پۆندی سەرقزڵ لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان كێشەی بێئاوی و گرفتی ئاژەڵدارانی چارەسەر كردووە

بەشێک لە ئاژەڵدارانی ناوچەکە دەڵێن: ” نەبوونی ئاو لە پێشتردا، ئێمەی گوندنشین و ئاژەڵدارانی هەراسان کردبوو، بەڵام دروستکردنی ئەم پۆندە وای کردووە، کێشەی ئاودانی ئاژەڵەکانمان نەمێنێت”.
ئامانجی كابینەی نۆیەم لە دروستكردنی پۆندەكان، بریتی بووە لە بووژاندنەوەی كشتوكاڵی، پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و برەودان بە ئاژەڵداری و ژینگە؛ لەو چوارچێوەیەدا، لە کابینەی نۆیەم، 8 پۆند تەواو کراون و 43 پۆندی تریش دروست دەکرێن.
د.عەبدولموتەلیب ڕەفعەت، شارەزای کشتوکاڵی، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: “دروستکردنی بەنداو و پۆندەكان یەکێکە لەو هۆكارانەی یارمەتیمان دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، وشکەساڵی، هەروەها لە ڕووی ئاسایشی خۆراکەوە وا دەکات دەست بۆ هاوردەکردنی ماددە خۆراکییەکان لە دەرەوەی وڵات نەبەین”.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی گرنگیدان بە پرۆژەكانی ئاو، جگە لە پاراستنی سامانی ئاو و گرنگیدان بە كشتوكاڵ و ئاودێری، خواستییەتی پارێزگاری لە ژیانی بەرهەمهێنەرانەی گوندنشینان بكات و لە لادێكاندا وەكوو سەرچاوەی سەرەكیی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی بمێننەوە؛ بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام پرۆژە و خزمەتگوزاریی نوێ پێشكەش دەكات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری