نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له كونسوڵى گشتيى نوێى ئه‌مه‌ريكا دەكات

چوارشه‌ممه‌ 2024/8/14 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ستێڤ بيتنه‌ر كونسوڵى گشتيى نوێى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان، وێڕاى به‌خێرهێنان، پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى لێكرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ هاريكاريى هاوبه‌ش و په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا دووپات كرده‌وه‌.

له‌ ديداره‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێز مارك سترۆ كونسوڵى گشتيى پێشووى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده ‌بوو، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى كونسوڵى پێشووى كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، ئه‌ويش لاى خۆيه‌وه سوپاسى هاوكارى و پشتگيريى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى ده‌ربڕى.

له‌ ديداره‌كه‌دا به‌ڕێز كونسوڵى گشتيى نوێى ئه‌مه‌ريكا به‌رده‌واميى پشتگيرى و هاوبه‌شى و هاوپه‌يمانيى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا دووپات كردەوە، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان كرده‌وه‌ و هيوايان خواست پرۆسه‌ى ده‌نگدان سه‌ركه‌وتووانه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت.

په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ناوخۆى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.