عەبدوڵا وەرتێ، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان:بەهۆی ململانێكانی پەكەكەوە چەندین ساڵە دۆخی ناوچە سنوریەكانی هەرێم لەوپەڕی خراپیدایە

عەبدوڵا وەرتێ، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، لەم چاوپێكەوتنەیدا بۆ “هەولێر” دەڵێت:” پەكەكە پێویستە بارودۆخی سیاسی و ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرێت و نەبێتە سەرئێشە بۆ هەرێمی كوردستان. دەشڵێت” گۆڕەپانی خەباتی چەكداری و سیاسی ئەوان دیارە لەكوێیە و لەباكوری كوردستانە”

  • ئامادەکاریتان بۆ هەڵبژاردن تەواو بووە؟
  • لەهەرسێ بازنەی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە، تەواوی ئۆرگانەكانمان ڕاسپاردووە لەژێر ڕاسپاردەی ڕابەری گشتی و مەكتەبی سیاسی و دەزگای هەڵبژاردن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەشداریمان لە هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا.
  • گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەمجارە لەچیدا دەبینن؟
  • هەڵبژادنی ئەمجارەی پەرلەمانی كودستان گرنگی خۆی هەیە لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان لە فەراغێكی دەستوری و یاسایی دایە و دادگای فیدڕاڵی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندۆتەوە قەوارەی سیاسی هەرێمی كودستان كەوتۆتە ژێر چاودێری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. دۆستەكانی گەلی كورد ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بە پێویستیەكی مێژوویی و سیاسی و ئیستایی دەزانن، ئەم هەڵبژاردنە لێكەوتەی سیاسی و یاسایی و كۆمەڵایەتی و ئابوری بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
  • لەم هەڵبژاردنە پێشبینیتان بۆ جۆش و خرۆشی خەڵک بۆ هەڵبژاردنەکە چۆنە؟
  • بەشداری هاووڵاتیان بۆ دەنگدان و هەڵبژاردن ئاماژەی زیندویەتی و پەرۆشی گەلی كوردستانە بۆ داهاتووی وڵاتەكەیان، بۆیە داوادەكەین بەپەڕۆشەوە دەنگ بدەن و بەشداربن پێموایە لەداهاتوودا بەپەڕۆشیەوە دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بەشداردەبن.
  • پەکەکە بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە؟
  • دەبێت هەموومان بپرسین بۆچی هەست بە بەرپرسیارتی ناكەن؟ پێویستە پەکەکە ڕەچاوی بارودۆخی ناوخۆیی و سیاسی هەرێمی كوردستان بكەن نەبنە سەرئێشە و گرفت و گۆڕەپانی خەباتی ئەوان دیارە لەكوێیە چەندین ساڵە ناوچە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان لەدۆخێكی خراپدایە بەهۆی گواستنەوەی ململانێكانیان بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان، پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان ئەركێكی نیشتمانی و ئەخلاقی و ئاینییە، بۆیە پێویستە هەموولایەنەكان لەوبارەیەوە یەك دەنگ بن.
  • هۆکاری نەمانی ئینتیمای نەتەوەیی لای گەنجان بۆچی دەگەڕێننەوە؟
  • پێویستە گەنجان بە پرۆژە و خزمەتگوزاری و دابین کردنی هەلی کار و دامەزراندنیان ئاشت بکرێنەوە و هەموو جیاوازییەکی حزبی و سیاسی لاببرێت چونکە ئەگەر گەنجانمان ئینتیمایان بۆ هەرێمی كوردستان نەبێت سەروەریەكانمان دەكەوێتە مەترسیەوە.
  • كێن ئەوانەی دەیانەوێت خەڵكی كوردستان وڵاتەكەیان خۆشنەوێت؟
  • ئەوانەی نەیارانی گەلی كوردن، بەدرێژایی مێژوو هەوڵیانداوە و بەردەوامیش پیلان دەگێڕن بۆ ئەوەی كۆمەڵگاكەمان بەدەردێك بەردن ئینتیمایان بۆ وڵاتەكەیان نەبێت و یەكڕیزی سیاسی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و میدیایی لەبەریەك هەڵوەشێنن بۆ ئەمەش پێویستمان بە خەبات و تێكۆشان دەبێت.