تۆمەتباری سەرەکیی دزیی سەدە هەڕەشە دەکات

نوور زوھێر، تۆمەتباری سەرەکی دزینی زیاتر لە 2 ملیار دۆلارەکەی عێراق كە دادگاییكردنەكەی بۆ ڕۆژی 27ـی ئەم مانگە دواخراوە، ھەڕەشەی ئاشكراكردنی ناوی چەندین كەسی دیكەی پەیوەست بەو دۆسییە دەكات. نوور زوھێر دەڵێت: ئەو پارەیەی وەریگرتووە لە بانكی ڕافیدەین، ھی دەوڵەت نییە و ئەگەر دادگایی بكرێت ناوی چەندین كەسی دیكە ئاشكرا دەكات.

نوور زوھێر، كە بە تۆمەتباری سەرەكی دزیی سەدە دادەنرێت، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ مێدیای عێراقی، ڕایگەیاند “ئەو پارەیە ھی چەك و مامەڵەكان بووە كە دەستەی دەستپاكی وردبینی بۆ كردووە”. دووپاتیشی دەكاتەوە “پارەكە یەك دیناریشی ھی دەوڵەت نییە” دەشڵێت: یەكێك لە پەرلەمانتارەكان كە گوایە بەدواداچوون بۆ دۆسییەكە دەكات، داوای لێ كردووە خانوویەكی پێ بدات بە ڕووبەری 1200 مەتر چوارگۆشە بەو مەرجەی لە ناوچەی مەنسووری بەغدا بێت. نوور ھۆشداریش دەدات “ئەگەر دادگایی بكرێت چەندین كەسی لەوجۆرە بەڵكو پلەباڵاتریش كە پەیوەستن بەو دۆسییەوە ئاشكرا دەكات”.

پێشتر بە بڕیارى دادگەى لێکۆڵینەوەى کەرخ لە بەغدا کە تایبەتە بە دۆسیەکانى دەستپاکى، نوور زوهێر، خاوەنى هەردوو کۆمپانیاى قانت و موبدیعون بە بارمتە ئازاد کرا. رۆژی 14ـی ئەم مانگە یەکەم ڕۆژی دادگاییکردنەكەی بوو، بەڵام تۆمەتبار ئامادە نەبوو و دادگاییكردنەكە بۆ 27ـی ئەم مانگە دواخرا.

دزیی سەدە ساڵی 2022 و لەسەردەمی کابینەکەی مستەفا کازمی ئاشكرا بوو، سەرەتا وا بڵاوکرایەوە 3 تریلیۆن و 700 ملیار دینار لەو پارانەی بەناوی سپاردەی باجەکانەوە لە بانک دانراوە، لەنێوان ئەیلوولی 2021 تاوەکو ئابی 2022، بردراوە؛ بەڵام ئێستا دەرکەوتووە پارەکە و ژمارەی تۆمەتبارانیش لەوە زیاترن و سەرەتای ئەم مانگە دەستەی دەستپاکیی عێراق ناوی ژمارەیەک تۆمەتبار و بڕی ئەو پارەیەی بردوویانە، ئاشکرا کرد، کە نزیکەی شەش تریلیۆن و 500 ملیار دینارە.

ھەواڵی زیاتر