هه‌ولێر.. له‌ رێگه‌ی پڕۆژه‌یه‌كه‌وه‌ رێژه‌ی دابینكردنی ئاوی پاكی ماڵان به‌رزده‌بێته‌وه‌

پارێزگاری هه‌ولێر له‌ نزیكه‌وه‌ پڕۆژه‌كه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه‌

ئەمڕۆ چوارشەممە 7-8-2024 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بەیاوەری مەسعوود کاڕەش جێگری پارێزگار و ڕابەر حوسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، پڕۆژەی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی ئاوی ئیفراز دوو و سێیی شاری هەولێری بەسەرکردەوە.
قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە بریتییە لە زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی ئاوی ئیفراز سێ بەنزیکەی 2000مەترسێجا ئاو لەکاتژمێرێکدا، پێکدێت لە گۆڕینی 283 مەتر درێژی بۆڕی فایبەرکلاس بۆ بۆڕی ئاسن بەتیرەی 1.5، وا دەکات پەمپی پێنجەمی پڕۆژەکە بکەوێتەکار، بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی ئاو بەبڕی 48000 مەترسێجا بۆ شاری هەولێر زیاددەکات.
قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە دانانی دوو سێت پەمپ و ماتۆڕ، کە توانای زیادکردنی هەریەکەیان 250 مەترسێجا ئاوه‌ و دەبێتە هۆی زیادبوونی نزیکەی 12000 مەترسێجا ئاو.
کۆی گشتیی گووژمەی پڕۆژەکە 705ملیۆن دینارە و لەسەر بوودجەی پارێزگای هەولێر پڕۆژەکە جێبەجێکراوە و کۆی گشتیی ئاوی زیادبوو بەهۆی ئەم پڕۆژەیە 60000 مەتر سێجایە و هاوتای لێدانی 100بیری ئاوە.
بە ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە گەڕەکەکانی دەوروبەری شەقامی 40مەتری (لەنەخۆشخانەی لەدایکبوون دەستپێدەکات تاکوو باڵەخانەی ڕۆژنامەی خەباتی کۆن، گەڕەکەکانی هەولێری نوێ، سێبەردان، زانکۆ، ڕۆشنبیری، فەرمانبەران، نەورۆز، کرێکاران، بەهاری کۆن و ناو بازنەی 60 مەتری) سوودی لێوەردەگرن.
له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، بۆ گۆڕینی ته‌واوی بۆڕییه‌كانی ئیفراز، له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانییه‌وه‌ بڕی 20 ملیار دینار ته‌رخانكرا،‌ ئه‌و شوێنانه‌ دیاریكران كه‌ به‌رده‌وام گرفتیان تێدا هه‌بوو، به‌ رێژه‌ی له‌سه‌دا هه‌شتا و بڕی چوار ملیار و 500 ملیۆن دینار گرفته‌كان چاره‌سه‌ر كران.
هه‌روه‌ها پارێزگاری هه‌ولێر راشیگه‌یاند، له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگای هه‌ولێر چه‌ند رۆژێكه‌ تیمه‌كانی ئاوی هه‌ولێر كار بۆ فراوانكردن و گۆڕینی به‌شێكی بۆڕییه‌كانی ئاوی ئیفراز سێ ده‌كه‌ن و كاره‌كانی ئه‌و پڕۆژه‌ ئه‌مڕۆ ته‌واو ده‌بن و رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئاو بۆ شاری هه‌ولێر زیاد ده‌بێت گرفتی به‌شێكی زۆری گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌ولێر چاره‌سه‌ر ده‌بن.