د. تاڵب شێروانی، ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر:بۆ ئەمساڵ دوو بەشی نوێی زانستی دەکەینەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر، ڕاگەیاند، جگە لەو بەشانەی کە ھەمانە ئەمساڵ چەند بەشێکی دیکە دەکەینەوە، ھەروەھا دەمانەوێت زیاتر گرنگی بەو بەشانە بدەین کە بۆ دەڤەرەکە سوودمەندن.

دوای ھەوڵێکی زۆر توانرا بۆ یەکەمجار دەزگایەکی ئەکادیمی خوێندنی باڵا لە سنووری قەزای مێرگەسۆر بکرێتەوە، پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر، حکوومییە و سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێرە.
قەزای مێرگەسۆر، پێنج شارەدێ و سەدان گوند لە خۆ دەگرێت، ئەوانیش بریتین لە بارزان، گۆڕەتوو، مەزنێ، پیران و شێروان مەزن، خەڵکی ئەو شارۆچکەیە بە زاراوەی بادینی کرمانجی سەروو قسە دەکەن.
د. تاڵب شێروانی، ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پەیمانگەکەمان سێ بەش لە خۆ دەگرێت ئەوانیش بریتین لە پەرستاری، کارگێڕی کار و تەکنیکی وەرگێڕان، جگە لەمانە ئەمساڵ دوو بەشی دیکەی زانستی دەکەینەوە ئەوانیش ھەنگەوانی و ڕووەکە پزیشکییەکان، کە بۆ دەڤەرەکە زیاتر سوودیان ھەیە، بۆ نموونە ھەنگەوانی بەشێکی گرنگی کشتوکاڵییە و بەشێوەیەکی زانستی دەتوانێت پەروەردەی ھەنگ بکات، ھەروەھا ڕووەکی پزیشکیش بە ھەمان شێوە تایبەتمەندی خۆی ھەیە لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆر گیادەرمان بەکاردەھێنن بێ ئەوەیی لەڕووی پزیشکییەوە شارەزایان ھەبێت، بەڵام ئەگەر ئەم بەشە بکەینەوە دەرچووانی ئەو بەشە بەشێوەی زانستی کارەکان دەکەن، بێ ئەوەی زیانی تەندروستی ھەبێت، لە ھەمان کاتدا دەتوانێت دەرمانخانەیەکی گیایی بۆ خۆ دابنێت.
ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر، گوتیشی: زۆربەی زۆری قوتابییان ئارەزووی بەشی پەرستاریان ھەیە، لە تاقیگەکەمان ھەموو پێداویستی و ئامێرەکان بە کواڵیتییەکی بەرز بەردەستن، ئەگەر باسی ئامێری “Alex” بکەین تەنھا لە کۆلێژی پزیشکی ھەیە، کە چی لە ھۆڵی تاقیگەی پەیمانگەکەمان ئەم ئامێرە بەردەستە، ئەویش ڕۆبۆتێکە لەگەڵ نەخۆش و کەسی بەرامبەر قسە دەکات.

ھەواڵی زیاتر