ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامە پیرۆزباییەكەی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانییە:-
حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی لە دایکبوونی ڕێبەری نەتەوەیی و نیشتیمانیمان جەنابی سەرۆک بارزانی و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەموو کوردستانییەکی تێکۆشەر و دڵسۆز پیرۆز دەکەین.
سەرۆک بارزانی وەک ڕابەرێکی نیشتیمانی، چ لە بەرەکانی شەڕ دژی دوژمنان و تیرۆریستان و چ لە سەر ئاستی دیپلوماسیی جیهانی، ئیرادەی گەلی کوردستانی سەرخست و پێکەوەژیانی گەلانی لە کوردستان زیاتر بەرجەستە کرد و ئومێد و بڕوا بەخۆبوونی گەلەکەمانی بە مافە ڕەواکانی زیندوو کردەوە.
دامەزراندنی پارتی وەک گەورەترین و سەردەمیانەترین حزبی دیموکرات و جەماوەری، لە فراوانترین پانتایی جوگرافی لە سەرتاسەری کوردستان، وەرچەرخانێک بوو لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا، کە هەموو ئازادیخوازێکی لەژێر چەتر و ڕێبەرایەتی باوکی نەتەوەییمان بارزانی نەمر کۆکردەوە و ڕوحی بەرگریکردن و خۆڕاگری لە ناخی هەموو نیشتمان پەروەرێکدا زیندوو کردەوە.
لەم بۆنەیەدا بە تایبەتی پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و كەسوکاری ئەنفالکراوان و کیمیاباران و زیندانییانی سیاسیی گەلەکەمان دەکەین، ئەم یادە پیرۆزە پایەدار بێت و هیوای تەمەندرێژی بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی دەخوازین لەژێر رێبەرایەتی جەنابیان گەلەکەمان بە هەموو ئاواتەکانی بگات.
ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی