ئەمڕۆ كۆتا ڕۆژە بۆ دابەشكردنی فۆرم لە كۆمەڵگەی پەروەردەیی هاوچەرخ

فەیسەڵ شێخانی – هه‌ولێر

ئەمڕۆ دابەشكردنی‌ فۆرم بۆ وەرگرتنی‌ قوتابیان لە كۆمەڵگەی‌ پەروەردەیی هاوچەرخی‌ ئینگلیزی‌ حكوومی‌ كۆتایی دێت و پڕۆسەی‌ تیروپشك و تاقیكردنەوەی‌ وەرگرتن دەست پێ دەكات. د. سۆران كەریم بەرپرسی دابەشكردن و وەرگرتنەوەی فۆڕمەكان بە “هەولێر” ـی ڕاگەیاند:” تا ئەمڕۆ 15000 فۆڕم دابەشكراوە و هەر ئەمڕۆش كۆتا ڕۆژی دابەشكردن و وەرگرتنەوەی فۆڕمەكانە”.

بۆ ئاگەداربوون لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی شێوازی دابەشكردنی فۆرم و وەرگرتنەوەی فۆرمەكان، مامۆستا لوقمان سەعید بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر، سەردانی قوتابخانەی “مامۆستا سەمیر”یان كرد بۆ مەبەستی ئاگاداربوون لە شێوازی دابەشكردنی فۆرم بەسەر دایك و باوكی قوتابیانی قۆناغی باخچە و قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی كە بۆ ئەمساڵ كۆمەڵگای پەروەردەیی هاوچەرخی ئینگلیزی دەكرێتەوە.
بە پێی‌ زانیارییەكان ئەم كۆمەڵگایە سەر بە وەزارەتی پەروەردەیە و دوای پڕكردنەوەی فۆرمەكان لەلایەن ستافێكەوە فۆرمەكان كۆ دەكرێتەوە و دوایی بۆ قۆناغی باخچە و پۆلی یەك بەشێوازی تیروپشك بەڕێوە دەچێت و بۆ قۆناغەكانی تر بەشێوازی تاقیكردنەوە قوتابییەكان وەردەگیرێن.
چەند زانیارییەكی گرنگ دەربارەی كۆمەڵگە پەروەردەییەكە:
كۆمەڵگەیەكی پەروەردەیی حكوومی بە سیستمی وەزارەتی پەروەردە (خوێندنی ئینگلیزی) لە هەولێر دەكرێتەوە، كە لە قۆناغی یەكەمی باخچەی منداڵان تا پۆلی دوانزەیەمی ئامادەیی زانستی لەخۆ دەگرێت.
لە بڵاوكراوەكەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر ئاماژە بە مەرج و پێوەرەكان كراوە كە پێویستە لە هەر قوتابییەكدا بەدی بكرێن بۆ ئەوەی فۆرمی پێشكەشكردن وەربگرن كە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
یەكەم/ باخچەی منداڵان: كە لە دوو قۆناغی KG1 و KG2 پێک دێت:

