پارتی دیموکراتی کوردستان یادی ٧٨ ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە


گەورەترین پارتیی کوردستان و ناوچەکە، سبەی یادی ٧٨ ساڵەی دامەزراندنی خۆی دەکاتەوە، کە لە ١٦/٨/١٩٤٦ لەسەر دەستی بارزانیی نەمر دامەزرا، دامەزراندنی پارتی لەو کاتە خەڵکی کوردستانی لە نائومێدی ڕزگار کرد کە لە ڕابردوودا بەسەریدا ھاتبوو، ئەوەی پارتی لە حزبەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، خاوەن ھێزی جێبەجێکار و ئەزموونی حوکمرانی خۆبەڕێوەبردنی ھەیە، سەروەرییەکانی مێژووش زۆربەیان بۆ پارتی دەگەڕێنەوە، پارتی لە ڕۆژی دروستبوونیەوە تا ئەمڕۆ ھەمیشە پارێزەری پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان بووە.

بەهێزبوونی پارتی بەهێزبوونی کوردستانە
مێژوو سەلماندوویەتی ھەر کاتێک پارتی پێگەی بەھێزبێت ئەوا کوردستان لە پێگەیەکی بەھێزدابووە، بەپێچەوانەوە ھەر کاتێک پارتی بەھەر ھۆکارێک بووبێت پێگەی بەھێز نەبووبێت کوردستان بێ ھێزبووە لەبەرامبەر نەیارەکانی، پارتی بەھێزترین سەرکردە و کەسانی بەھێزی خۆی داناوە ژێر ئەو بەرپرسیاریەتییە ھەم سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ھەم سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە پاڵپشتی سەرۆک بارزانی توانیویانە کوردستانێکی بەھێز بنیات بنێن، دوای ٧٨ ساڵ تەمەنی ئەو حزبە، بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڕیارە ڕۆژی ٢٠/١٠/٢٠٢٤ بکرێت، پارتی بە تەنھا دەچێتەوە مەیدانی کێبڕکێ و دەیەوێت لە فەرمانڕەوایەتی کوردستان و ئاراستەکردنی کوردستان بەرەو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی ھەر وەکو ھێزی یەکەم بمێنێتەوە، وەکو ئەوەی سەرۆک بارزانی فەرموویەتی، “پارتی بەھێز بێت کوردستان بەھێز دەبێت”.
پارتی چواردە کۆنگرەی بەستووە
پارتی تا ئێستا چواردە کۆنگرەی بەستووە، چواریان لە بەغدا و چواریان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و دوانیشیان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، سێ کۆنگرە لە ھەولێر و کۆتا کۆنگرەشی لە دھۆک بەستووە.
کوردستان بە سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی بووە ھاوپەیمانیی سەرەکی نێودەوڵەتی دژی داعش
سەرۆک بارزانی لە جەنگی دژی تیرۆردا، لەو کاتەوەی تیرۆریستانی داعش پەلاماری کوردستانیان دا لە ساڵی ٢٠١٤ وەک پێشمەرگە و سەرۆک، شانبەشانی پێشمەرگە و ڕۆلەکانی کوردستان دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش وەستایەوە و تا تەفروتووناکردنی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە پێشەوەی بەرەکانی جەنگدا مایەوە و ڕابەرایەتیکردنی ئەو شەڕەی کرد و ڕۆلی گەورە و دیاری لە پێکھێنانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ھەبوو و کوردستان بە سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی بووە ھاوپەیمانیی سەرەکی نێودەوڵەتی دژی داعش.
لە ساڵی ٢٠١٧ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بە سەرۆکایەتی بارزانی، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەرکرد، پارتیش بە فراوانی پشتیوانی لەو پرۆسەیە کرد و بەشداری کارایان لە ھەڵمەتەکان و ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلوول کرد، کە زیاتر لە ٩٣%ی کوردستانیان دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دا.
دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر جارێکی دیکە پارتی سەرکردایەتی کرانەوەی کوردستانی بەڕووی جیھان کرد
بەھۆی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، کوردستان ڕووبەڕووی ھێرشێکی ستەمکارانە بووەوە، لە ئەنجامدا کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان داگیرکران، پێشمەرگەی کوردستان لە پردێ و سحێلا ڕووبەڕووی ھێرشکاران بوونەوە و توانیان بە خۆنەچەماندنیان ھێرشەکە بووەستێنن، دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریش جارێکی دیکە پارتی سەرکردایەتی کرانەوەی کوردستانی بەڕووی جیھان کرد و توانی ڕای گشتی جیھانی بجووڵێنێت و ئەو گەمارۆیانە ھەڵبگرێت، کە لەلایەن حکوومەتی عێراق و ھەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە بەھۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی خرابوونە سەر کوردستان و ھەوڵیان بۆ سڕینەوەی قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستان دەدا و جارێکی دیکە توانی ڕابەرایەتی ھەڵسانەوە و ھەنگاونان بەرەو پێشەوە بکات.
دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
چاودێران و ئەوانەی خوێندنەوەیان بۆ بارودۆخی ناوخۆی پارتی و ھەلومەرجی کوردستان کردووە پێیانوایە، یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی مانەوەی پارتی بە بەھێزی، ڕێبەرایەتیکردنییەتی لە لایەن بارزانییەوە، چونکە لەسەر دەستی بارزانیی نەمر دامەزراوە و ھێشتا حزبەکە لەژێر سایەی سەرۆک بارزانی بەردەوامە لە خەبات بۆ بەدیھێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی. موسا ئەحمەد، پێشمەرگەی ھەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، دەڵێت: لە کاتێکدا کە جیھان بەرەو گۆڕانکاری دەڕۆیشت، جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی سەری ھەڵدا، کوردیش وەکو نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و کیان، پێویستی بە حزبێکی ڕێکخراو ھەبوو، کە گەلی کورد ڕێکبخاتەوە، بۆ پارێزگاری کردن لە خۆی و بەدەستھێنانی مافی نەتەوایەتی، بۆیە بارزانیی نەمر لە ساڵی ١٩٤٦ ھەڵسا بە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد، پێشتر چەند ڕێکخراوێک ھەبوون، لەگەڵ ئەم ڕێکخراوانە چەند دانیشتنێک کران، ئێدی بڕیاریان دا ھەموویان یەک بگرن و پارتی دیموکراتی کورد دابمەزرێنن.
ئەو پێشمەرگەیە، ئاشکراشی کرد: ڕێکخستنەکانی پارتی توانیان گەشە بە پارتی بدەن، ئەوەش وای کرد کە پارتی ڕۆژبەڕۆژ بەھێزتر و فراوانتر ببێت و ببێتە جێگەی ئومێدی خەڵکی کوردستان، ببێتە دڕک لە چاوی دوژمنانی ئەم کوردستانە، بارزانیی نەمر کە سەرۆکی پارتی بوو، توانی ئەو حزبە تا قۆناغەکانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، دواتر شۆڕشی ٢٦ی گوڵان، دواتر ڕاپەڕین، پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێم تاکو ئێستاش ڕۆژبەڕۆژ بەھێزتر دەبێت، ئەم حزبە مایەی خۆشحاڵی ھەموو چین و توێژەکانی کوردستانە، بە ھەموو پێکھاتەکانی ئاینیی و مەزھەبیەوە، بە ھەموو چین و توێژەکان کە لە کوردستان دەژین، بۆیە پێویستە ھەموومان ڕێز لە دروستبوونی پارتی بگرین، بە بەردەوامی ئەو حزبە نوێ بکەینەوە، خزمەتی بکەین، چونکە ئەو حزبە توانیویەتی داکۆکی لە مافی گەلی کوردستان بکات، لە کاتە پێویستەکان و لە شکستەکان جارێکی دیکە ھێز بداتەوە خەڵکی کوردستان.
