هه‌ولێر.. لە ژێر درووشمی (لاوان هیواو هێزی ئایندەن) كۆڕبه‌ندی لاوان به‌ڕێوه‌چوو

ئەمڕۆ دووشەممە 12-8-2024، لە ژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بریکارانی هەردوو وەزارەتی پلاندانان و کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قایمقامی قەزای ناوەندیی و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی و بەڕێوەبەری لاوانی هەولێر، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی لاوان، کۆڕبەندی وەزارەتی ڕۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان/ بەڕێوەبەرایەتی لاوانی هەولێر لە ژێر درووشمی (لاوان هیواو هێزی ئایندەن) بەڕێوەچوو.

کۆڕبەندەکە بە ماڕشی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستیپێکرد و پاشان بەڕێوەبەری لاوانی هەولێر بەناوی وەزارەتی ڕۆشنبیری وتارێکی پێشکەشکرد، تێیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی گەورەترین توێژی جیهانە.

هەروەها ڕایگەیاند، لەمڕۆژەدا جەخت لە زیندوویی هێزی لاوان دەکەینەوە و کە وزە و داهێنەری پێشکەوتنەکانن.
ئەوەشیخستەڕوو، ڕۆڵی حکوومەت لە پێگەیاندنی لاوان گرنگە، لەوانەش پەروەردە، كه‌ خاڵێکی گرنگی پێگەیاندنی لاوانە.
دووپاتیشیکردەوە، پێویستە حکوومەت پشتگیریی لە توێژینەوە زانستییەکانی لاوان بکات ولەڕێگەی درووستکردنی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان هاندەری ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتی بێت.

پاشان ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە وتارێکدا وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی لاوان لە لاوانی جیهان و کوردستان و هەولێر، ڕایگەیاند، ئەم بۆنەیە ئاسۆیه‌كه‌ بۆ بیرخستنەوەی دەوڵەت و دەسەڵاتداران بۆ دووبارە پێداچوونەوە بە داخوازییەکانی لاوان، کەهەوێنی پێشکەوتنی کۆمەڵگەن.
پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند، ڕۆڵبەخشین بە لاوان لە دامەزراوەکانی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌، لە ئەولەویەتی کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆ سوود وەرگرتن لە تواناکانی لاوان.
ڕوونیشیکردەوە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێستگەی دەرفەتدانە بە هێزی لاوان، بەتایبەت دیدگای سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی بۆ گرنگیدان بە لاوان و سەرباری قەیرانە داراییەکان هەوڵدرا گرنگی زۆر بەلاوان بدرێت.
هەروەها گوتی، هەرێمی کوردستان پێویستی بە توانای لە بنەهاتووی لاوانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و وەستانەوە لە دژی.
دوواتر لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکەدا دوو پەنێل لە ژێر ناونیشانەکانی (ڕۆڵی حکوومەت لە پێگەیاندنی لاوان) و (پەیوەندی نێوان حکوومەت و لاوان و رێکخراوەکان بۆ بنیاتنانی داهاتوو لە دیدێکی هاوبەش) پێشكه‌شكران.