ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر: داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان پرۆسەیە و بەردەوام دەبێت

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بە پرۆسەی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان، ڕایگەیاند: ئەو پاڵاوگانەی لەپێناو گیرفانی خۆیان و دوو دینار و دۆلار، مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ ناکەن، لێیان قەبوڵ ناکرێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، جەختی لە بەردەوامی پرۆسەی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان کردەوە کە مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ ناکەن و وتی: داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان پرۆسەیە و بەردەوام دەبێت. پارێزگاری هەولێر، وتیشی: سەرباری ئەوەی پاڵاوگەکان سووتەمەنی خەڵک دابین دەکەن و سەرمایەی زۆریان بۆ خەرج کراوە، بەڵام ئەوەی بابەتی لە پێشینەی ئێمەیە، وەستانەوەیە لە ڕووی هەموو ئەوانەی دەبنە هۆکاری پیسبوونی ژینگە و چاوپۆشیان لێ ناکرێت، بە شەو و ڕۆژ بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و دادەخرێن تا مەرجەکانی ژینگەیی جێبەجێ دەکەن.
ئومێد خۆشناو، ئەوەشی ڕاگەیاند :ئەو پاڵاوگانە سەرچاوەی کار و ژیانی هەزاران خەڵکە و پێویستیی سووتەمەنی دانیشتووانە، دەبێ کاریان ڕێک بخرێتەوە. داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش کرد وەک چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، بەو شێوەیە ڕێکارەکانی مۆڵەتدانی ئەو پاڵاوگانە لەچوارچێوەی ڕێکارە ژینگەییەکان بدات.
جەختی لەوەش کردەوە،دەبێ ئەو پاڵاوگانە لە دووری شار بن، بەو شێوازە کارەکانیان قەبوڵ ناکەین، دەشڵێت: ئەو پاڵاوگانە لەپێناو گیرفانی خۆیان و دوو دینار و دۆلار، مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ ناکەن، بۆیە لێیان قەبوڵ ناکرێت، دادەخرێن و ڕێکاریی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر. چاوپۆشی لە کەس ناکرێت. ڕایگەیاند: پێویستە هاووڵاتییان هەست بکەن ژینگەی هەولێر خاوێن بووەتەوە.
هەروەها باسی لە هەنگاوەکانی نۆژەن کردنەوەی بازاڕی قەیسەری کرد و ئەوەی خستەڕوو: ڕۆژی دوای ڕووداوی سووتانەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی بازاڕەکەی کرد و بڕیاری نۆژەنکردنەوەی دا، بۆیە نۆژەنکردنەوەکە دەستی پێ کرا بە بەردەوام دوو کۆمپانیا لە هەردوو بەشە کۆن و نوێیەکە کاری تێدا دەکەن، دەشڵێت: بەڵێن وەرگیراوە لە شەش مانگدا بازاڕەکە تەواو نۆژەن بکرێتەوە، سەرباری لێخۆشبوون لە باجەکان، قەرزی بێ سوویان پێ دەدرێت، جگەلە هاوکاریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی.

ھەواڵی زیاتر