نێچیرڤان بارزانی سوپاسى كونسولى گشتيى هۆڵه‌ندا ده‌كات

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، بۆ ماڵئاوايى و به‌كۆتاهاتنى ئه‌ركه‌كه‌ى، پێشوازى له‌ ياكۆ بيريندس كونسولى گشتيى شانشينى هۆڵه‌ندا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

له‌ ديداره‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ ڕۆڵ و ئه‌ركى كونسولى گشتيى هۆڵه‌ندی له‌ ماوه‌ى كاركردنى له‌ هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵه‌كانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا ده‌ربڕى و هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركى نوێيدا بۆ خواست.

لاى خۆيه‌وه‌ كونسولى گشتيى هۆڵه‌ندا وێڕاى ده‌ربڕينى خۆشحاڵى به‌ كاركردنى له‌ هه‌رێمى كوردستان، سوپاسى نێچيرڤان بارزانى و هاريكارى و پشتگيريى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ی كرد، هه‌روه‌ها خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودان به‌ هاريكاريى هاوبه‌ش و په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، دووپات كرده‌وه‌.

هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌ بوو، تیایدا نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کرده‌وه‌ که‌ هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ن و کار بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن پرۆسه‌ی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن سه‌رکه‌وتووانه‌ به‌ڕێوه‌ بچن.

کونسولی گشتیی هۆڵه‌ندیش ستایشی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و هه‌وڵه‌کانی بۆ ئه‌نجامدان و سه‌رخستنی هه‌ڵبژاردن کرد.