مەسرور بارزانی و کونسوڵی نوێی ئەمەریکا، هەڵبژاردنی پەرلەمان و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکەن

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15-08-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن بیتنەر، ‌کونسولی گشتیی نوێی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە ستیڤن بیتنەر کردووە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواستووە. 

ئاماژە بەوەش کراوە، سەرۆکی حکوومەت هەروەها سوپاسی مارک سترۆ، کونسولی پێشووی ئەمەریکای کرد، كە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوو، بۆ کارکردنی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە.

کونسولی گشتیی نوێی ئەمەریکا، “وێڕای دەربڕینی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ برەودان و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێم لە هەموو بوارەکاندا. باسیی لە ڕۆڵی گرنگیی هەرێمی کوردستان کرد وەک هاوبەشێکی بەهاداری ئەمەریکا لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “کونسولی گشتیی نوێی ئەمەریکا هەروەها ئاماژەی بە سەردانی فەرمی سەرۆکی حکوومەت کرد بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا کە ڕۆڵێکی گرنگیی هەبوو لە پێدانی ڕوونکردنەوەی پێویست لەبارەی گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچە بە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، هیواشی خواست ئەو جۆرە سەردانانە بەردەوام بن”.

ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

ھەواڵی زیاتر