ڕاگەیەندراوێک له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان

ئەمڕۆ چوارشەممە 7/8/2024، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەیاننامەیەكی لەبارەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەكانی گوندی حەسەن شام بڵاو كردەوە و تیایدا هاتووە، له‌سەر فه‌رمانى مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، قۆناغى سێيه‌مى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كانى ده‌ڤه‌رى حه‌سه‌ن شام/ خازر جێبه‌جێده‌كرێت.

بە گوێرەی بەیاننامەكە، له‌م قۆناغه‌دا‌ (266) خێزان کە (107)یان له‌ كه‌مپه‌كانى ئاوارەکان لە هه‌رێمى كوردستان و‌ (159) له‌ ده‌ره‌وه‌ى كه‌مپه‌كان دەژین، به‌شێوه‌يه‌كى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان لە گوندى حه‌سه‌ن شام‌.

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: “ئەو خانەوادانە لە دوای هێرشەکانی گروپی تیرۆریستی داعش، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و چەندین ساڵە سەربەرزانە لە كەمپەكانی ئاوارەکان لە هەرێمی كوردستان و هەروەها له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى خانه‌خوێ ده‌ژين و حکوومەتی هەرێمی کوردستان به‌پێى توانا هه‌موو خزمه‌تگوزارى و پێداويستيیە سەرەکییەکانی ژیانیان بۆ فه‌راهه‌م كردبوو. بەهۆی ئەوەی گوندەکانیان لە ژێردەستی داعش ژێرخانی ئابورى داڕمابوو، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی ژیانکردنی لەناو چوو بوون، گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان پێویستی بە پاڵپشتی حکوومەتی ئیتیحادی و بڕیاری ئارەزوومەندانەی خۆیان هەبووە و هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، له ‌قۆناغى ڕابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکی بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی (271) خێزانى دیکەی ئاواره‌ى ده‌ڤه‌ره‌كه کردووە و بۆ زێدی خۆیان گه‌ڕاونه‌تەوه‌.

وەزارەتی ناوخۆ روونی دەكاتەوە، لە دوای گەڕانەوەی ئەو خێزانانە، جارێکی دیکە داوا له‌ دامه‌زراوه‌ ئيتحادييه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ هه‌نگاوى كردارى بۆ فه‌راهه‌م كردنى خزمه‌تگوزارييه‌ بنه‌ڕه‌تيیه‌كان بۆ سنووره‌كه ده‌ست پێبكه‌ن،‌ تا ئەوانەی گەڕاونەتەوە ژیانێکی شەرەفمەندانە بژین و بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە جارێکی دیکە ئاوارە نەبنەوە. هەروەها دابینکردنی ئەمنیەت و خزمەتگوزاری گشتی، زەمینە بۆ گەڕانەوەی زیاتری ئارەزوومەندانە خۆش دەکات.

“لەم سۆنگەیەوە جەخت لەوە دەکەین کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت له‌ پشتيوانيكردنى سياسه‌تى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ و سه‌ربه‌رزانەی هەموو ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.” لەبەیاننامەكەدا وا هاتووە.