بەنداوی ئاقووبان تەواو كرا, توانای گلدانەوەی ٢.٦ ملیۆن مەتر سێجا ئاو

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ بنیاتنانی به‌نداو له‌ شوێنه‌ پێویسته‌كانی كوردستان، كار ده‌كات له‌ پاراستنی سامانی ئاو و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئێستا به‌نداوی ئاقووبان كه‌ توانای گلدانه‌وه‌ی ٢.٦ ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه‌، به‌گوژمه‌ی زیادتر له‌ هه‌شت ملیار دینار ته‌واو بووه‌.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ هاووڵاتیان و كوردستان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ مه‌به‌ستییه‌تی ئاسایشی ئاو له‌ سنووره‌كه‌ی بپارێزت، ڕشتانه‌ كار له‌ بنیاتنانی به‌نداو له‌ ناوچه‌كانی كردووه‌، سه‌رباری ئه‌و به‌نداوانه‌ی ته‌واو بوونه‌ و ئێستا كار له‌ چه‌ندان به‌نداو دی ده‌كرێت، به‌نداوی ئاقووبان كه‌ توانای گلدانه‌وه‌ی ٢.٦ ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه‌، ته‌واو بوووه‌ و خاڵێكی دی زیادكرد له‌ پاراستنی ئاسایشی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستان.
١٨ی ئابی ٢٠٢٤، فه‌رمانگه‌ی میدیاو زانیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ته‌واوبوونی بنیادنانی به‌نداوی ئاقووبانی ڕاگه‌یاند، به‌نداوی ئاقووبان ڕووبه‌ره‌كه‌ی چوار سه‌د هه‌زار مه‌تر دووجایه‌ و به‌رزییه‌كه‌ی سی و یه‌ك مه‌تره‌ و توانای گلدانه‌وه‌ی ٢.٦ ملیۆن مه‌ترسێجا ئاوی هه‌یه‌.
به‌نداوی ئاقووبان به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی ئاوی ژێر زه‌وی، گه‌شتیاری، بواری ماسی و ئاودێری سودی لێ وه‌رده‌گیرێت و لایه‌نێكی دیكه‌ی گرنگی به‌نداوه‌كه‌، پاراستنی ژینگه‌یه‌ و ڕێگرده‌بێت له‌ ڕوودانی لافاو و زیانگه‌یاندن به‌ بناوچه‌كه‌.
به‌پێی داتاكان، پار چوار به‌نداو به‌توانای كۆگاكردنی سی ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ته‌واو كراوون، كه‌ به‌نداوی چه‌مرگه‌ له‌ پارێزگه‌ی هه‌ولێر و به‌نداوی دێوانه‌ له‌ پارێزگه‌ی سلێمانی و به‌نداوی خنس له‌ پارێزگه‌ی دهۆك و به‌نداوی تووڕه‌جاڕیش كه‌وتووه‌ته‌ سنووری ناوچه‌كانی گه‌رمیان.
به‌هۆی بڕینی به‌شه‌ بوودجه‌كه‌ی به‌نایاسایی له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستان چه‌ندان به‌نداو دوای ئه‌وه‌ی قۆناغێكیان له‌ كاری بنیاتنانی لێ جێبه‌جێكرا، كاركردن تێیاندا وه‌ستا، وه‌ك به‌نداوه‌كانی زه‌لان، به‌نداوی چه‌قچه‌ق دوو، به‌نداوه‌كانی خۆرنه‌وازان، بانوی تاڵه‌بان، شه‌وگێڕ، به‌نداوی گۆمه‌سپان، به‌نداوی نازه‌نین، به‌نداوی ئاقوبان له‌ هه‌ولێر، به‌نداوی سبنه‌ دوو، له‌گه‌ڵ گه‌لی به‌نداوه‌ له‌ دهۆك و هتد.
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش و نه‌ناردنی به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی زیادتر له‌ ده‌ ساڵ، كاركردن له‌ بنیاتنانی شه‌ش به‌نداو ده‌ستی پێكرد، وه‌ك به‌نداوی گۆمه‌سپان یه‌كێكیانه‌ كه‌ توانای كۆگاكردنی نه‌وه‌ت و حه‌وت ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه‌ له‌ هه‌ولێر، به‌نداوی ئاقووبانیش به‌ توانانی كۆگاكردنی زیادتر له‌ دوو ملیۆن و نیو مه‌تر سێجا ئاو له‌ هه‌ولێره‌، به‌نداوی شه‌وگێڕیش كه‌ توانای كۆگاكردنی دوو ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه‌ له‌ كۆیه‌ بنیات ده‌نرێت، به‌نداوی سبنه‌دوو به‌ توانای كۆگاكردنی شه‌ش ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو له‌ دهۆك جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌نداوی بانوی تاڵه‌بان به‌ توانای كۆگاكردنی سێ ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو كار له‌ بنیاتنانی ده‌كرێت و به‌نداوی نازه‌نینیش، كه‌ توانای گلدانه‌وه‌ی دوو ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه‌، ئێستا كار له‌ ڕۆنانی ده‌كرێت.
به‌پێی ماسته‌ر پلان وكاری حكوومه‌ت، ده‌یان به‌نداوی گه‌وره‌ و بچووك بنیات ده‌نرێن، بنیاتنانی به‌نداوی مه‌نداوه‌ به‌ توانای كۆگاكردنی سێ سه‌د و سی ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو له‌ هه‌ولێر، دروستكردنی به‌نداوی دێگه‌ڵه‌ به‌ توانای كۆگاكردنی سه‌د ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو له‌ سلێمانی و به‌نداوی ته‌قته‌ق به‌توانای كۆگاكردنی سه‌د ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو له‌ كۆیه‌ و به‌نداوی باكرمان به‌ توانای پێنج سه‌د ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو له‌ دهۆك، له‌گه‌ڵ ڕۆنانی به‌نداوی كه‌لار به‌رده‌سوور به‌ توانای كۆگاكردنی سه‌د و حه‌فتا ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگه‌ی دروستكردنی به‌نداو له‌ شێوێنه‌ جیا جیاكانی كوردستان، مه‌به‌ستییه‌تی ئاسایشی ئاو له‌ كوردستان بپارێزێت و له‌ ڕێگه‌ی گلدانه‌وه‌ی ئاو ئاستی ژێرخانی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رزبكاته‌وه‌ و زه‌وی زیادتری كشتوكاڵی بۆ جوتیاران فه‌راهه‌م بكات، هاوكات جوڵه‌ی زیادتریش به‌ كه‌رتی گه‌شتیاری كوردستان ده‌دات.