چاوەڕوان دەکرێت ڕێژەی هاتنی گــــــــــەشتیاران لەمساڵدا ٨ ملیۆن تێپەڕینێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کوردستان ناوچەیەکی ناوازە و سرووشتێکی سەرنجڕاکێش و نایابی ھەیە، ھەر گەشتیارێکی بیانی کە دێت، بە جوانی و میواندۆستیی خەڵکی کوردستان و ئەو خزمەتانەی کە لەلایەن چالاکییە گەشتیارییەکانەوە پێشکەشیان دەکرێت سەرسام دەبێت. ئیبراھیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئەمساڵ شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان جمەیان دێت لە گەشتیاران، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر زیاترە. دەشڵێ: بە دەیان پڕۆژەی گەشتیاری لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، ئەوەش وا دەکات کە ژێرخانی کەرتی گەشتیاری بەرەو باشتر بچێت.

وەزری زێڕینی گەشتیارییە
ھەرێمی کوردستان چەندین فاکتەری گرنگی ھەیە بۆ ڕاکێشانی گەشتیار، گرنگترینیان، سەقامگیری دۆخی ئەمنی، سرووشتی سەرنجڕاکێش، مامەڵەی گونجاوی ھاووڵاتییان لەگەڵ گەشتیاران و ئاسانکارییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گەشت کردن. وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئێستا ئێمە لە وەرزی زێڕینی گەشتیاری داین، واتە زۆربەی گەشتیاران کە دێنە ھەرێمی کوردستان لەم وەرزەدا ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، دوای داخستنی دەرگای قوتابخانەکان ڕۆژبەرۆژ ژمارەیەکی یەکجار زۆری گەشتیار ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
ژمارەی گەشتیارانی ئەمساڵ زۆر زیاترن
بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە حەوت ملیۆن و پێنج سەد ھەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە، بۆ ئەمساڵیش چاوەڕوان دەکرێت ژمارەکە بەربەستی ھەشت ملیۆن گەشتیار تێبپەڕێنێت. ئیبراھیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، گوتی: ئەو گەشتیارانەی ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن زیاتر گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە خۆ دەگرێت، گەشتیارانی وڵاتانی دیکەش گەشت بۆ ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوەش وای کردووە کە شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان جمەیان بێت لە گەشتیاران، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر زیاتر دەبێت ئەوەش ئامانجی ئێمەیە کە ساڵ بە ساڵ ژمارەی گەشتیاران بەرزتر بکەینەوە.
بە دەیان پڕۆژەی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێن
یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پاڵپشتیی کەرتی گەشتوگوزارە، وەک سەرچاوەیەکی گرنگی داھات، بایەخدان بەو کەرتە بەپێی پلانێکی درێژخایەن بەردەوام دەبێت، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین شوێنی گەشتیاریی لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان دروست کردووە، ئەوەش وای کردووە کە ڕێژەی ھاتنی گەشتیاران ١٠٠% زیاد بکات. ئیبراھیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان پڕۆژە گەشتیارییەکان جێبەجێ دەکرێن، ئەوەش وا دەکات کە ژێرخانی کەرتی گەشتیاری بەرەو باشتر بچێت.
ھەرێمی کوردستان سێ جۆر گەشتیاری ھەیە
ھەرێمی کوردستان سێ جۆر گەشتیاری ھەیە، ئەوانیش گەشتیارانی ناوخۆیین کە لە ناوچەیەکەوە ڕوو لە ناوچەیەکی دیکە دەکەن بە مەبەستی گەشتکردن. جۆری دووەم گەشتیاری عێراقین کە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێن و گەشت بۆ ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کورستان دەکەن، ئەم جۆرەیان زیاتر لە وەرزی ھاوین و پشووەکاندا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن. ھەرچی جۆری سێیەمە، بریتییە لە گەشتیاری بیانیی، ئەم جۆرەیان زیاتر لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ئەورووپی و بەشەکانی دیکەی جیھانەوە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن.
کەرتی گەشتیاریی لە پێشەوەی ھەموو سێکتەرەکانی دیکەوەیە
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پەرەدان بە کەرتی گەشتیاری بایەخێکی زیاتری بە بەھێزکردنی ژێرخانی گەشتیاری داوە، ئەمەش لە چوارچێوەی کارنامەی حکوومەتی ھەرێم بۆ فرە چەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات بۆ ئەمەش بە بەھای چوار ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلار وەبەرھێنان لەو کەرتە کراوە. بەگوتەی بەرپرسانی کەرتی گەشتیاری ئێستا کەرتی گەشتیاریی ھەرێمی کوردستان بەڕێژەی زیاتر لە ٤٢% لە پێشەوەی ھەموو سێکتەرەکانی دیکەوەیە، ئێستا ئاستی گەشتیاری بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو ھەنگاوی زۆر باشی ناوە و داھات زۆر زیادی کردووە. ئەو میوان و گەشتیارانەی کە لە باشوور و ناوەراستی عێراقەوە یاخود لە دەرەوەی وڵاتەوە دێنە ناو ھەرێمی کوردستان، دەبنە ھۆی بووژاندنەوەی بازاڕ و مارکێتینگێکی باشیش بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، جگە لەوەی دەبێتە ھۆی بانگەشە بۆ گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان.
زیاتر لە ھەزار کۆمپانیای گەشتیاری و فڕۆکەوانی ھەن
ئیبراھیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: ئەو کۆمپانیانەی کە لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە گەشتیار بۆ ھەرێمی کوردستان دێنن ئەو کۆمپانیانەن کە لە بەغدا تۆمار کراون کە زیاتر لە ھەزار و دوو سەد کۆمپانیا دەبن، لە ھەرێمی کوردستانیش زیاتر لە حەوت سەد کۆمپانیا ھەن، بەڵام ئەو کۆمپانیانەی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەن ھەموو گەشتیار ناھێنن، بەڵکو ھەندێکیان گەشتیار بۆ دەرەوەی ھەرێمی کوردستان دەبەن.

ھەواڵی زیاتر