وەزیری شارەوانی: زیاتر لە 13 ملیار دینار لە پرۆژەکانی گەڕەکی هەشتی حەسارۆک خەرج کراوە

گەیاندنی پرۆژە و خزمەتگوزارییەکان بۆ گەڕەکی هەشتی حەسارۆکی هەولێر بەردەوامە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 13 ملیار دیناری بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە لەو گەڕەکە خەرج کردووە.

سێشەممە، 13-08-2024، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر؛ قۆناغێكی نوێی گەیاندنی خزمەتگوزاریی بۆ 241 شەقام لە زۆنی Dی گەڕەکی هەشتی حەسارۆك دەستی پێ كرد.

ئەو قۆناغەی پڕۆژەكە پێك هاتووە لە كاری خۆڵكاری بۆ 241 شەقام و 3750 پارچە زەوی سوودمەند دەبن؛ بە گوژمەی 972 ملیۆن و 730 هەزار دینار لەسەر داهاتی 100%ـی سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر؛ لەسەر ڕووبەری 73000 کیلۆمەتری چوارگۆشە جێبەجێ دەکرێت. 

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، دوای سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ گەڕەکی هەشتی حەسارۆک، لەو ڕۆژەوە گەیاندنی پرۆژە و خزمەتگوزارییەکان بۆ گەڕەکەکە بەردەوامە و ڕۆژانە سیمای ئاوەدانیی لێ دەردەکەون.

وەکو ئەوەی ساسان عەونی باسی کرد، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 13 ملیار دیناری بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاری لە گەڕەکی هەشتی حەسارۆک تەرخان کردووە، کە بریتین لە دروستکردنی شەقامە نێوخۆییەکان، ئاوەڕۆی لوولەیی، ئاوەڕۆی سندووقی و چەند پرۆژەیەکی دیکە.

چوارشەممە، 17-07-2024، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ فەرمانی ڕێپێدانی دابەش دوو لەسەر زەوییەکانی کەرتی هەشتی حەسارۆک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وەزیری شارەوانی و گەشتگوزاری جەختیشی لەوە کردەوە “پرۆژەکانمان بەردەوام دەبن تاوەکو خزمەتگوزارییەکان دەگەنە هەموو هەشتی حەسارۆک”.

لەلایەن خۆیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گوتی دوای ئەوەی کابینەی نۆیەم خزمەتگوزارییەکانی گەیاندووەتە گەڕەکی هەشتی حەسارۆک؛ ئێستا بەشێکی هاووڵاتییان دەستیان بە دروستکردنی خانوو کردووە.

پارێزگاری هەولێر باسی لەوەش کرد، ژمارەیەک بیریان لە گەڕەکی هەشتی حەسارۆک لێداوە، میکانیزمێکی گونجاو دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی بیرەکان بەکاربخەن، چونکە وەکو خۆی باسی کرد، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاووڵاتیییان دەکات لە دروستکردنی خانوو.

ھەواڵی زیاتر