وەزیری شارەوانی: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە خزمەتكردنی هاووڵاتییاندا باوەڕی تەواوی بەخۆی هەیە

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە خزمەتكردنی هاووڵاتییاندا باوەڕی تەواوی بەخۆی هەیە،  سەڕەڕای هەموو ئاستەنگ و قەیران و سەختییەكانیش توانیویەتی بە بەهێزی بمێنێتەوە.

پێنجشەممە 15ـی ئابی2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە ئامادەبوونی ئەندازیار ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ ، لەگەڵ سەرۆك بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری شارەوانی باسی گرنگیی کەرتی ئاوی كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو کەرتە یەكێكە لە گرنگترین کەرتە خزمەتگوزارییەكان، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە خەرجییەكی زۆری بۆ خەرج دەكات.

ساسان عەونی، ئاماژەی بەوەش كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خودی مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیران بەردەوام چاوی لە كاری باشتر و ئامانجی گەورەترە بۆ خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییانی شار و شارۆچكەكانی كوردستان.

وەزیری شاروانی و گەشتوگوزار گوتی: سەرەڕای دروستكردنی ئاستەنگ و دژایەتی و قەیران و سەختییەكان، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، توانیویەتی باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بكات و بەردەوامی بە خزمەت و خزمەتگوزارییە هەمەجۆرەكان بدات کە بە ئیرادەیەكی بەهێز كراوە.

ساسان عەونی دەڵێت: دیدگە و سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، هاووڵاتییانی كوردستان شایەنی خزمەتكردنی زۆرتر و كاری باشترن و پێویستە بایەخی زۆر بە كاری خەڵك بدرێت كە ئامانجە گەورەكەی حكوومەتە، داوای لێ كردن لە پێناو باشتر ڕاییكردنی مامەڵەی خەڵك و نەهێشتنی ڕۆتین دڵسۆزانە كار بكەن و ڕێزدارانە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییاندا بكەن و كارەكانیان بە ڕێكوپێكی بۆ جێبەجێ بكەن.