لە کۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان گفتوگۆ لەبارەی پێدانی هاوکاری مانگانەی هاوپەیمانان بە پێشمەرگەکانی لیوای نۆی پیادە و فەوجەکانی دیکە کرا.
13ـی ئابی 2024، شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ کۆڵۆنێڵ راپ براندسێتەر، بەرپرسی نوێی تیمی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ گاڤین ڕایس، بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر و شاندی یاوەریان کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆبوونەوەکەدا، چەند بابەتێکی گرنگ کە پەیوەستبوون بە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە هاوکاری و پشتیوانی بەردەوامی هاوپەیمانان تاوتوێ کران.
هەروەها لەبارەی پێکهێنانی فیرقەکان گفتوگۆ کرا کە هەوڵەکان بەردەوامە لەپێناو دروستبوونی فیرقەی زیاتر و خێراترکردنی پرۆسەکە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە.
لەبارەی کێشەی لیوای نۆی پیادە و ئەو فەوجانەی دیکە کە بێبەشبوون لە پێدانی هاوکاری مانگانەی هاوپەیمانان، وەزیری پێشمەرگە داوای لە هاوپەیمانان کرد کە هاوکاربن لە چارەسەرکردنی کێشەکان تاوەکوو لە مانگەکانی داهاتوو ئەوانیش سوودمەند بن لە هاوکاری مانگانەی هاوپەیمانان.