دوای نەوت حکوومەتی عێراق دەیەوێت ڕێگە لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی دیکەی کوردستانیش بگرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لە جیاتی ئەوەی هاوکار بێت بۆ پەرەسەندنی کەرتی ئابووریی هەرێمی کوردستان کە بەشێکە لە بازنەی ئابووری و ئاسایسی خۆراکی عێراق، بەربەستی بۆ دروست کردووە و لە هەوڵی داتەپاندنی ئەو کەرتەدایە. گەیلان حاجی سەعید سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر هەنگاوەکەی عێراق بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەکاریی کوردستان بە هەڵوێستێکی سیاسی و درێژەی هەڵوێستە سیاسییەکاکانی تر ناو دەبات.

سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەوەی کەرتی ئابووریی هەرێمی کوردستان کە بە پلان و بەرنامە جێبەجێ کرابێت بۆ سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ دەگەڕێتەوە و یەکەم هەنگاو ئەوە بوو کە حکوومەتی فیدراڵی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستانی بە بێ هیچ هۆکارێک بڕی و گەمارۆی دارایی خستە سەر هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان لەو کاتەدا کە بە تایبەتی لە کەرتی پیشەسازی و ئاوەدانکردنەوە هەنگاوی گەورەی نابوو تووشی دۆخێکی نالەباری ئابووری بووەوە و بە ناچار هانای بۆ هەناردەکردنی ئەو نەوتە برد کە بەرهەمی دەهێنا و بۆ یەکەم جار هەرێمی کوردستان بە فەرمی نەوتی هەناردەی بازاڕەکانی دنیا کرد و لە نەخشەی دابینکردنی وزەی جیهان ڕۆڵی کارای گێڕا.
جەنگی داعش و دواتر شەپۆلی ئاوارەکان و دابەزینی بەهای نەوت کاریگەریی خراپی بۆ سەر کەرتی ئابووریی و دارایی هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام هەر چۆنێک بێت توانرا دۆخە قەیراناوییەکە تێپەڕێنێت و ئەگەر بە کەم و کورتیش بێ مووچە دابین بکات و تەنانەت کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگی ستراتیژی لەو ماوەیەدا جێبەجێ کرد.
هەنگاوی دووەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە بوو پشت بە کەرتەکانی تری ئابووری ببەستێت و لە کەرتەکانی گەشتوگوزار، پیشەسازی و کشتوکاڵ هەنگاوی گرنگ نرا و بە تایبەتی لە ساڵانی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان جگە لەوەی کە لە هەندێک بەرهەمی کشتوکاڵی و پیشەسازی بە خۆبژێوی گەیشتووە لە هەمان کاتدا بەرهەمەکانی هەناردەی وڵاتانی تر و پارێزگاکانی عێراق کردووە.
زۆرترین گەشەی پیشەسازی لە چاو عێراق لە هەرێمی کوردستان ڕووی داوە و بەرهەمە پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی عێراقدا بڵاو بوونەتەوە ئەمە بەدەر لەوەی کە ڕۆژانە ڕێژەیەکی بەرچاو لە پێداویستیی کشتوکاڵی عێراق لە لایەن هەرێمی کوردستان دابین دەکرێ و مریشک و هێلکەی کوردستان لە تەواوی مارکێتەکانی عێراق دەست دەکەون.
حکوومەتی فیدراڵی کە لە ئاداری ساڵی ڕابردوو لە ئاکامی یەکلابوونەوەی سکاڵایەکی حکوومەتی عێراق لە دادگایەکی فڕەنسی لە بواری هەناردەی نەوتدا سزای بەسەر حکوومەتی تورکیادا سەپاند و لەو کاتەوە تورکیا ڕێی نەداوە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێت و سەرەڕای ئەوەی کە دواتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی ڕێککەوتنی کرد و پرسی هەناردەی نەوتیان یەکلایی کردەوە بەڵام دیسان سەرەڕای ئەوەی کە بە ملیاران دۆلار زیانی بۆ عێراقیش هەبووە عێراق ڕێی نەداوە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێت.
مەبەستە سەرەکییەکەی عێراق ئەوە بووە هەرچی کۆمپانیای نەوت هەیە کوردستان جێبهێڵن و بیر و سەرچاوەکان و پڕۆژەکان نەوتی کوردستان تێک بچن و ئەو کەرتە لە کوردستان هەرگیز گەشە نەکات بەڵام بەو خەونەیان نەگەیشتوون.
ماوەیەکە حکوومەتی عێراق دەستی بۆ کەرتێکی تری ئابووری بردووە و پلانی هەیە ئەو کەرتەی کوردستان داتەپێنێت و چەند ڕۆژێکە ڕێ بە بەرهەمەکانی کشتوکاڵی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان نادرێت بۆ پارێزگاکانی تری عێراق هەناردە بکرێن و ئەمەش دۆخێکی زۆر نالەبار و مەترسیداری بۆ ئەو کەرتە هێناوەتە کایەوە.
گەیلان حاجی سەعید سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر بۆ ڕۆژنامەی هەولێر باسی لەوە کرد کە ئەوەی بەغدا بەرانبەر بە بازرگانان و بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان دەیکات هەڵوێستی سیاسییە و درێژەی هەمان هەڵوێستە سیاسییەکانی ترە کە بەرانبەر هەرێمی کوردستان گرتوویەتە بەرت.
ئەو ڕوونی کردەوە بەپێی مادەی ٢٤ی دەستووری هەمیشەیی عێراق ئەوەی لە هەرێمی دەگوزەرێ جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی خۆیەتی و ئەو بیانووانەی حکوومەتی عێراق بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەی هەرێم خستوویەتە ڕوو هیچ کامێکیان یاسایی نین چونکە هەموو ئەو کارگە و ناوەندە پیشەسازییانە لە دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون و ڕێنماییەکانیان جێبەجێ کردووە و بەپێی یاسا و دەستووریش ئەوا بازرگانان بۆیان هەیە بەرهەمەکانیان لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق ساغ بکەنەوە.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر گوتی لە هەوڵەکانیان بۆ لابردنی ئەو پێشێلکارییانەی حکوومەتی فیدراڵی دەیکات بەردەوامن و لایەنە پێوەندیدارەکان لەو پێشێلکارییانە ئاگادار کردووەتەوە.
حکوومەتی فیدراڵی هەر بەوە نەوەستاوە دەستی بۆ مووچە و قووتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش بردووە و مانگانە بە بیانووی جیاواز مووچە دوا دەخات و خەریکە بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان ئەوە بە بەڵگە دەسەلمێنرێت کە هەنگاوەکانی بەغدا دژی هەرێمی کوردستان سیاسین و بیانووەکان بێ بنەمان و مەبەستە سەرەکییەکەیان داتەپاندنی ئابووری هەرێمی کوردستانە و لەم سۆنگەیەوە دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەنە ئامانج.

ھەواڵی زیاتر