فراکسیۆنی پارتی کار بۆ دەرکردنی یاسای دژایەتیی گوتاری ڕق و کینە دەکات

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، کار بۆ دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە دژایەتیی گوتاری ڕق و کینە دەکات؛ بە مەبەستی پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان ئایین و نەتەوەکان.

شەممە، 10-08-2024، مەحما خەلیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند “وەکو فراکسیۆنی پارتی، بە ڕێنوێنی سەرکردایەتیی حزبەکەمان، هەموو هەوڵێکمان دەخەینە گەڕ تاوەکو یاسایەکی تایبەت بە دژایەتیی گوتاری ڕق و کینە لە پەرلەمان دەر بکەین”.

مەحما خەلیل، ڕوونیشی کردەوە، دەیانەوێت یاساکە بە شێوەیەک بێت، هەر هاووڵاتییەک لە عێراق یان هەرێمی کوردستان، بێڕێزیی یان سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی ئایین یان نەتەوەیەک بکات، ڕێکاری یاسایی لەگەڵ بگیرێتەبەر و بە توندرین شێوە سزا بدرێت.

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی باسی لەوەش کرد، “بە گوێرەی دەستوور، عێراق وڵاتێکی فرە نەتەوەیی و ئایینییە؛ بۆیە پێویستە هەمووان کار بۆ پارێزگاری لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە و نەتەوەکان بکەن. گەلی کورد، هەڵگری پەیامی مرۆڤدۆستی و ئاشتییە و هەرگیز ستەمی لە هیچ پێکهاتەیەک نەکردووە و هێرشی نەکردووەتە سەریان”.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، کەسایەتییەکی ئێزدی لە هەرێمی کوردستان، لە دەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی دژی ئێزدییەکان، لە گوتارێکدا وەکو ئەوەی موسڵمانان دەیڵێن، “سووکایەتی و بێڕێزی” بە ئایینی ئیسلام و پەیامبەرەکەیان محەممەد (د.خ.) کردووە. دواتریش فەرمانی دەستگیریی بۆ ئەو کەسایەتییە ئێزدییە دەرچوو.

ھەواڵی زیاتر