حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکان:سێ هەزار و پێنج سەد و هەشتا و یەک ڕفێندراوی ئێزدی ئازاد کراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دوو کچی ئێزدی لە کەمپی ھۆڵ ڕزگار کران کە دە ساڵ لەمەوبەر لەلایەن چەکدارانی داعش ڕفێندرا بوون، دوای ئازادکردنیان گەڕانەوە نێو کەسوکاریان. بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی، دەڵێت: تا ئێستا سێ ھەزار و پێنج سەد و ھەشتا و یەک ڕفێندراو ڕزگار کراون. دەشڵێ: چەندین جار ھەوڵمان داوە بچینە نێو کەمپی ھۆل، بەڵام دەستەڵاتدارانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕێگەمان پێ نادەن.

کوڤان عیدو، کچە ئێزدییەکی ڕفێندراوی چەکدارانی داعش کە لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤ لەلایەن چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە ڕفێندرابوو، ئەو کچە تەمەن ٢٦ـی ساڵییە کاتێک لەلایەن چەکدارانی داعش لە شنگال ڕفێندرا، تەمەنی تەنیا ١٦ ساڵ بوو و یەکێکە لە ھەزاران قوربانی دیکەی دەستی چەکدارانی داعش.
ڕزگارکردنی ھەر ونبوویەکی ئێزدی دەبێتە جەژن و خۆشی لەناو کۆمەڵگەی ئێزدییەکان، بە ھەزاران کەسیش چاوەڕوانی کەسوکاری خۆیان دەکەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش وەکو ئەو دوو کەسەی کە ڕزگار کراون بە دیداری یەکدی شاد ببنەوە.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکان، بۆ “ھەولێر” ئاشکرای کرد: تا ئێستا سێ ھەزار و پێنج سەد و ھەشتا و یەک ئێزدی لە ژێر دەستی داعش ڕزگار کراون، ھەوڵەکانی ئێمە بەردەوام دەبن و ھەر ئێزدییەک لە ھەر شوێنێک مابێت، بەدواداچوون دەکەین بۆ ئەوەی ڕزگاری بکەین، پێویستە ھەموو لایەنەکان ھەتا عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش ھاوکاری ئێمە بکەن بۆ ئازاد کردنی ئەو کەسانەی تا ئێستا ڕزگار نەکراون کە تا ئێستا دوو ھەزار و ھەشت سەد و سی و شەش کەس لە دەست داعش ماون.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکان، ڕوونیشیکردەوە: زۆربەی ئێزدییە ڕفێندراوەکان لە سووریان و زۆربەیان لەناو کەمپی ھۆل دەژین، چەندین جار ھەوڵمان داوە بچینە نێو کەمپی ھۆل، بەڵام دەستەڵاتدارانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕێگەمان پێ نادەن.

ھەواڵی زیاتر