به‌ زیادتر له‌ ملیارێك دینارپێنج پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێن

چواس خالید – هەولێر

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ ملیارێك دینار له‌سه‌ر داهات و بودجه‌ی شاره‌وانییه‌كان، پێنج پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ بواری ڕێگاوبان، له‌ پارێزگای هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كات.

سه‌رباری درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌گوژمه‌ی ملیارێك و دوو سه‌د ملیۆن دیناری عێراقی، له‌ سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی پێنج پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری كرا.
جێبه‌جێكردن و ڕۆنانی ئه‌و پڕۆژانه‌ له‌سه‌ر داهاتی ١٥%ی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت، كه‌ یه‌كێك له‌و پڕۆژانه‌، دروستكردن و ڕۆنانی شه‌قامێكی بیست مه‌ترییه‌ له‌ ڕه‌شكین به‌ ڕووبه‌ری دوازده‌ هه‌زار مه‌تر دووجا و به‌ گوژمه‌ی سێ سه‌د و په‌نجا و هه‌شت ملیۆن دینار بنیات ده‌نرێت.
به‌ گوژمه‌ی سێ سه‌د و سی ملیۆن دینار، شه‌قامی هه‌ولێر بنه‌سڵاوه‌ به‌رانبه‌ر مزگه‌وتی ئیسرا و معراج قیرتاو ده‌كرێت، كه‌ ڕووبه‌ره‌كه‌ی ده‌ هه‌زار مه‌تره‌.
به‌ ڕووبه‌ری هه‌شت هه‌زار و شه‌ش سه‌د مه‌تر دووجا، نۆ شه‌قامی گه‌ڕه‌كی ئیسكانی هه‌ولێر، به‌ گوژمه‌ی سێ سه‌د و بیست ملیۆن دیناری عێراقی نۆژه‌ن و كۆنكرێت ده‌كرێت.
هاوكات شه‌قامی سه‌ره‌كی شاری زیلان به‌ ڕووبه‌ری حه‌وت هه‌زار و پێنج سه‌د مه‌تر دووجا ڕۆده‌نرێت، كه‌ تێچووه‌كه‌ی سه‌د و سی ملیۆن دیناری عێراقییه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش شه‌قامی سه‌ره‌كی گوندی سێبه‌ردان به‌ ڕووبه‌ری چوار هه‌زار مه‌تر دووجا و به‌ گوژمه‌ی په‌نجا و حه‌وت ملیۆن دینار ڕده‌نرێت.
هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی پلانه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه‌ی، ١١ی ئابی ٢٠٢٤، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، به‌ گوژمه‌ی چوارده‌ ملیار و دوو سه‌د ملیۆن دیناری عێراقی، جێبه‌جێكردنی چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سنووری شارۆچكه‌ی مه‌خموور و قوشته‌په‌ و شاره‌دێیه‌كانی سه‌ر به‌و دوو شارۆچكه‌یه‌ ڕاگه‌یاند.
ئه‌و پڕۆژانه‌ی بڕیاره‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا جێبه‌جێ بكرێت، له‌ بواره‌كانی ڕێگاوبان و په‌روه‌رده‌ و كاره‌با و بنكه‌ی ته‌ندروستییه‌.
جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژانه‌ش له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگای هه‌ولێره‌، كه‌ بڕیاره‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا جێبه‌جێبكرێت و بخرێته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌وه‌.
سه‌رباری بڕینی به‌شه‌ بوودجه‌كه‌ی به‌ نایاسایی له‌ به‌غداد بۆ ماوه‌ی ده ‌ساڵ، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان حه‌فتانه‌ چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیانی ده‌كات، ته‌نیا له‌ ساڵی ڕابردوو و له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوژمه‌ی بیست و هه‌شت ملیار و پێنجسه‌د و بیست ملیۆن و پێنجسه‌د و نه‌وه‌ت و دوو هه‌زار و حه‌وتسه‌د و هه‌ژده‌ دیناری عێراقی، ٥٣١ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سێكته‌ره‌كانی شاره‌وانی، ئاو و ئاوه‌ڕۆ و گه‌شتوگوزار له‌ سنووری پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ و تێكڕای ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان جێبه‌جێكراون، ئێستاش چه‌ندان پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ جێبه‌جێكردندان، كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ته‌واو ده‌كرێت.