بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دۆخی ئێستای بازاڕی زێڕ لە هەرێمی کوردستان بە جۆرێکە دووکانی زێڕینگران پڕ زێڕ و خاڵییە لە کڕیار، بەگوتەی زێڕینگران، کڕین و فرۆشتن ٧٥% کەمبووەتەوە، ئەوانەی پێشتر ٥٠ مسقاڵ زێڕیان بۆ هاوسەرەکانیان دەکڕی ئێستا تەنها ١٥ مسقاڵ بگرە کەمتریش دەکڕن، هۆکاری ئەمەش گرانبوونی نرخی زێڕە، بەگوتەی شارەزایان پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەم ساڵ نرخەکەی زۆر زیاتر بەرزببێتەوە. توێژەرێکی کۆمەڵایەتییش، دەڵێت: ئەگەر هاوسەرگیری لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ڕێگەیەکی دروستی ئامانجدار بێت، پێویست ناکات زێڕ و پارەی زۆر بکرێتە پێوەر.

لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان جارێکی تر نرخی زێڕ بەرزبووەوە، بەجۆرێک نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار ٢١ بە پێنج سەد و سی هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەوەش بەهۆی ململانێی سیاسییەکانە، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە بۆرسەی جیهانی و ئەو خواستە زۆرەی لەسەر ئەم کانزایە پەیدابووە، هۆکارەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەتایبەت سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، کە جۆرێک لە ناسەقامگیری ئابووری لە جیهاندا دروستکردووە، پێشبینی دەکرێت هێشتا نرخی زێڕ زیاتر بەرزببێتەوە.
زێڕ، لە زۆربەی وڵاتان بووە بە بەشێک لە کولتوور، هەرچەندە زێڕ وەکو پێشەکی و پاشەکی لە پرۆسەی هاوسەرگیری بۆ ئافرەتان دیاری دەکرێت و کچ و ژنانیش لە بۆنەکان وەک بەشێک لە جوانکاری بەکاردەهێنن، بەڵام لە هەمانکاتدا دەبێتە بارێکی گران بۆ کوڕان، بەتایبەتی لەو کاتانەی نرخەکەی بەرزە. بە بۆچوونی بەشێک لە کوڕ و کچان ئەگەر پێکەوە بەختەوەربن، زێڕ نابێتە مەرج بۆ پێکهێنانی ژیانی پێکەوەبوونیان.
لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نرخی زێڕ لەلایەن سەندیکای زێڕینگرانەوە بڵاو دەکرێتەوە، ئەو زێڕەی کە دێتە کوردستان زۆربەی لە ئیمارات و تورکیاوە دێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان زیاتر زێڕی عەیار ٢١ کڕین و فرۆشتن پێوە دەکەن.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار و پێنج سەد پێشانگەی زێڕ و بە دەیان کۆمپانیای بازرگانی هاوردە و هەناردەی زێڕ و ئەلماس و بەردە بەنرخەکان هەن، پێشانگەکان بەشێوەی تاک زێڕی دروستکراو دەفرۆشن و زێڕی کۆن و شکاویش لە خەڵک دەکڕنەوە، دوای تواندنەوەی بە قاڵب بە کۆمپانیاکانی زێڕ دەفرۆشنەوە، ئەوانیش قاڵبە زێڕەکان بە بازرگانانی تورکیا و ئیمارات دەفرۆشنەوە، لە بەرامبەریشدا زێڕی دروستکراو هاوردە دەکەن.
محسن سەعیدی زێڕینگر، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” دەڵێت: کاتێک نرخی زێڕ هەرزان بوو، هاووڵاتیی هەبووە بۆ هاوسەرەکەی زیاتر لە ٨٠ مسقاڵ زێڕی کریوە، بەڵام ئێستا کە نرخی زێڕ گرانە و ڕۆژبەڕۆژیش گرانتر دەبێت، هاووڵاتییان لە کاتی پێکهێنانی پڕۆسەی هاوسەرگیری ١٠ تا ٢٠ مساڵ زێڕ بگرە کەمتریش دەکڕن.
شێرزاد خانەمیر، کە تازە ژنی مارە کردووە و خەریکی کڕینی زێڕ بوو، بە “هەولێر:”ـی گوت: ئێستا ژنم مارەکردووە خۆش یان ناخۆش دەبێت زێڕ هەر بکڕم، بەڵام ئەوەی بووتە جێگەی نیگەرانی من و بە سەدانی گەنجی دیکە نرخی زێڕ زۆر گرانە، زۆر گەنج هەنە لەبەر گرانبوونی نرخی زێڕ ژیانی هاوسەرگیری پێکناهێنن، هیوادارین نرخی زێڕ دابەزێت، بۆ ئەوەی نەبێتە ڕێگر لەبەردەم پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری لە نێوان گەنجاندا.
مونیر حەمید، توێژەری کۆمەڵایەتی، بۆ “هەولێر” دەڵێ: بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بەم ڕێژە زۆرە، بارگرانییەکی زۆری دروست کردووە بۆ گەنجان، ئەگەر هاوسەرگیری لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ڕێگەیەکی دروستی ئامانجدار بێت، ئەوا پێویست ناکات زێڕ و پارەی زۆر بکرێتە پێوەر، ناکرێت باری ئابووری و کڕینی زێڕ بخرێتە پێش بنەمای خۆشەویستی و ڕێزگرتن، لەگەڵ ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی ڕێژەی قەیرەیی، لایەنی داراییە، بۆیە گرنگە ئەگەر کچ و کوڕێک بیانەوێت بە یەکتر بگەن، دەبێت ڕێز و خۆشەویستی لە نێوانیان هەبێت، نەک هەموو شتێک.
بەگوتەی نوێنەری زێڕینگران لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کە بۆ “هەولێر” قسەیان کردووە، زێڕ لەوەتەی هەیە بەردەوام نرخەکەی هەڵکشان و داکشانی بەخۆیەوە بینیوە، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، پەیوەندی بە دۆخی ئەمریکا و کێشە و ئالۆزی وڵاتانەوە هەیە، ئەگەر وا بڕوات لە داهاتوودا نرخی زێڕ زیاتر بەرز دەبێتەوە.

ھەواڵی زیاتر