سەرپێچیی ئۆتۆمبێلەکانی ژمارەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێن و سزا دەدرێن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دەست بە جێبەجێکردنی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تۆمارکردن و سزادانی ئەو ئۆتۆمبێلانە کراوە کە ژمارەکەیان هیی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە و چاوەڕوان دەکرێ بڕیارەکە کاریگەری هەبێ لەسەر کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و ڕێکخستنی زیاتری ئەم کەرتە.

لە شەقامەکان هەبوونی کامێرای چاودێری و تیژڕەوی کاریگەرییەکی زۆری بۆ سەر کەمکردنەوەی سەرپێچییەکان و ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە سەرجەم شارەکانی کوردستان هەبووە و شوفێران لە ترسی سزا زیاتر لە جاران ڕێنماییەکانی هاتوچۆ جێبەجێ دەکەن و خەریکە ئەو ترسە بۆ کلتوری ڕێزگرتن لە یاساکانی هاتوچۆ دەگۆڕدرێت چونکە بە دانپێدانانی بەرپرسانی هاتوچۆ کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ هەبووە.
لە شەقامەکان چەند حاڵەتێکی سەرپێچی دەبینرێن کە پێشتر سەرپێچییەکانیان لە لایەن پۆلیسی هاتوچۆ تۆمار نەدەکرا و ئەگەریش تۆمار کرابا ئەوا ناچار نەدەکران لە چوارچێوەی سزاکەدا پێبژاردنیان پێ بکرێت. ڕەنگە ئەو دیمەنە لای زۆر لە شوفێران بینرابێت کە لە پڕ ئۆتۆمبێلێک بە خێراییەکی سەرووی خێرایی ڕێگەپێدراو لە شەقامێک تێپەڕیوە و حسابی بۆ کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی و ڕێنماییەکانی تری هاتوچۆ نەکردووە چونکە دڵنیا بووە لەوەی سزا نایگرێتەوە.
ئەو ئۆتۆمبێلانە بەسەر چەند بەشێکدا دابەش دەبن بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانە ژمارەکانیان بیانین و لە وڵاتانی ترەوە هاتونەتە هەرێمی کوردستان و ڕێگەی هاتنەژوورەوەیان پێ دراوە، بەشێکی تر لەو ئۆتۆمبێلانە ئەو ئۆتۆمبێلانە بوون کە لە پارێزگاکانی تری عێراق دەهاتنە هەرێمی کوردستان و ئۆتۆمبێل هەبووە لە زۆربەی کامێراکانی هاتوچۆ وێنەکەی تۆمار کراوە بەڵام سزاکەی لەسەر جێبەجێ نەکراوە و بە بێ سزا گەڕاوەتەوە ئەو پارێزگایەی لێیەوە هاتووە.
هەڵبەت بەشێکی تر ئەوئۆتۆمبێلانەن کە بێ ناونیشانن یان ساختەکاری لە تابلۆی ئۆتۆمبێەلکانیاندا کراوە لەسەرووی خێرایی ڕێگەپێدراو ڕۆیشتوون و کێشەیان ناوەتەوە و ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەش ئەگەر لای پۆلیسی هاتوچۆ بگیرێن ئەوا سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنرێت.
ماوەی چەند ڕۆژێکە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان ئەو ئۆتۆمبێلانەش سزا دەدەن کە لە دەرەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە و ڕێگەیان پێ نادەن بە کەیفی خۆیان یاسا و ڕێساکانی هەرێمی کوردستان پێشێل بکەن و بە بێ سزا بگەرێنەوە.
دوێنێ ئازاد تەها گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی دهۆك ڕایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەڵگری تابلۆی دەرەوەی كوردستانن و سەرپێچیی هاتوچۆ دەكەن، دەبێت لە كاتی گەڕانەوەیان لە خاڵە سنوورییەكان سزاكانیان پاكتاو بكەن.
بڕیارەکە لە ڕاستیدا بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەڵگری تابلۆی دەرەوەی هەرێمی كورستانن و سەرپێچی هاتوچۆ دەكەن، لە دوای یەكی ئابەوە دەبێت لە كاتی گەڕانەوەیان لە خاڵە سنوورییەكان سزاكانیان پاكتاو بكەن.
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک دەڵێت بڕیارەكە ئەو سزایانە ناگرێتەوە كە پێش یەكی ئاب تۆمار كراون بەڵام ئەوانەی لە دوای ئابەوە سەرپێچی دەکەن ئەوا سزا دەدرێن.
رۆژانە ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی ژمارە تابلۆی پارێزگاکانی عێراق بە ئامانجی گەشتیاری یان سەردان و هەر ئامانجێکی تر سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لە هەموو شوێنێکی دنیاش وایە بچیتە هەر وڵاتێک ناکرێ لە سزا و سەرپێچییەکان لێت خۆش بووبن بەڵکوو دەبێ هاوشێوەی دانیشتووانی ئەو شوێنە ڕێز لە ڕێسا و یاساکانی هاتوچۆ بگری. بە پێچەوانە لە هەرێمی کوردستانیشەوە ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل دەچنە پارێزگاکانی عێراق و ئەرکیانە ڕێز لە یاسا و ڕێساکانی هاتوچۆی عێراق بگرن.
ماوەی ڕابردوو موقەدەم محەممەد عەلی، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی هاتوچۆی گشتی عێراق ڕایگەیاندبوو هەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەیە بۆ سیستەمی هاتوچۆی یەکگرتوو. ئەو گوتبووی ئامادەکاری کراوە بۆ سیستەمی سزای یەکگرتوو، سیستمەکە بەشێوازێکە، ئەگەر ئۆتۆمبێلێک ژمارەی شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقی لەسەر بێت، لەشارێکی هەرێمی کوردستان سەرپێچی بکات ڕاستەوخۆ غەرامەکەی لێ وەردەگیرێت و بەهەمان شێوە ئەگەر ئۆتۆمبێلێکی ژمارە هەرێمی کوردستان لە شارەکانی عێراق سەرپێچی بکات ڕاستەوخۆ لەوێ غەرامەکەی لێ وەردەگیرێت.

ھەواڵی زیاتر