پارتی کەیسی نەتەوەی کوردی گەیاندە جیهان
واحید سلێمان، پێشمەرگەیەکی دیکەی شۆڕەشی ئەیلوول و گوڵانە، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: سەرۆک بارزانی، یەکەم کەس بوو کە باسی ھەڵبژاردنی کرد و فیدراڵیەتی ھێنایە سەر زمان و باسی کرد، ئەوەش وای کرد کە خەڵکی کوردستان قۆناغێکی دیکە بچێتە پێشەوە، ئێستا ھەرێمی کوردستان لە لایەن ھەموو وڵاتانی جیھان دانپێدانراوە و دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، پارتی و سەرۆک بارزانی دەورێکی یەکجار گەورەیان بینی، لە بەدیھێنانی ئامانجەکانی گەلی کوردستان، پارتی و بارزانی کۆلەگەیەکی بەھێزی ڕاگرتنی ئەم ڕەوشەن، سەرۆک بارزانی باسی سەربەخۆ و دەوڵەتی کوردی دەکات و ھەنگاویشی لەو ڕووەوە ناوە، ئەگەر پارتی نەبووایە ئەو حزبانەی ئێستا ھەن بەوشێوەیە نەدەبوون، گەشەکردنی ئەوان لە پاڵ پارتی بووە، گەشەکردنی ئەوان لە ھەبوونی پارتی بووە، زۆربەی کادیرانی ئەو حزبانە لە پارتی فێری سیاسیەت و خەبات بوونە، بۆیە پارتی یەکێکە لەو حزبانەی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە بەھێزترین حزب و خۆڕاگرترین حزب بووە لە بەرامبەر بە پیلانی دوژمنان، سەرۆکی پارتی، لە وڵاتانی جیھان ڕێزی لێ دەگیرێت و پرسی پێ دەکرێت، ڕۆژبەڕۆژ جەماوەری پارتی فراوانتر دەبێت، سەرۆک بارزانی لە چەسپاندنی یاسا و بە دامەزراوەکردنی دامودەستگاکانی کوردستان ڕۆلێکی سەرەکی ھەبووە، تا ئێستاش لەسەر ئەو ڕۆلە بەردەوامە.
پارتی بۆ ئارمانجێکی پیرۆز دامەزراوە
ئازاد شەوکەت، چاودێری سیاسی، بۆ “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پارتی ھەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، کە بۆ ئارمانجێکی پیرۆز دامەزراوە، ئەویش سەربەخۆیی کوردستانە، گەلی کوردستان بە باوەڕەوە تەماشای پارتی دەکات، ھیوا و ئومێدی تاکی کوردستان پارتییە، چونکە ڕابەرایەتی گەلی کوردستان دەکات، لە خۆشی و ناخۆشی خۆی لە خەڵکی کوردستان کردووەتە خاوەن، ئەوەش وای کردووە کە پارتی ببێتە حزبێکی جەماوەری، لەسەرەتای شۆڕش کە ساڵی ١٩٦١ دەستی پێ کرد گەلی کوردستان ھەموو لەگەڵ پارتی بوون، ئەو باوەڕیەی خەڵکی کوردستان وای کرد کە پارتی ھەموو کاتێک بەھێز بێت و گەشە بکات، ئەوەش وای کرد کە پارتی بەھێز بێت و ھەر بە ھێزی یەکەمی کوردستان بمێنێتەوە، پاش ساڵی ١٩٩١ ھەموو ئەو ھەڵبژاردنانەی کە کراون، پارتی خاوەن بەرنامەیەکی نەتەوەیی و ئابووری بووە، وای کرد کە خەڵک متمانە بە پارتی بکەن و پارتی ھەر بەھێزی یەکەم بھێڵنەوە، لەو ھەڵبژاردنەشدا پارتی ھەر بە ھێزی یەکەم لە کوردستان دەمێنێتەوە.
سەروەرییەکانی مێژوو زۆربەیان بۆ پارتی دەگەڕێنەوە
ئیسماعیل جەبار، مامۆستای مێژوو، بۆ “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: پارتی ڕۆژبەڕۆژ بەھێزتر دەبێت و دەبێتە جێگەی ئۆمێدی خەڵکی کوردستان، پارتی لە خۆشی و ناخۆشی خۆی لە خەڵکی کوردستان کردووەتە خاوەن، پارتی خاوەن ھێزی جێبەجێ کار و ئەزموونی حوکمڕانی خۆبەڕێوەبردنی ھەیە، ھەر بۆیە سەروەرییەکانی مێژووش زۆربەیان بۆ پارتی دەگەڕێنەوە، پارتی لە ڕۆژی دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ ھەمیشە پارێزەری دەستکەوتە نەتەوەییەکان بووە و پشکی شێر لە مێژووی بزاڤی نەتەوەیی کورد بەر پارتی دەکەوێت، پارتی لە حوکمڕانی کوردی و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان دەورێکی باڵای بینیوە و تا ئێستاش لەسەر ئەو ڕۆڵە بەردەوامە، بۆیە کەس ناتوانێت پارتی و خەڵکی کوردستان لە یەکدی جیا بکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر