عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق: هیچ کەموکوڕییەک لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە

دوێنێ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند؛ هیچ کەموکوڕییەک لە ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە و دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدانیش بە ٢٤ کاتژمێر، ئەنجامەکان ڕادەگەیەنین.

عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند؛ لە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن تاقیکردنەوە و پشنکنین بۆ ئەم ئامێرانە دەکرێت: ئامێری پشتڕاستکردنەوە (التحقق)، ئامێری ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان (پیکۆس)، ئامێری ڕەوانەکردنی ئەنجامەکان (ئاڕ تی ئێس).
ئەوەی سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی لەوە کرد “لە پرۆسەیەکی بچووکی دەنگداندا تاقی دەکرێنەوە هاوشێوەی دەنگدانی گشتی کە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت؛ پرۆسەکەش بۆ دڵنیابوونەیە لە توانا، کارامەیی، سەلامەتیی وردی ئامێر و پرۆگرامەکان و ڕێکارەکانی کۆمیسیۆن بە مەبەستی گەیشتن بە بەرزترین ئاستی خۆ ئامادەکردن بۆ هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی”.
گوتیشی؛ ئامێرەکانیان زۆر پێشکەوتوون و “هیچ کەموکوڕییەکانمان نییە و لەوپەڕی ئامادەباشیداین”.
بە گوتەی عومەر ئەحمەد، نوێنەرانی کۆمپانیاکان و پرۆگرامەکانی هەڵبژاردنەکە و نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی)؛ ئامادەی پرۆسەی دەنگدانی ئەزموونی دەبن کە لە هەموو ناوەندەکانی دەنگدان لە هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دەکرێت.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەو کێشە و گرفتانەی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو لە کاتی پرۆسەی دەنگدان ڕووبەڕووی دەنگدەران بوونەوە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕوو نادەنەوە، “چونکە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پێشتر پرۆسەی ‘هاوشێوەکردن’ واتا دەنگدانی ئەزموونیمان نەکردبوو. بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەیکەین”.
سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو؛ لە ماوەی 24 کاتژمێر دوای تەوابوونی پرۆسەی دەنگدان، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕادەگەیەنن.
ژمارەی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٨٧٨ کەسە؛ لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و ٦٨٣ و ٦١٨یان دەنگدەری گشتین و ٢١٥ هەزار و ٩٦٠یشیان دەنگدەری تایبەتن.
هەزار و ٢٦٦ ناوەند و شەش هەزار و ٣١٨ بنکەی دەنگدان ئامادە کراون؛ بۆ هەڵبژاردنی تایبەت، کە هێزە ئەمنییەکان دەگرێتەوە، ١٦٥ ناوەند و ٧٤٩ بنکەی دەنگدان لە سنووری هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ئامادە کراون.
کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، لەم خوولەدا 100 کورسی دەبێت و ٩٥یان گشتین و پێنجیشیان بۆ کۆتا تەرخان کراون. کە بەم شێوەیە دابەشکراون؛ هەولێر ٣٢ کورسی، سلێمانی ٣٦ کورسی، دهۆک ٢٤ کورسی، هەڵەبجە ٣ کورسی. ژمارەی کورسیی کۆتاکانیش بەمشیوەیە دابەشکراوە؛ هەولێر ٢ کورسی، سلێمانی ٢ کورسی، دهۆک یەک کورسی.

ھەواڵی زیاتر