وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار گوژمه‌ی ملیارێك و 148 ملیۆن دینار بۆ 9 پرۆژه‌ی سلێمانی خه‌رج ده‌كات

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، له‌ چه‌ند فه‌رمانێكی وه‌زاری خۆیدا، ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر خه‌رجكردنی چه‌ند گوژمه‌یه‌ك ده‌دات، بۆ جێبه‌جێكردنی نۆ پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ بواره‌كانی دروستكردنی ئاوه‌ڕۆ و تۆڕی ئاو و شه‌قام و چاككردنه‌وه‌ی شه‌قام، له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی.
به‌گوێره‌ی فه‌رمانه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، ئه‌و گوژمانه‌ له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٥% و ١٧% و ١٠٠%ی داهاته‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاو و سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانییه‌ و بۆ ئه‌م پرۆژانه‌ی خواره‌وه‌ بڕیاری خه‌رجكردنیان دراوه‌:

-گوژمه‌ی ١٥،٥٢٤،٠٠٠ دینار، بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی له‌ سنووری شاره‌وانیی سیته‌ك.
-گوژمه‌ی ٦٩،٩٩٩،٠٠٠ دينار، بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی چاككردنی شه‌قامی سه‌ره‌كی له‌ سنووری شاره‌وانیی پێنجوێن.
-گوژمه‌ی ٤٢٩،٣٩٠،٠٠٠ دینار، بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی دروستكردنی تۆڕی ئاوی خواردنه‌وه‌ له‌ قه‌ره‌تۆغان، له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی سلێمانی.
-گوژمه‌ی ١٠،١٦٦،٠٠٠ دینار، بۆ دروستكردنی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی خاڵخاڵان، له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی.
-گوژمه‌ی ٥٩،٧٠٠،٠٠٠ دینار، بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی چاككردنی قیری خراپبووی شه‌قامی سه‌ره‌كی له‌ پێنجوێن، له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی پێنجوێن.
-گوژمه‌ی ٨٦،٢٤٦،٠٠٠ دینار، بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی ڕاكێشانی بۆڕیی ئاو له‌ گه‌ڕه‌كی كانی گۆمه‌، له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاوی سلێمانی.
-گوژمه‌ی ٢٩،٤٥٨،٠٠٠ دینار، بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی چاككردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌قیرانه‌ی كه‌ تێكچوونه‌ له‌ شه‌قامه‌كانی پیره‌مه‌گروون، له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی.
-گوژمه‌ی ١٥،٣٨٠،٠٠٠ دینار، بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئاوه‌ڕۆ له‌ گه‌ڕه‌كی به‌ری ماڵان له‌ قه‌زای چوارتا، له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی.
-گوژمه‌ی ٤٣٢،٤٧٩،٠٠٠ دینار، بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی دروستكردنی ئاوه‌ڕۆی گوندی بابان، له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی سلێمانی.