پێداچوونەوە بە باج و ڕسووماتەکانی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ پێداچوونەوە بە باج و ڕسووماتەکانی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل دەکات. ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان بە سەدان ئۆتۆمبێل کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، حکوومەتی هەرێم بڕیاری داوە باج و ڕسوومات لەسەر ئۆتۆمبێل کەم بکاتەوە، ئەمەش هەنگاوێکی ئەرێنییە و هاووڵاتییان و خاوەن پێشەنگەکانی ئۆتۆمبێل پێشوازی لە بڕیارەکە دەکەن.

ڕۆژبەڕۆژ جووڵەی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهان ڕوو لە بەرزبوونەوەیە و هەرێمی کوردستان بووەتە سەنتەرێکی گرنگی بازرگانی بۆ شارەکانی عێراق. بەپێی نووسراوێک تاوەکو یەکلاییکردنەوەی ڕێکخستنەوەی ڕێکارەکانی وەرگرتنی باج لەگەڵ دامودەزگا فیدراڵییەکان و هەموارکردنەوەی یاساکە، وەرگرتنی ئەو باجانە ڕادەگیرێت.
وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە گفتوگۆدایە بۆ ڕێکخستنەوە و کەمکردنەوەی باج و ڕسووماتەکانی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل. لە ٢٣ـی مانگی ڕابردوو، لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بە مەبەستی ڕەچاوکردنی دۆخی دارایی هاووڵاتییان و پیشەوەرانی هەرێمی کوردستان، وەرگرتنی چەند باجێک لەسەر هاووڵاتییان ڕاگیرا.
بڕیاری کەمکردنەوەی باج و ڕسوومات لەسەر ئۆتۆمبێل وای کردووە نرخی ئۆتۆمبێل دابەزێت و خاوەن ئۆتۆمبێلەکان هەوڵ بدەن بەزووی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆکانەوە ببنە خاوەن ئۆتۆمبێلی خۆیان، خاوەن پێشانگەکانیش ئەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەت بە بڕیارێکی باش دەزانن و سوپاسی حکوومەتی هەرێم دەکەن کە بەردەوام لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بڕیار دەدات.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵەکانی چڕ کردووتەوە بۆ ئەوەی لەبەرژەوەندی هاووڵاتییان باج و ڕسوومات کەم بکاتەوە و جموجۆڵی بازاڕیش لەڕووی ئابووریەوە بۆ شۆفێر و خاوەن ئۆتۆمبێلەکان باشتر بکات. خاوەن پێشانگەکان و هاووڵاتییان، دەڵێن، ئێمە دڵخۆش بووین بەو بڕیارەی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی باج و ڕسوومات، ئەوەش هەم بۆ ئێمەی هاووڵاتی باشە کە ئۆتۆمبێل دەکڕین و دەفرۆشین، هەمیش بۆ حکوومەتی هەرێم باشە، پێشتر لەبەر زۆری باج و ڕسوومات کەمتر کڕین و فرۆشتن بە ئۆتۆمبێلەوە دەکرا، بەڵام ئێستا بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل باشە و ڕۆژانە بە دەیان ئۆتۆمبێڵ کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت، هیوادارین حکوومەت بەردەوام بێت لە بڕیاری لەو شێوەیە.
کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” دەڵێت: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاری ٣٣٩٣ـی دەرکرد بۆ ئەوەی بەشێک لەو بارقورسییانەی سەر شانی هاووڵاتییان سووک بکات، ئەم بڕیارەش بەڕەچاوکردنی ئەم بارودۆخەی ئێستای هاووڵاتییان دەرکراوە، هەر بڕیارێک دەربچێت بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتییانە.
بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری، ئاشکراشی کرد: بەڕاستی ئەو بڕیارە بڕیارێکی زۆر دروست بوو و لە ئەنجامی دیراسەکردنی بابەتی و زاتی بازاڕی هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامی کەمبوونەوەی کار و کەسابەتی پیشەوەران و کاسبکاران بوو بەهۆی ئەو قەیرانە یەک لە دوایەکانەی کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە کە لە ڕابردوودا ئەو گەماڕۆ سەختانەی خرانە سەر هەرێمی کوردستان، وای کرد لێکەوتە و دەرهاویشتەی زۆر نەرێنی لەسەر تەواوی سێکتەرەکان لە هەرێمی کوردستان دروست بکات، حکوومەتی هەرێم دیراسەتێکی وردی ئەو بابەتەی کرد و لە سۆنگەی پەرۆشی و خەمخۆری حکوومەتی هەرێم بۆ هەموو چین و توێژەکان بەتایبەتی چینی کاسبکار و هەژاران وای کرد کە پێداچوونەوەیەکی جیددی لەسەر کۆی ئەو بڕیار و یاسانەی پێشووتر بکات ئەوەی پێویست بێت بۆ سووکردنی ئەو بار قورسییەی کە کەوتووتە سەر شانی هاووڵاتییان بدات، سەرۆکوەزیران لەم ڕوانگەیەوە هەنگاوی ناو و ئەو بڕیارانەی دەرکرد، تەواوی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبن، هەندێکیان بە ڕاستەوخۆ و هەندێکیشیان بە ناڕاستەوخۆ لێی سوودمەند دەبن.
کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، جەختی لەوەشکردەوە: لە شەش ساڵی ڕابردوودا کە دەستمان پێ کردووە زۆرترین چاکسازی لە سێکتەری باج کراوە، ڕێکخستنەوەی باج بونیاتنانی وڵاتێکی بەهێزە، هەر وڵاتێک ئەگەر سیستەمی باجی بەهێز نەبێت، دەرووخێت.

ھەواڵی زیاتر