هه‌ولێر.. به‌رده‌وامی قیرتاوكردنی كۆڵان و شه‌قامه‌كانی شار

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 7-8-2024 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، به‌ یاوه‌ری مه‌سعوود كاڕه‌ش جێگری پارێزگار و كارزان هادی سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ولێر، پڕۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كۆڵانێكی له‌ گه‌ڕه‌كی سێتاقانی شاری هه‌ولێر به‌سه‌ر كرده‌وه‌.
درێژی پڕۆژه‌كه‌ 580 مه‌تره‌ و هه‌ردوو شه‌قامی 30 مه‌تری و 60 مه‌تری شاری هه‌ولێر به‌یه‌كتر ده‌به‌ستێته‌وه‌، هه‌روه‌ها بریتییه‌ له‌ قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردنی شۆڵده‌ر و دووباره‌ دانانه‌وه‌ی كیربستۆن و به‌ستنه‌وه‌ی هاوبه‌شی ئاوی ماڵان، كه‌ گووژمه‌كه‌ی 130 ملیۆن دیناره‌.
له‌میانی به‌سه‌ركردنه‌وه‌كه‌دا، دانیشتوانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ ده‌ستخۆشیان له‌ پارێزگاری هه‌ولێر هه‌ولێر كرد، كه‌ به‌ زووترین كات داواكارییه‌كه‌یانی جێبه‌جێكرد و به‌ر له‌ واده‌ی دیاریكراویش پڕۆژه‌كه‌ ته‌واوكرا.
پارێزگاری هه‌ولێر له‌ میانه‌ی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه له‌ لێدوانێكدا‌ به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند، له‌سه‌ر داواكاری هاووڵاتییان و دانیشتوانی گه‌ڕه‌كی سێتاقان، ئه‌م كۆڵانه‌مان قیرتاو كرد، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئاسانكاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی له‌م ناوچه‌یه‌.
راشیگه‌یاند، هه‌موو ئه‌و كۆڵانه‌ هه‌ژارنشینانه‌ی كه‌ پێویستیان به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، نۆژه‌نیان ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ پشتبه‌ستن به‌ رێنمایی و راسپارده‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و كابینه‌ی نۆیه‌م، كه‌ جه‌خت له‌ خزمه‌تكردنی گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژارنشینه‌كان ده‌كاته‌وه‌.