پردی دەلال؛ شوێنەوار و هێمایەکی مێژوویی کوردستانە

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

پردی دەلال یاخود پردی مەزن لە زاخۆ، شوێنەوار و هێمایەکی مێژوویی کوردستانە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەندی شاری زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆک، پردەکە ٥٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی دهۆکەوە دووره و لەسەر ڕووباری خابوور بنیاتنراوە و هەردوو بەشی زاخۆ پێکەوە دەبەستێتەوە.مه

مێژووناس ئاکۆ جان، باس لە مێژووی درووستبوونی پردی دەلال دەکات و دەڵێ: مێژووی پردی دەلال دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا، چەند بۆچوونێکی جیاواز سەبارەت بە مێژووی دروستکردنی پردی دەلال بوونی هەیە، یەکەمیان بۆچوونێکە کە بنیاتنان و دروستکردنی پردەکە دەگێڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆمانییەکان و ڕۆمانییەکان بە بنیاتنەری پردەکە دادەنێت، چوونکە شێواز و دیزاینی پردەکە لە شێوازی ئەندازیاری و تەلارسازی ڕۆمانەکانەوە نزیکە. بۆچوونێکی تریش بوونی هەیە کە مێژووی بنیاتنانی پردەکە دەگێڕنەوە بۆسەردەمی ئیسلامی و بە دیاریکراوی سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان و ئەوان بە بنیاتنەری پردی دەلال دادەنرێن. لە ڕابردوودا پردەکە بە چەند ناوێک ناودار بووە، بە پردی مەزن یان پردی عەباسکی ناوزەد کراوە، لە ساڵی ١٩٠٩ بە فەرمی ناوی پردەکە کرا بە پردی خابوور، بەڵام لەناو خەڵکیدا پردەکە هەر بە “پردی دەلال” ناسراوە و کە واتای جوانی یان شۆخی دەبەخشێت. لە ئێستادا چەند جارێک پردەکە نۆژەن کراوەتەوە، بەڵام لەسەر شێوازە کۆنەکەی نۆژەنکراوەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە ستایل و شێوە کۆنەکەی نەکراوە و بۆیە پردەکە مەترسی لەناوچوون و ڕووخانی لەسەر نییە. هاوکات چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاریی کەرتی تایبەتیش لە نزیک پردەکە دروستکراون، بەوهۆیەوە لە ئێستادا پردی دەلال بووەتە شوێنێکی گەشتیاری گرنگ لە زاخۆ و دهۆک، ساڵانە گەشتیاری زۆر لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان و عێراق سەردانی دەکەن. لە كتێبی هەڵگری ١٠ هەزار سەربازی سەركردەی یۆنانی “زەینەفۆن” هاتووە كە لە ساڵی ٤٠١ ی پێش زایین لەگەڵ ١٠ هەزار سەرباز لە پردێكەوە تێپەڕیون و ئەو پردە كەوتۆتە نزیك شاری زاخۆ، بەڕای هەندێك مێژوونووسان ئەو پردەی زەینەفۆن و هاوڕێكانی بەسەریدا تێپەڕیون، پردی دەلال بووە، بەڵام بوچوونێکی تر هەیە کە شێوازی دروستکردنەکەی نزیکە لەهونەری ڕۆمانی و بیزەنتی. هەروەها پردەکە لە پێنچ بەشی کەوانەی پێک دێت کە ڕووباری خابوری بەژێردا دەڕوات، بەشێوەیەکی گشتی ئەم پردە لەبەردی تاشراو بەقەبارەی جۆراوجۆر، کەهەندێک لەبەردەکان کێشیان دەگاتە نزیکەی نیوتەن، بەشێوەیەکی ئەندازەیی زۆرپێشکەوتوو دروستکراوە، تاکووئێستاش بەرگەی سرووشتی گرتووە، ئەم پردە ئەفسانەیەکی هەیەو دەگێڕنەوە گوایە کچێک بەناوی دەلال لەپێناو نەکەوتن و نەڕووخانی کەوانە گەورەکە خۆی کردۆتە قوربانی.
دەشڵێت: چەند ڕووداوێک کە کاریگەری لەسەر پردەکە هەبووە ئەویش ئەوەیە کە لە ساڵی ١٨٣٣ لەکاتی داگیرکارییەکانی عوسمانییەکان بۆ سەر ناوچه کوردییەکان، پاشا میر محەمەدی ڕەواندزی بەشی سەرەوەی پردەکەی ڕووخاند تاکوو ڕێگری لە سوپای عوسمانییەکان بکات. لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و دوای داگیرکردنی زۆرێک لە ناوچەکانی عێراق لەلایەن هێزەکانی بەریتانیاوە، کاتێک بەریتانییەکان ویستیان زاخۆ داگیر بکەن ماددەی تی ئێن تییان لەسەر پردەکە دانا و ویستیان بە تەواوی خاپووری بکەن، بەڵام هێزە عوسمانییەکان ڕێگر بوون لە تەقاندنەوەی پردەکە، دوای شەڕ شوێنەوار و ماددەکان هەر لەسەر پردەکە مانەوە تاکوو لە ساڵی ١٩٥٥ شوێنەواری ماددەکان لێکرانەوە و نۆژەن کرایەوە. لە ساڵی ١٩٦٩ بەهۆی لافاوێکی بەهێزەوە بەشی باکووری پردەکە ڕووخا و زیانی پێگەیشت.
ئەو مێژووناسە باس لە شێوازی تەلارسازی پردەکە دەکات و دەڵێ: درێژی پردەکە ١١٤ مەترە و پانییەکەی ٤,٧٠ مەترە و بەرزییەکەی لەسەر ڕووباری خابوورەوە ١٥,٥٠ مەترە. لە ناوەڕاستەوە پردەکە ١٨ مەتر لەسەر ئاستی ئاوەکەوە بەرزە و پێنج کەوانە لە ناوەڕاستی پردەکە بوونیان هەیە و هەر کەوانەیەکیش بە ستوونێکی بەهێز پاڵپشتی کراوە، کەوانە و ستوونەکان لە کاتی لافاودا پارێزگارییان لە ڕووخانی پردەکە کردووە، هاوکات ڕێگرییان لە هەڵگیرسانی لافاو کردووە لە ناوچەکە. بە گشتی پردەکە لە چەند جۆرە بەردێکی ڕەقی قەبارە گەورەی مەیلەو ڕەنگی زەرد بنیاتنراوە، هەروەها چەند پێکهاتەیەکی تر لە دروستکردنی پردەکەدا هەیە وەکوو خۆڵ و کلس و ئاسن. بەشی سەرەوەی پردەکە بە بەرد ڕووپۆش کراوە، چونکە لە ڕابردوودا بۆ هاتوچۆی پیاده‌ی خه‌ڵك، ئه‌سپسواره‌كان و عاره‌بانه‌كان به‌كارهێندراوە.

ھەواڵی زیاتر