هه‌ولێر بنكه‌ی ته‌ندروستی گوندی براغ كرایه‌وه‌

رووبه‌ری بنكه‌كه‌ 1000 مه‌تر دووجایه‌ و له‌ 14 ژوور پێكهاتووه‌

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 13-8-2024 به‌ ئاماده‌بوونی دكتۆر سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و ئاری نانه‌كه‌لی به‌رپرسی لقی16ـی پارتی دیموكراتی كوردستان و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی هه‌ولێر و ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی هاووڵاتییان، بنكه‌ی ته‌ندروستی گوندی براغ كه‌ 32 كیلۆمه‌تر له‌ سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر دووره‌، كرایه‌وه‌.

رووبه‌ری پڕۆژه‌كه‌ 1000 مه‌تر دووجایه‌ و له‌سه‌ر رووبه‌ری 300 مه‌تر باڵه‌خانه‌ی بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كه‌ بینا كراوه‌ و له‌ 14 ژوور پێكهاتووه‌ و له‌سه‌ر ئه‌ركی خێرخواز مامۆستا ژیان جابر پیرداود درووستكراوه‌ و زه‌وییه‌كه‌شی له‌لایه‌ن سه‌لیم سمایل حه‌سه‌ن دابینكراوه‌.

پێكهاته‌كانی بنكه‌ی ته‌ندروستی براغ بریتیین له‌ (تاقیگه‌، برینپێچی پیاوان و ئافره‌تان، ده‌رمانخانه‌، ژووری پزیشك، ژووری كارگێڕی، پلیتبڕ،ژووری په‌رستاران، كووتان، كۆگا و كۆگای ده‌رمانخانه‌) و گوژمه‌ی پڕۆژه‌كه‌ 240 ملیۆن دیناره‌ له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا پڕۆژه‌كه‌ ته‌واو بوو.

دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندرووستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمەکەدا لەچوارچێوەی پێشکەشکردنی گوتارێک سووپاسی پارێزگاری هەولێری کرد بۆ ئاسانکاری نواندن بۆ رێککارەکانی دیاریکردنی زەویی بنکەی تەندرووستیی گوندی براغ و هەوڵەکانی پارێزگاری هەولێر لەمپێناوەدا بەرز نرخاند.

هەروەها له‌ میانه‌ی پێشكه‌شكردنی گوتارێك، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر به‌ناوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگا ده‌ستخۆشی له‌ خێرخواز مامۆستا ژیان جابر پیرداود كرد كه‌ بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی بنه‌ماڵه‌كه‌یان دروستكراوه، وێڕای ده‌ستخۆشی له‌ سه‌لیم سمایل حه‌سه‌ن كه‌ زه‌ویی بنكه‌ ته‌ندرووستییه‌كه‌ی دابینكردووه‌.

پارێزگاری هه‌ولێر روونیشیكرده‌وه‌، پاڵپشتی هه‌موو هه‌نگاوێك ده‌كه‌ین به‌ ئامانجی خزمه‌تكردنی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر بێت.

هه‌روه‌ها پارێزگاری هه‌ولێر راشیگه‌یاند، ئه‌وله‌وییه‌تی كاره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دیدگا و رووانینه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سروور بارزانی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه بۆ ده‌وروبه‌ری شار و گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژارنشینه‌كان، ئێمه‌ش به‌رمه‌بنای ئه‌مه‌، پڕۆژه‌كانی حكوومه‌ت له‌و ناوچانه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ین.

ئاشكراشیكرد، ئەمساڵ له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌كانی په‌ره‌پێدانی پارێزگای هه‌ولێر له‌م سنووره‌ ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، هه‌روه‌ك پێشتریش رێگه‌بانه‌كانی ناو گوندی براغ قیرتا و چاككرانه‌وه‌.

‌جێی باسه‌ ژماره‌ی دانیشتوانی گوندی براغ 2800 كه‌سن و له‌ كۆی 700 ماڵ، له‌ به‌رنامه‌ و پلانه‌كانی پارێزگای هه‌ولێردایه‌ پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و گونده‌ و خزمه‌ت به‌ هاووڵاتییان و دانیشتوانی بكات.