گوتەبێژی هاتوچۆ: چاککردنەوەی بەربەستی تێکدراوی شەقامەکان لە ئەستۆی شۆفێراندایە

گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، هەر شۆفێرێک بەربەستەکانی شەقام بەهۆی پێکدادان و ڕووداوەوە، تێک بدات، دەبێت ئەرکی چاککردنەوەی لە ئەستۆ بگرێت.

دووشەممە، 12ـی ئابی 2024، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، ڕاگەیاند، “گاردرێڵ” بەربەستی جیاکردنەوەی شەقامەکان، بۆ خزمەت هاووڵاتییانە، هەروەها بۆ ئەوەی هیچ ئاژەڵێک نەتوانێت بێتە سەر شەقام و پاراستنی گیانی شۆفێرانە لە حاڵەتی هەر ڕووداو پێکدادانێک کە ڕوو دەدات، تاکو نەچێتە سەر ڕێڕەوی شەقامی بەرامبەر.

ئەو گوتەبێژە دەڵێت: لە یاسادا ماددەیەک هەیە، ئەوانەی زیان بە موڵکی گشتی و حکوومەت دەگەیەنن، دەبێت بە پێی یاسا پێبژاردن بدات، یاخود چاکی بکاتەوە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەتوانن موڵکی میری تێک بدەن”.

عەقید هێمن ئەمین دەشڵێت: شۆفێر چەند مەتر لە گاردرێڵەکان تێک بدات ئەوەندە سزا دەدرێت یاخود چاکردنەوەکەی پێ دەسپێردرێت، بۆ نموونە ئەگەر مەترێک، یان سێ مەتر، بەگوێرەی ئەو ڕووداوەی دیاری دەکرێت دەبێت سزای ئەو چەند مەترە بدات. بۆ ئەو مەبەستە دەنێردرێتە ئەندازەی هاتووچۆ، لەوێ ڕێژەکەی تێ‌کدانەکە چەند بووبێت، ئەوان بۆی دیاری دەکەن، یا دەبێت لە ئەستۆی خۆی چاکی بکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر