هەولێر بە هاوکاریی ژاپۆنییەکان دەبێتە خاوەنی یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین ماستەرپلانەکان

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ڕاپۆرتی كۆتایی پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر ٢٠٥٠ ئامادە دەکرێت و تا بیست و شەش ساڵی دیکە حکوومەت و لایەنە پێوەندیدارەکانی هەولێر بەرچاوڕوونییان دەبێت لەسەر ئەوەی ئەو شارە لە سەر چ بنەمایەک و بە چ شێوەیەک فراوان بکەن، لە ماستەرپلانەکەدا کە بە هاوکاری ژاپۆنییەکان کراوە هەموو خزمەتگوزارییەکی شارێکی مۆدێرنی تێدا لەبەرچاو گیراوە.

هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کە سەنتەرەکەی یەکێک لە دێرینترین قەڵا مێژووییەکانە و بە کۆنترین شار دادەنرێت کە ژیان تێیدا بەردەوام بووە هەر لەسەر بنەمای ئەو بازنە مێژووییە شەقامەکانی شار بە بازنەیی فراوان بوون و دیمەنێکی زۆر جوانیان بە شارەکە بەخشیوە. پڕۆژەکانی ١٢٠ مەتری یەکێک لە پڕۆژە ستراتیجییەکان بووە و پڕۆژەی ١٥٠ مەتری پڕۆژەیەکی تری ستراتیجی بووە کە بەشێکی جێبەجێ کراوە و لەسەر بنەمای ماستەرپلان نەخشەی بۆ کێشراوە.
هەولێر کە کەوتووەتە دەشتایی و پاڵیش بە چیا دەدات لە ڕووباری زێی گەورە نزیکە و ژینگەیەکی زۆر لەباری بۆ ئەوە هەیە وەکو شارێکی مۆدێرن بەردەوام لە گەشەسەندندابێت. بناغەی گەشەسەندنی هەموو شارێک لەسەر بنەمای ماستەرپلان و نەخشەی شارستانی دەکرێ و ڕاستە هەولێر پێویستی بە زۆر خزمەتگوزاریی پێشکەوتووی وەک سیستمی گواستنەوە و مێترۆ هەیە کە بە پێچەوانەی شارە گەورەکانی جیهان لێی بێ بەشە بەڵام هەمووی ئەوانە لە ماستەرپلاندا جێیان بۆ کراوەتەوە و دێتەوە سەر ئەرک و بەرپرسیارێتیی بەرپرسانی ئێستە و داهاتووی هەولێر تا لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ماستەرپلانەدا بتوانن گەشە بە شارەکە بدەن.
دوێنێ یەکشەممە بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار شەشەمین كۆبوونەوەی لیژنەی هەماهەنگیی هاوبەشی تایبەت بە ئامادەكردنی ڕاپۆرتی كۆتایی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر بەڕێوەچوو کە بەڕێوەبەری پێشكەوتووی ئۆفیسی جایكا لە عێراق و كۆزۆ ئۆنۆ، ڕاوێژكاری پرۆژەكانی جایكا و تیمی جایكا و ژمارەیەک بەرێوەبەری گرینگ لە وەزارەتەکان و بیست و چوار ئەندامی JCC و دوو ئەندامی جایكا و دوو ئەندامی تیمی پرۆژەكانی جایكا ئامادەی بوون.
لەو كۆبوونەوەیەدا ڕەشنووسی ڕاپۆرتی كۆتایی ئامادەكراوی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر٢٠٥٠خرایەڕوو كە تێیدا سەرجەم لایەنەكانی شی كرانەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند هەفتەیەكی تردا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەت و لایەنە پێوەندیدارەكانی دیكەی حكوومەت سەرنجی خۆیان لەبارەی ڕاپۆرتی كۆتایی دەخەنەڕوو بۆ ئەوەی جێگەی سەرنجەكان بگرێتەوە و كاری جیددییان لەسەر بكرێت و دواتر لە چەند مانگی داهاتوودا پەسەند دەكرێت و پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
وەزیری شارەوانی گوتی دوای دوو ساڵ كاركردن لە پرۆژەی هەمواركراوی ماستەرپلانی هەولێر، خۆشبەختانە كۆبوونەوەی شەشەمی لیژنەی باڵای JCC دەكەن و دوای چەند مانگێكی تر كارەكانی پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەولێر كۆتاییان دێت و هەولێر دەبێتە خاوەن ماستەرپلانێكی نوێ و لە داهاتوودا پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی شاری هەولێر لەژێر ڕۆشنایی ئەو ماستەرپلانەدا جێبەجێ دەكرێن.
ئەو سوپاسی سەرجەم تیمەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتە پێوەندیدارەكانی كرد لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا كاریان لەو پرۆژەیەدا كردووە و بەشدارییەكی كاریگەریان لە سەرخستنی پرۆژەكەدا كردووە.
یەکێک لەو ئاژانسە نێودەوڵەتییانەی لەم پڕۆژەیەدا هاوکاریی هەرێمی کوردستانیان کردووە ئاژانسی جایکای ژاپۆنییە کە پێشتر لە بواری تریشدا هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و هەر بۆیەش دوێنێ لە کۆبوونەوەکە وەزیری شارەوانی بۆ پاڵپشتی و هەماهەنگی و هاوكارییەكانی ئەو ئاژانسە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە لە بواری پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و ڕاوێژكاری و خول و چەندین بواری دیكەدا پێشكەشیان كردوو،سوپاسی کردن.
پێویستە بگوترێ لە ماستەرپلانی هەولێردا چەندین بازنەی تری شەقام و سەوزایی جێیان بۆ کراوەتەوە، ئەمە جگە لە پڕۆژەی ستراتیجیی ئاوەڕۆی قورسی هەولێر، هاوکات پشتێنەیەکی سەوز هەیە کە بەدەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە و یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەو ماستەرپلانە بوونی ئەو پشتێنە سەوزەیە کە بەهۆیەوە ڕێژەی سەوزایی لە هەولێری پایتەخت دەگەیەنێتە سەرووی ستانداردی جیهانی و کەش و هەوایەکی زۆر خاوێن و تایبەتی بە شارەکە دەبەخشێت.