موخلیس سەلیم: کوالیتیی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بەرزە

شارەزایەکی وەبەرهێنان دەڵێت: هەرێمی کوردستان وەکو دەروازەیەکی وەبەرهێنان دەبینرێت بۆ هەموو عێراق، یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بە کوالیتییەکی بەرز دروست دەکرێن.

د. موخلیس سەلیم، شارەزا لەبواری وەبەرهێنان ڕاگەیاند، هەرێمی کوردستان وەکو دەروازەیەکی وەبەرهێنان دەبینرێت بۆ هەموو عێراق، لەهەمان کاتیشدا کۆمپانیا گەورەکان کە دەیانەوێت وەبەرهێنان لە شوێنێ یان وڵاتێکدا بکەن پێویستیان بە ژینگەیەکی لەبار دۆخێکی سەقامگیرە.

ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمپانیاکان لەشوێنێک گەشەدەکەن کە سەقامگیریی تێیدا بێت، هەر کۆمپانیایەکی بیانی بیەوێت وەبەرهێنان بکات لەعێراق بکات دەبێت لە دەروازەی هەرێمی کوردستانەوە بێت و وەبەرهێنان بکات.

موخلیس سەلیم گوتیشی: چەند کۆمپانیایەک کە لە عێراق کاردەکەن کە ژینگەیەکی نالەبارە و گەندەڵی باڵی بەسەردا کێشاوە. دەبینی ئەو کۆمپانیانە کارەکانی بەبەرتیلدان بەڕێ دەکەن، هەروەها ئەو گرووپ و میلیشیایانە پارەیان لێ وەردەگرن تاوەکو پرۆژەکان جێ بەجێ دەکەن؛ زۆرێکیش لە کۆمپانیاکان کە دێن ژینگەی عێراق دەینین دەگەڕێنەوە.

ئەو شارەزایەی وەبەرهێنان دەشڵێت: یاساکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق یاسای باشن و بایەخی زۆر بە وەبەرهێنەران دەدەن، هەروەها ماف و ئیمتیازات چۆن بە وەبەرهێنەرێکی بیانی دەدرێت یاواش بە وەبەرهێنەرێکی ناوخۆ دەدرێت. بەڵام وەبەرهێنەرانی بیانی هەمیشە بەدوای شوێنی ئارام و سەقامگیر دادەگەڕێت، هەرێمی کوردستانیش ئەو شوێنە کە سەقامگیر و ئارامە.

موخلیس سەلیم ڕاشیگەیاند، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە 100 ساڵی ڕابردوودا نەیتوانییوە وەکو هەرێمی کوردستان یەکەکانی نیشتەجێبوون دروست بکات، هەروەها کوالیتییەکانی یەکە نیشتەجێبووەکانی هەرێمی کوردستان زۆر بەرزە، لە پرۆژەی پیشەسازیش ئێمە گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی.

ھەواڵی زیاتر