هەرێمی کوردستان بە بناغەی ئاسایشی عێراق دادەنرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەو هەڵبژاردنەی بڕیارە لە بیستی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و شەشەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی کوردستانی پێ دامەزرێنرێت بە یەکێک لە هەڵبژاردنە گرنگ و چارەنووسسازەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسیی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش زۆر بە بایەخەوە لێی دەڕوانێت.

هەڵبژاردنی ئەمجارە بایەخێکی نێودەوڵەتی هەیە
تا ئێستا پێنج خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوون، جاران کە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر بایەخێکی ناوخۆیی هەرێمایەتییان هەبوو، ئەم جارە بایەخێکی نێودەوڵەتیشی هەیە و هەر بۆیەش ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان خۆی لە نزیکەوە چاودێریی هەڵبژاردن دەکات و بەدەر لەمە لای وڵاتە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا بە تایبەتی ئەمەریکا بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لێک دەدرێتەوە کە سیاسەتەکەی ئەوەیە کوردستانێکی بەهێز لە ناو عێراقێکی سەربەخۆ دابمەزرێت.
عێراق لە مانای وشەدا سەربەخۆ نییە و ئەو مەترسییە هەیە کە هەموو ئەرک و ماندووبوونەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی و بەدیهێنانی وڵاتێک کە خەڵکەکەی ژیانێکی شایستەیان هەبێت، بە فیڕۆ بچێت. میلیشیاکان و گرووپە جیاوازەکان و هەندێک وڵات دەستیان خستووەتە ناو کاروباری و کاریگەریی ئەو دەستوەردانانەش بە ڕوونی لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بەدیار کەوتوون.

پێگەی بەهێزی کوردستان
هەرێمی کوردستان بە بناغەی ئاسایشی عێراق دادەنرێت چونکە لە لایەک هەرێمی کوردستان لە ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا دەستێکی باڵای هەبوو و لە لایەکی دیکە لە دامەزراندنی حکوومەتی نوێی فیدراڵی ڕۆڵی سەرەکی گێڕا و ئەگەر هەوڵەکانی کورد و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە قۆناغە جیاوازەکانی دوای ڕزگاربوونی عێراق نەبوایە لەوانەیە عێراق هەرگیز ئەو ئاسایش و سەقامگیرییە ڕێژەییەشی بەخۆیەوە نەدیتبا.
لە عێراق دەیان تەنگژە و قەیران سەریان هەڵداوە و هەرێمی کوردستان هاوکارێکی زۆر گرنگی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی بووە لە چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان، لە سەردەمی شەڕی تایفی هەرێمی کوردستان ناوبژیوانێکی زۆر باش بوو و ئەگەر ڕۆڵی سەرکردایەتی سیادسیی کورد نەبوایە قەیرانەکان دانەدەمرکان، لە قۆناغی دواتریشدا ئەگەر ڕۆڵی پێشمەرگە نەبووایە ئەوا داعش هێشتا بەشێک لە خاکی عێراقی بەدەستەوە بوو.

عێراق فشارەکانی زیادکردووە
هەرێمی کوردستان ئێستا لە دۆخێکدایە کە خۆی گیرۆدەی هەندێک کێشەیە و لەو لایەش بەغدا هەر ڕۆژە و بیانوویەکی پێ دەگرێ و لە مافە ڕەواکانی بێبەشی دەکات و تەنانەت دەرگای فرۆشتنی نەوتیشی لێ بەستووە. کورد بووە هۆی دامەزراندنی عێراقی نوێی فیدراڵی و چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە بەرانبەردا بەشێک لە عێراقییەکان خەون بەوە دەبینن کە کورد ئەو قەوارە سیاسییەشی نەمێنێت کە بە خوێنی سەدان هەزار شەهید دەستەبەری کردووە و نەیاران هەمان ئاوازی سەردەمی بەعس بۆ کورد دەژەنن.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و ئەمەریکا بە تایبەتی هەستی بەو مەترسییانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان کردووە و بۆیەش پێی وایە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و نیشاندانی نموونەیەکی تری دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان لە لایەک دەتوانێت هەرێمی کوردستان بەهێز بکات و بیپارێزێت لە لایەکی تر دەروازەی سەقامگیری عێراق لە سەقامگیریی کوردستانەوە دەبینێت.
بەرپرسە جیاوازەکانی ئەمەریکا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە ڕاشکاوی باسیان لە گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە و ئومێدیان خواستووە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە بکرێ و پابەندی خۆیشیان بە کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پاڵپشتیکردن لە قەوارەی سیاسیی دووپات کردووەتەوە.
ماوەی ڕابردوو ستیڤن بیتنەر، ‌کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر، بە جیا لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و سەرۆکی حزبەکان کۆ بووەوە. هاوکات باڵوێزی ئەم وڵاتە لە عێراقیش بە بایەخەوە باسی لەو پێوەندییانە کردووە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی داوە کە پابەندن بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق لە ڕێگەی پرۆسەی دیموکراسییەوە.
نوێنەری وڵاتانی تریش بە بایەخەوە لەم هەڵبژاردنە دەڕوانن و باڵوێز و نوێنەرانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی هەڵبژاردن دەکەن.
هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بۆ یەکەم جارە لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت، سیستمەکەی فرە بازنەیی و لە هەمان کاتدا ئەلیکترۆنییە، خەڵک لە چوارچێوەی لیست و هاوپەیمانێتی و تاکدا خۆیان کاندید کردووە و چاوەکان لەسەر هەرێمی کوردستانن بۆ ئەوەی قۆناغێکی نوێ لە بنیاتنان و سەقامگیری و ئاشتی لە کوردستانەوە دەست پێ بکات و دواتر بە هەموو عێراقدا بڵاو ببێتەوە.