دیندار زێباری: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دوور لە جیاکاری کاری جیددی کردووە

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: لەماوەی نێوان ساڵانی 2019 تا 2023 پەرلەمانی کوردستان 35 یاسای دەرکردووە، هەروەها زیاتر لە 12 یاسای تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرەستیی لەسەر بنەمای ڕەگەز هەموار کراوەتەوە.

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا لە جنێڤ، لەبارەی گفتوگۆکانی ڕاپۆرتی یەکگرتوو بۆ هەردوو ڕاپۆرتی خولی 26 و 27ـی عێراق بۆ لێژنەى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری جیددی کردووە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دوور لە جیاکاری لە هەموو ئاستەکاندا و لەم چوارچێوەیەشدا چەندین بابەتی پەیوەندیدار لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەدواداچوونیان بۆ کراوە .

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، گوتی: لەماوەی نێوان ساڵانی 2019 تا 2023 پەرلەمانی کوردستان 35 یاسای دەرکردووە، هەروەها  زیاتر لە 12 یاسای تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرەستیی لەسەر بنەمای ڕەگەز هەموار کراوەتەوە.

ناوبراو ڕایگەیاند: ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی پابەندبوونی حکوومەتە بە جێبەجێکردنی پلانی پێنج ساڵەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، تاوەکوو ئێستە شەش ڕاپۆرت لەو بارەوە ئامادە کراون، کە هەڵسەنگاندنێکی بەراوردکاریی گشتگیر بۆ پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پلانەکە دەکات، بەپێی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریدا.

دیندار زێباری گوتیشی: لەسەر ئاستی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، کۆی گشتی ڕاسپاردەکان گەیشتووەتە 448 ڕاسپاردە، هەروەها ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لە ساڵی 2023 بۆ 74.1% بەرزبووەتەوە. لە کۆی 19  ڕاسپاردە سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری و ڕەتکردنەوەی گوتاری ڕق لێبوونەوە 15 ڕاسپاردە جێبەجێ کراون  و 3 ڕاسپاردەش لە قۆناغی جێبەجێکردندان.

سەبارەت بە مافی کرێکارانی بیانی کە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمار کراون، کە ژمارەیان 88 هەزار و 652  لە ساڵی 2008ـەوە تاوەکوو نیوەی یەکەمی ساڵی 2024. ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: ئەم کرێکارە بیانیانە هەمان مافەکانی کرێکارانی هەرێمیان هەیە، لە هەمان کاتدا لێژنەیەکی باڵا پێک هاتووە بۆ ڕێکخستنی کەفالەتکردن و دامەزراندنیان، هەروەها لێژنەیەکی تایبەتمەندیش پێک هاتووە بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی ئەو کرێکارە ئافرەتە بیانییانە کە لە هەرێم کار دەکەن و هێڵی گەرمی  5500 تەرخانکراوە بۆ وەرگرتنی سکاڵاکانیان.

دیندار زێباری، باسی لە ئەرشیفکردنى بەڵگەکانى تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش کرد و ئاماژەی بەوە دا: حکوومەتی هەرێمی کوردستان فایلی هەزاران ڕفێنراوی ئەرشیف کردووە، کە دەکاتە 24 هەزار و 965 فایل و 408 هەزار و 540 لاپەڕە. تا ئێستە سێ هەزار و 579 کەس ئازاد کراون، هەروەها بە ڕێنمایی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، جێبەجێکردنی پرۆژەی بەخشینی دەرماڵەی مانگانە ڕاگەیەندرا وە کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنە لەو کەسانەى کە لە دەستى تیرۆریستانى داعش ڕزگار کراون.

گوتیشی: لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دووبارە شیاندنەوەى ئافرەتانى ڕزگاربوو لە کۆمەڵگەدا، سەنتەری چارەسەری دەروونی لە شاری دهۆک کراوەتەوە، کە تا ئێستە پشتگیری سەدان ڕزگاربووی تێدا کراوە. جگە لەوەش زیاتر لە هەزار ئافرەتى ڕزگاربوو ڕەوانەی ئەڵمانیا کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەری دەروونی.

لەبارەی ماددە هۆشبەرەکانەوە، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، ژمارەی ئەوانەی بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستگیر کراون گەیشتوونەتە پێنج هەزار و 870 کەس.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا: ماددە هۆشبەرەکان ژینگەیەکی نائارام و ناسەقامگیر دروست دەکات کە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵکی ئەو گوندانەى دەکەونە ناوچە سنوورییەکان، هەروەها گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

ھەواڵی زیاتر