ئەڵمانیا بەشێکی دیکەی پێداویستیی پزیشکی  دایە وەزارەتی پێشمەرگە

هێزەکانی ئەڵمانیا لەهەرێمی کوردستان پێداویستیی پزیشکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابین دەکەن. فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیاش دەڵێت: هاوکارییە تەندروستییەکان  نیشانەی پەیوەندیی بەهێزی نێوان تیمی سەربازیی سوپای ئەڵمانیا و وەزارەتی پێشمەرگەیە.

پێنجشەممە 15ـی ئابی 2024، بە ئامادەبوونی لیوا ڕوکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە ومیرە و کۆڵۆنێڵ شۆنهوڤەر، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانی دژ بەداعش و فەرماندەی پەرەپێدانی تواناکان لە عیراق، کۆڵۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لەهەرێمی کوردستان، لەمەراسیمێکدا بەشێکی دیکەی کۆمەک و هاوکارییەکانی ئەڵمانیا کە بریتیی بوو لە ژمارەیەک کۆڵەپشتی سەربازی و پێداویستیەکانی فریاگوزاریی سەرەتایی، ڕادەستی بەڕێوبەرایەتیی میرەی گشتیی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە کران.

جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارەومیرە، سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیا کرد بۆ ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی کە بەردەوام پێشکەشی هێزەکانی پێشمەرگەی دەکەن بە شێوەیەک کە هاوکارییەکان کاریگەری هەبووە لە سەر بەهێزکردنی بواری تەندروستی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا، ئاماژەی بەوەشدا، ئەڵمانیا لە سەرەتای جەنگی داعشەوە تا ئێستا هاوکار و هاوئاهەنگ بووە و ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە پێشخستنی بواری پزیشکی.

لیوا ڕوکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان، پێزانینی وەزارەتی پێشمەرگەی ئاڕاستەی فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا و ڕاوێژکارانی سەربازی ئەو وڵاتە لەهەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: ئەڵمانیا لەماوەکانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە خزمەتکردن بە پێشمەرگە، بەتایبەت لە دروستکردنی نەخۆشخانەی پێشمەرگە و هاوکاریکردنی زۆرینەی یەکە سەربازییەکان لەوەزارەتی پێشمەرگەدا.

هەر لەو مەراسیمەدا، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لەهەرێمی کوردستان گوتی: پەیوەندییەکانمان بەردەوامە و هاوکارییەکانی ئەمڕۆش نیشانەی پەیوەندیی بەهێزی نێوان تیمی سەربازیی سوپای ئەڵمانیا و وەزارەتی پێشمەرگەیە، هاوکات جێبەجێکردنی بەڵێنەکانمانە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاوێکی ئەرێنیشە لە بنیاتنانی هێزی پێشمەرگە.