  • بۆ KG1 بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 تەنیا 50 پەنجا منداڵ وەردەگیرێت، ئەمیش لە ڕێگەی پڕكردنەوەی فۆرمی داواكاری و وەرگرتن بە تیروپشك دەبێت.
  • بۆ KG2 بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 تەنیا 50 پەنجا منداڵ وەردەگیرێت، ئەمیش لە ڕێگەی پڕكردنەوەی فۆرمی مەرجدار، تەواوكردنی پۆلی kg1 لە ساڵی پێشووتر و، ئینجا تیروپشكکردن.
    تێبینی: منداڵانی باخچەی حكوومی و ناحكوومی مافی پڕكردنەوەی فۆرمیان هەیە.
    دووەم/ قوتابیانی وەرگیراو لە پۆلی یەكی بنەڕەتی تا شەشی بنەڕەتی
  • بۆ پۆلی یەكی بنەڕەتی ساڵی خوێندنی 2024-2025 تەنیا حەفتاوپێنج قوتابی وەردەگیرێت ئەویش لە ڕێگەی پڕكردنەوەی فۆرم و پاشان هەڵسەنگاندنی IQ تێست ئەنجام دەدرێت، مەرجە قوتابی قۆناغی باخچەی منداڵانی تەواوكردبێت.
  • بۆ پۆلی دوو، سێ، چوار، پێنج و شەشی بنەڕەتی بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 بۆ هەر پۆلێك حەفتاوپێنج قوتابی وەردەگیرێت، ئەمیش لە ڕێگەی پڕكردنەوەی فۆرمی مەرجدار بەم شێوەیەی خوارەوە:
  • بۆ قوتابیانی قوتابخانەی حكوومی و ناحكوومیی لۆكاڵ پێویستە تێكڕای نمرەكانی بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە 90% کەمتر نەبێت.
  • بۆ قوتابیانی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی سابیس و قوتابخانە نێودەوڵەتییەكانی تر پێویستە تێكڕای نمرەكانی بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 كەمتر نەبێت لە 85%.
    تێبینی/ هەڵسەنگاندێك بۆ ئاستی زمانی (ئینگلیزی) ئەنجام دەدرێت.
    سێیەم/ وەرگرتن بۆ پۆلەكانی حەفت، هەشت و نۆی بنەڕەتی بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 تەنیا 120 سەدوبیست قوتابی بۆ هەر پۆلێك وەردەگیرێت.
  • بۆ قوتابیانی قوتابخانەی حكوومی و ناحكوومیی لۆكاڵ پێویستە تێكڕای نمرەكانی بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 كەمتر نەبێت لە 90%.
  • بۆ قوتابیانی قوتابخانەی نێودەوڵەتی سابیس و قوتابخانە نێودەوڵەتیەكانی دیكە پێویستە تێكڕای نمرەكانی بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 كەمتر نەبێت لە 85%.
    پاش ووردبینیكردنی فۆرمەكانی پێشكەشكردن ڕۆژێك دیاری دەكرێت كە بۆ هەڵسەنگاندنێكی زانستی بە زمانی ئینگلیزی (بیركاری، زانست و ئینگلیزی) ئەنجام دەدرێت، قوتابی لە یەك ڕۆژ و لە یەك كاتدا وەڵامی پرسیارەكان دەداتەوە، کە وەك هەڵسەنگاندنی نیشتیمانی پە پەڕەی سۆما دەبێت.
    چوارەم/ پێشكەشكردن بۆ پۆلەكانی 10 و 11 و 12ی ئامادەیی زانستی:
  • بۆ پۆلی 10ی ئامادەیی تەنیا 120 قوتابی وەردەگیرێت.
  • بۆ پۆلی 11ی ئامادەیی تەنیا 120 قوتابی وەردەگیرێت.
  • بۆ پۆلی 12ی ئامادەیی تەنیا 125 قوتابی وەردەگیرێت.
    ڕێگەی پڕكردنەوەی فۆرمی مەرجدار دەبێت بەم شێوەیەی خوارەوە بێت:
  • بۆ قوتابیانی قوتابخانەی حكوومی و ناحكوومیی لۆكاڵ پێویستە تێكڕای نمرەكانی بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 كەمتر نەبێت لە 90%.
  • بۆ قوتابیانی قوتابخانە نێودەوڵەتییەکەی سابیس و قوتابخانە نێودەوڵەتییەكانی تر پێویستە تێكڕای نمرەكانی بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 كەمتر نەبێت لە 85%
    تێبینی/ بۆ پۆلی 12ی ئامادەیی تەنیا دەرچووانی ساڵی خوێندنی 2023-2024 وەردەگیرێن.
    پاش جیاكردنەوەی فۆرمەكان هەڵسەنگاندنێك بە زمانی ئینگلیزی لە وانەكانی (بیركاری، كیمیا، فیزیا، بایلۆجی و ئینگلیزی) ئەنجام دەدرێت، كە قوتابی لە یەك ڕۆژدا و لە یەك كاتدا هاوشێوەی تاقیكردنەوەی نیشتمانی بە پەڕەی سۆما ئەنجام دەدرێت.
    لە كۆتایی بڵاوكراوەكەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هاتووە، رێكەوتی دەستپێكردن بە دابەشكردنی فۆرم لە ڕۆژی سێشەم 13ـی ئاب دەست پێ دەكات و دوا كات بۆ گەڕاندنەوەی فۆرمەكان رۆژی سێشەم 20ـی ئاب دەبێت و پێویستە فۆرمەكان بۆ ئەو ناوەندانە بگەڕێندرێنەوە كە فۆرمیان لێ وەرگیراوە، ڕۆژانەیش فۆرم لە سەعات نۆی بەیانی تا یەكی نیوەڕۆ دابەش دەكرێت لە قوتابخانەی مامۆستا سەمیر نزیك نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا لە هەولێر.