ئەمریکا پشتیوانیی و هەماهەنگی زیاتری وڵاتەکەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە

وەزیری پێشمەرگە پێشوازی لە بەرپرسی نوسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کرد.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە  کۆڵۆنێڵ  گیڤن رایس، بەرپرسی نووسینگەی  هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتی  ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و مێجەر تۆم ستاوفەر،  یاریدەدەری پاشکۆی سەربازی ئەمریکا لە عێراق کرد.

لەو دیدارەدا، وەزیری پێشمەرگە بەگرنگیەوە باسی لە دۆخی ئەمنی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد، هەروەها پەیوەست بە پرۆسەی چاکسازی وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند؛  چاکسازی بەردەوامە و جددین لە گەیاندنی پرۆسەکە بە دەرئەنجامی کۆتایی و دەمانەوێت یەک یەکەی ژمێریاری یەکگرتوو لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە بنیات بنێن بە هاوکاری دۆستەکانمان لە هاوپەیمانی نێوودەوڵەتی.

لەبارەی درووستکردنی فیرقەکان ،وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: بەردەوامین لە بنیاتنانی فیرقەی زیاتر بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە پێناو درووستبوونی هێزێکی نیشتمانی تۆکمە.

لەکۆتاییدا، کۆڵۆنێڵ گیڤن رایس سەبارەت بەو بەرەوپێشچوونانەی روویداوە لە پرۆسەی چاکسازیی دڵخۆشی خۆی دەربری، هاوکاری و پشتیوانی و هەماهەنگی زیاتری ووڵاتەکەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە.