فەرید عەلی حەیدەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کار بۆ دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکارانی بیانی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یاسایەکی تۆکمە مافی کرێکارانی بیانی دەپارێزێت

لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرایەتیەکی تایبەت بە ناوی “کار” هەیە و کاری ئەو فەرمانگەیەش پەیوەستە بە ڕایی کردنی مامەڵەی کرێکارانی بیانی لە ڕێگەی چەند کۆمپانیایەکی تایبەت بە هێنانی خزمەتگوزاری بیانی به گشت ڕەگەزنامە ئەفریقی و عەرەب و نیپاڵی و ئەندەنووسیەکانەوە.

بەپێی داتای ئەو فەرمانگەیەش بێت ڕۆژانە ڕێژەی کرێکارانی بیانی کە بە مەبەستی خزمەتگوزاری دێنە کوردستان و لە ماڵ و فەرمانگە و کەرتی تایبەت کاردەکەن ڕوو لە زیادبوونن، تەنانەت دەرگای کراوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی بیانی و ئاسانکاریی لە داواکانیان بۆ ڤیزای کارکردن و گەرەنتی کردنی ژیانیان لە ڕووی ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان وایکردووە خواست لەسەر ڤیزا زیاتر بێت، جگە لە کرێکارانیش سەرمایەدار و خاوەنکارانی جیهان، کوردستان و هەولێر بەتایبەتی وەک سەنتەرێکی بازرگانی هەژمار دەکەن و ڕۆژانە داواکاری ڤیزا بە ڕێگەی کۆمپانیا و ئاگاداری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی نشینگەی هەولێر پێشکەش دەکەن.
“فەرید عەلی حەیدەر” بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کار بۆ دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکارانی بیانی لەم دیمانەیەی ڕۆژنامەی “هەولێر”ـدا ئاماژە بۆ ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یاسای گشتگیری هێنانی کرێکارانی بیانی و خاوەنکارانی جیهان دەکات، کە توانراوە زەمانەتی ژیان و ڕەخساندنی هەلی کار بکرێت بۆ ئەوانەی خواستی کارکردنیان هەیە لە هەرێمی کوردستاندا.
تەنانەت هەرێمی کوردستان بووەتە ماڵی دووەم بۆ بیانیەکان و بە ئاسوودەییەوە خزمەتی کوردستان دەکەن و دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکانیشیان داوای مانەوە پێشکەش دەکەن.

  • ئەولەویەتی کارکردنی ئێوە لەم فەرمانگەیەدا چیە؟
    بەپێی یاسا و ڕێنوێنەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ پاراستنی مافی هاوڵاتیانی بیانی و بە گرتنەبەری چەند ڕێکارێکی تایبەت پێشوازی لە مامەڵەی پێدانی ڤیزای کارکردنی کرێکارانی بیانی دەکەین، کە خواستی خزمەتکردنیان هەیە لە کوردستان، لەم نێوەندەشدا کۆمپانیای ڕێگەپێدراو دوای پێشکەشکردنی داواکەی بۆ هێنانی ئەم کرێکارانە یان ڤیزای سەردانی گەشتیاری دەبێت، ڕەچاوی ئەو خاڵانە بکات، کە دیاریکراون کاری پێدەکەین، تەنانەت گەرەنتی ئەوە بکات، دوای واژووکردنی گرێبەستی کارکردن و نیشتەجێبوون و لە ڕێگەی فەرمانگەی نشینگەی هەولێرەوە، کە ماوەی دیاریکراوی ٢ ساڵە، دەبێت دوای ئەم ماوەیە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بکات و داوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێشکەش بکات، ئەمانەش دوای ئەوە دێن، کە کەسی بیانی هەموو ڕێکارەکانی تەندروستی و باج و شوێنی کارکردنی دیاریکرابێت و هیچ گرفتێکی ئەوتۆ لە مامەڵەکانیدا نەبێت، تەنانەت ئەو کۆمپانیایەی داواکاری هێنانی کرێکارەکە دەکات دەبێت هەموو خاڵەکانی فەرمانگەکەی ئێمە وەک خۆی جێبەجێ بکات و لە بڕی مووچە و گرێبەستی کارکردنی ئەو هاوڵاتیە بیانیە ئاگادارمان بکاتەوە، یان ئەگەر هاتوو لە حاڵەتێکی نەخوازراودا تووشی نەخۆشیەکی درێژخایەن هاتن بە زوویی داوای هەڵوەشانەوەی گرێبەستەکەی لای ئێمە پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی ڕێگەپێدانیان بۆ بکەین و بگەڕێنەوە وڵاتەکەی خۆیان.
  • تەنیا سەرمایەداران داواکاری کرێکاری پێدانی ڤیزا بۆ ئەو خزمەتگوزارانە پێشکەش دەکەن؟
  • نەخێر، گرێبەستی ئەو کرێکارانە دیاری نەکراوە بۆ سەرمایەدارێک یان خاوەن مۆڵێک، بگرە کەسانێک هەن خاوەن نەخۆشی درێژ خایەنن و لە ڕووی جەستەییەوە پەککەوتەن یان کەسێک نیە بیانگرێتە خۆی و بەپێی ڕێکەوتن لەگەڵ کۆمپانیایەکی دەستی کار داوای کرێکارەکە پێشکەشی ئێمە دەکات و ئێمەش دوای وردبینیمان بۆ داواکەی و لێکۆڵینەوەی ورد لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی گرێبەستەکە و بەڵێنامەیەکیان لە فەرمانگەی دادنووسی هەولێر پێ واژوو دەکەین، کە ١٩ خاڵی لەخۆگرتووه و پێویستە خاوەن ماڵ جێگە و ڕێگەی ئەو کرێکارە دابین بکات و زمانی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو خزمەتگوزاره ڕێکوپێک بێت و لە کاتی خۆیدا مافەکانی وەک مووچەی پێبدات.
    جگە لە کەسانی ئاسایی خاوەنکار و فەرمانگە و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتیش دەتوانن کرێکاری بیانی داوا بکەن و بگرە ئەوانەی شوێنەکانیان فراوانە بە ئاگاداری ئێمه دەتوانن لە کرێکارێک زیاتر داوا بکەن، بەڵام بە مەرجێک، کە ئەوان بتوانن مەرج و خاڵە سەرەکیەکانی بەڕێوەبەرایەتی کار و نشینگە وەک خۆی جێبەجێ بکەن، یان خاوەن چێشتخانە و میوانخانەکان زەمانەتی تەندروستی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئەو کرێکارە وەک مافێکی ڕەهای خۆیان بکەن و نەگەن بەو حاڵەتەی کرێکارەکە توندوتیژی بەرامبەر بکرێت، چونکە سکاڵای ئەو خزمەتگوزارە بیانیە لای ئێمە بەهەند وەردەگیرێت و حکوومەتی کوردستانیش سووره لەسەر پارێزراوبوونی مافەکانی ئەو کرێکار و گەشتیارانەی ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
  • ئەگەر هاتوو ئەو کرێکارە بیانیە لە کوردستاندا تووشی ڕووداوێکی نەخوازراو بوو یان بە نەخۆشیەکی کتوپڕ گیانی لەدەستدا کێ ئەو بەرپرسیاریەتیە هەڵدەگرێت؟
  • ئێمە لێژنەیەکی تایبەتمان بە لێکۆڵینەوە لەم ڕووداوە نەخوازراوانە هەیە و بە وردی کاری خۆیان دەکەن بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان، لە حاڵەتێکی مردن یان ڕووداوێکی سووتان و هاتووچۆدا یان نەخۆشی، دوای لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکان بە ڕاپۆرتێک کۆنسوڵگەریی وڵاتەکە ئاگادار دەکەینەوە بۆ گەڕانەوەی تەرمی ئەو کەسە بیانییە، تەنانەت ئەگەر کۆمپانیای داواکار کەمتەرخەم بێت لەوەی لە ڕووی تەندروستیەوە ئەو کرێکارە گرفتێکی هەبووبێت ئەوا بەپێی یاسا تووشی سزای توند دەبێتەوە، یان خاوەن ماڵەکە دەتوانن سکاڵای یاسایی لەسەر کۆمپانیاکە تۆمار بکەن بۆ ئەوەی مافەکانیان لە هەڵوەشانەوەی گرێبەستەکە بگەڕێنێتەوە و کرێکارەکەش لە ڕێگەی ئێمە و بەڕێوەبەرایەتی نشینگەوە دیپۆرتی وڵاتەکەی خۆی بکرێتەوە.
  • کرێکارانی بیانی لە کوردستاندا هەست بە ئاسوودەیی دەکەن؟
  • پرسیارێکی بەجێیه و نەک تەنیا هەست بە ئاسوودەیی بکەن لە کارکردن لە هەرێمی کوردستاندا، کە خاوەن کەشێکی سەقامگیرە و مافی هەمووان بێ جیاوازی تێیدا پارێزراوە، بەڵکو بوونەتە بەشێک لەم هەرێمە و تەنانەت کوردستان بە ماڵی خۆیان دەزانن و دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکانیان جارێکی تر داواکاری نوێکردنەوەی گرێبەستی کار پێشکەش دەکەن و دەیانەوێت لە هەولێری سەرکەشدا بمێننەوە و کوردستانیش بە لانکەی هەژار و لێقەوماوان دەزانن.
  • دەگوترێت گرێبەستی هێنانی کرێکاری بیانی بووەتە دەروازەیەک بۆ بازرگانی کردن ئەمەیان ڕاستە؟
  • ڕەنگە هەندێک حاڵەتی لەم شێوەیەدا هەبێت، بەڵام خۆشبەختانە نەبووەتە دیاردەیەکی ناشیرین، کە کۆمپانیاکان بە بڕێکی دیاریکراو هاووڵاتیەکی کوردی دانیشتووی هەولێر و خاوەنی کارتی زانیاری و نیشتەجێی ئەم شاره فریوو بدەن بۆ واژووکردنی ئەو گرێبەستە لە ڕێگەی فەرمانگەی دادنووسی هەولێرەوە، کە بەڵێنامەکانیان لێ واژوو دەکەن بە ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان.
    لەمەشیاندا ئێمە ڕێکاری قورسمان گرتووەتەبەر و خاوەن ماڵ ناتوانێت بەبێ مەرجەکانی ئێمە ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیاکان بکات، چونکە ناوی لای ئێمە تۆمار دەکرێت و ڕێگری لە دووبارە بوونەوەی ناوەکانیان دەکرێت و ڕەزامەندی ئێمەیان پێنادرێت، لەم حاڵەتەشدا گرێبەستی کۆمپانیاکە پووچەڵ دەکرێتەوە و مافی داواکاریش لەو کەسە وەردەگیرێتەوە، کە دەیەوێت بە نایاسایی ئەم بەڵێنامەیە لە دادنووسدا پڕ بکاتەوە.
  • بۆچی تەنیا یەک کرێکار یان دوو ڕێگە پێدراوە بۆ خاوەن ماڵێک؟
  • ئەمە بۆچوونێکی هەڵەیە لای خەڵک دروست بووە، کە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان مافی هێنانی تەنیا کرێکارێکی هەیە بۆ ئەوەی خزمەتی بکات، نەخێر ئێمه لە کاتی وەرگرتنی داواکارییەکاندا ڕەچاوی بار و گوزەران و شوێنی ئەو خاوەن ماڵە یان کۆمپانیایە دەکەین، ئەگەر هاتوو داواکار خاوەنی خانووێکی گەورە یان مەزرەعەیەک بوو، کە لێژنەی پشکنینی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان سەردانی کردبێت ئەوە دەتوانێت تا ٥ کرێکار بباتە ماڵەکەی و ساڵانەش لە کاتی خۆیدا سەردانمان بکات و داواکاری نوێکردنەوەی مافی نیشتەجێبوون و کارکردنی ئەو خزمەتگوزارانە پێشکەش بکات، ئێمە لەم حاڵەتەدا هەموو کارئاسانیەکی پێشکەش دەکەین، چونکە بەپێی ڕێنوێنەکانی حکوومەتی هەرێم کە کاری پێدەکەین، لەسەر ئەوەیە هەموو ئاسانکارییەک بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی بیانیەکان بکەین، بە مەرجێک لە یاساکاندا لایان نەدابێت.
  • چەند جۆرە کار گوزاری بیانی هەیە؟
  • بەشێوەیەکی گشتی کرێکارانی بیانی دوو جۆرە یاخود دوو بەشە، کارگوزاری ماڵ، کە لەماڵ کار دەکەن بە ئاگاداری و ڕەزامەندی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی هاتوونە هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ کاری ماڵ، کرێکاری پڕۆژە دەتوانن لە سەرجەم کەرتە تایبەتەکان کاربکەن وەکو کارگە و کۆمپانیا و مۆڵ و نەخۆشخانە تایبەتەکان و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاریی شارەوانییەکان بەپێی گرێبەست، ئەوانە لە ڕێگەی ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ دێنە هەرێمی کوردستان و سەرجەم ئەو کرێکارە بیانیانەی کەوا کاری ڕۆژانە و ئازاد دەکەن بۆ زانیاریت لەگەڵ دەستپێکی ساڵی 2024، کە بڕیاری ژمارە 172 سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەساڵی 2022 دەرچووە، ئەو بڕیارە چویتە بواری جێبەجێکردن کەواتە پڕۆژەکان دەتوانن (25‌‌%) کار بە کرێکاری بکەن و مەرجە (75%) کرێکاری خۆماڵی بێت و دەستەبەر کراوبێت و مۆڵەتی کاری لەبەڕێوەبەرایەتی کاری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان بەدەست هێنابێت کە بەڵگەنامەیەکی فەرمیە و ماف بە کرێکار دەدات بەشێوەیەکی یاسایی کار بکات و لە هەمان کاتدا پڕۆژەکەش پارێزراو دەبێت بەپێی یاسا و ڕێنمایی.
  • بڕیار نیە لەم بەڕێوەبەرایەتیەدا داواکاری پێدانی ڤیزای کار بە ئەلیکترۆنی بکرێت؟
  • بەڵێ، ڕەنگە میدیاکان لەوە ئاگادارنەبن، کە ئێمەش هاوشێوەی فەرمانگەکانی دیکەی کە ئێستا بە سیستمی ئەلیکترۆنی کاردەکەن، ئێمەش بەهۆی زۆری کارەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان و وەرگرتنی زۆری مامەڵەکانی هاوڵاتیانی خۆمان خەریکی پلانی بە ئەلیکترۆنیکردنی کارەکانی ئەو فەرمانگەیەین، بۆ ئەوەی لە ڕۆتین خۆمان بپارێزین و هاونیشتمانیانیش تووشی ئاستەنگ نەبنەوە و لە ڕێگەی ماڵپەڕێکی تایبەتەوە داواکانیان پێشکەش بکەن.
ھەواڵی زیاتر