هه‌ولێر …رێوڕه‌سمێكی تایبه‌ت به‌ رۆژی جیهانی لاوان به‌ڕێوه‌چوو

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 12-8-2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر به‌شداریی رێوڕه‌سمێكی تایبه‌تی ئه‌نجوومه‌نی باڵای لاوانی عێراقی كرد، كه‌ به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی لاوان‌ به‌ چاودێری محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رێكخرابوو.
له‌ په‌راوێزی رێوڕه‌سمه‌كه‌دا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر وتارێكی پێشكه‌شكرد، تێیدا داوای له‌ حكوومه‌تی عێراق كرد گرنگی به‌ لاوانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بدات و له‌ مه‌ینه‌تییه‌كانیان كه‌مبكاته‌وه‌.
پارێزگاری هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌ ئه‌وله‌وییه‌تی كاره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئایدیا و بیركردنه‌وه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ گرنگیدان به‌ توێژی لاوان كرد و رایگه‌یاند، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام كاری بۆ باشتركردنی ژیانی لاوان كردووه‌، هه‌ر له‌ ره‌خساندنی هه‌لیكاره‌وه‌ بگره‌، تاوه‌كو ره‌خساندنی ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ رۆڵ بینیان له‌ كایه‌كانی سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ و ئیداره‌دانی گشتی.
هه‌ر له‌م میانه‌دا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، مه‌ترسی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌كانی‌ بۆسه‌ر لاوانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ئایینده‌‌یان خسته‌ ڕوو، روونیشیكرده‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ توێژی لاوان هۆشیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌ بكه‌ن و به‌ هه‌موو شێوازێك رووبه‌ڕووی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ببنه‌وه‌.