بۆ جاری دووەم پرۆسەی دەنگدانی ئەزموونی ئەنجامدرا

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بۆ جاری دووەم پڕۆسەی دەنگدانی ئەزموونی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی لە کاتی دەنگدانی ئەزموونی بۆ پڕۆسەی ھەڵبژاردن دروست دەبن، پێش ھەڵبژاردنی گشتی چارەسەر بکرێن، بڕیارە دوو جاری دیکەش ئەو دەنگدانە ئەزموونییە ئەنجام بدرێتەوە. بەرپرسانی کۆمیسیۆنیش، دەڵێن، ئەو دەنگدانە ئەزموونییە بۆ ئەوەیە تەواوی کێشەکان چارەسەر ببن.

بەپێی ئەو خشتەی کۆمیسیۆن دیاری کردووە، زۆربەی ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردن لە قۆناغی کۆتاییدان دەنگدانی ئەزموونی بە یەکێک لە ئامادەکارییە گرنگەکان دادەنرێت بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی دێنە بەردەم ھەڵبژاردن تاکو ڕۆژی ھەڵبژاردن چارە بکرێن، بۆ ئەوەی بەبێ کێشە بچنە ناو پڕۆسەکە.
ڕۆژی ١٠ـی تەمموزی ٢٠٢٣، سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و ڕۆژی ١٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ی وەک وادەی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد و داوای لە کۆمیسۆنی کرد ئامادەیی نیشان بدات بۆ سەرپەرشتیکردنی ھەڵبژاردن لەو ڕۆژەدا، یاخود لەگەڵ ڕۆژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ١٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣.
پێشتریش، لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، فەرمانی ھەرێمی بۆ دەستنیشانکردنی ڕۆژی ١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ ئیمزا کرد بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام بەھۆی ناکۆکیی لایەنەکان لەبارەی یاسای ھەڵبژاردن ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دواخرا.
ھاووڵاتییان ھیوادارن لە کاتی دەنگدان ھیچ کێشەیەکیان بۆ دروست نەبێت بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی دەنگی خۆیان بدەن. دووەم جارە دەنگدانی ئەزموونی بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت، سەد و ھەشتا و سێ بنکە لە ھەر چوار بازنەی ھەڵبژاردن کراونەتەوە، تا ڕۆژی ھەڵبژاردن دووجاری دیکە ئەو پڕۆسەیە بەڕێوەدەچێت، بەو شێوەیە کێشەکان دەردەکەون و چارەسەریان دەکەن، ئەو پڕۆسە بە چاودێری لایەنەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت. نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کۆمیسیۆنی عێراق، دەڵێت: لە ٢٠ی مانگی دە کە ھەڵبژاردن دەکرێت ئەو کێشە و گرفتانەی لەو ئەزموونانەی کە ئێستا دێتە پێشەوە چارەسەر دەکەن بۆ ڕۆژی ھەڵبژاردن.
خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دەنگدانی ئەزموونی لە پارێزگای دھۆک سەرکەوتوو بووە، ئامێرەکانی خوێندنەوەی پەنجەمۆر، جیاکردنەوەی دەنگەکان و ناردنی ئەنجامەکان ھیچ کێشەیەکیان نییە.
بەرپرسی ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەشڵێ: بۆ ئەو قۆناغە تیشک دەخەینە سەر دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری تا ١٧ـی مانگی دە بەردەوام دەبێت، کە تا ئێستا ٩٤% کارتی بایۆمەتری دراونەتەوە ھاووڵاتییان.

ھەواڵی زیاتر