ئەمەریکا ژمارەیەک چەکی قورسی ڕادەستی هێزی پێشمەرگە کرد

وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەت و سوپای ئەمەریکا وەک بەردەوامی لە هاوکاریی و پشتیوانییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە، ئەمڕۆ ژمارەیەک چەکی قورسی ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی ئابی 2024، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەگەی کوردستان، کە لەلایەن حکوومەت و سوپای ئەمەریکاوە وەک بەردەوامی لە هاوکاریی و پشتیوانییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە، بەردەوامن لە هاوکاریی و پشتیوانی.

 ئەو وەزیرە دەڵێت: ئەمڕۆش کۆمەڵێک چەک، کە پێکهاتوون لە تۆپی قورس، ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت، کە بە دڵنیاییەوە توانا سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و پێشمەرگەی کوردستان، دەگەیەنێتە ئاستێکی بەرزتر، هیوادارین لەم جۆرە چەک و هاوکارییانە بەردەوام بێت، بەتایبەتی لەم قۆناغەی ئێستە کە شەڕی تەکنەلۆجیایی سەربازییە.

وەزیری پێشمەرگە گوتیشی: هێزی پێشمەرگەی کوردستان چاوی لەوەیە ببێتە خاوەنی ئەو چەکە بە تەکنەلۆجیا پێشکەوتووانە، ئەویش بە پشتیوانی و هاوکاریی بەردەوامی هاوپەیمانان، لەسەرو هەمووشیانەوە ئەمەریکا.

ئاماژەی بەوەش دا “حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە و تەواوی فەرماندەکانی کوردستان،  سوپاسی زۆری حکوومەت و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەکەین، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و حکوومەتی ئەمریکا ڕۆڵی بەرچاوییان هەبووە لە هاوکاریی کردنی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە”.

شۆڕش ئیسماعیل ڕاشیگەیاند، سوپاسی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سوپا سالاری عێراق دەکەین، کە هەوڵی زۆریان دا و ئاسانکاریی زۆریان کرد، تاکو ئەم چەکانە بگاتە هێزی پێشمەرگە، ئەوەش دڵنیاکەرەوەیەکی دەستوورییە، کە هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکن لە سیستەمی بەرگریی لە خاکی عێراق و دڵنیاییەکیشە بۆ هێزی پێشمەرگەی، کە حکوومەتی فیدراڵ هاوشانی سوپای عێراق هاوکاری پێشمەرگە دەکات.

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکاری سەربازی هاوپەیمانان و کونسوڵی ئەمەریکا چەکی قورس ڕادەستی هێزەکانی پێشمەرگە دەکرا و هەر ئەمڕۆش ئەو چەکانە ڕادەستی هەردوو هێزی پشتیوانی یەک و دووی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت.