کە بریتییە لە پرۆسەی تاقیکردنەوە و پشکنینی ئامێرەکانی ھەڵبژاردن، دووپاتی کردەوە، ئامێرەکانیان زۆر پێشکەوتوون و “ھیچ کەموکوڕییەکمان نییە و لەوپەڕی ئامادەباشیداین، پرۆسەکەش بۆ دڵنیابوونەیە لە توانا، کارامەیی، سەلامەتیی وردی ئامێر و پرۆگرامەکان و ڕێکارەکانی کۆمیسیۆن بە مەبەستی گەیشتن بە بەرزترین ئاستی خۆ ئامادەکردن بۆ ھەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی، ھیچ کەموڕییەکیان لە ئامادەکارییەکانیان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە و تەنھا ٢٤ کاتژمێر دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان، ئەنجامەکان ڕادەگەیەنین.

ھەواڵی زیاتر